پرۆگرامی پەروەردە

دابینكردنی پەروەردەیەكی یەكسان و باش بۆ هەر منداڵێك تەنیا یەكێك لە بنەماكانی مافی مروڤە نییە، بەڵكو بەڵگەی زانستی بەهێز هەیە كە پەروەردەیەكی یەكسان و باش و گشتگیر مەرجی سەرەكی دروستكردنی سەرمایەی مرۆییە، كە ئەمەش مەرجی سەرەكییە بۆ گەشەی ئابوری، كۆمەڵایەتی، سیاسی و سەقامگیری هەر وڵاتێك.

بۆیە ئێمەش وەکو هەر وڵاتێکی تر بۆ بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگاکەمان پێویستیمان بە سیستەمێکی پەروەردەیی گونجاوهەیە. سیستەمێک کە بتوانێت قوتابیان لە ڕووی ئەکادیمی، کۆمەڵایەتی و مەعنەوەی بەهێزبکات. بۆیە فێرکاران و سیاسەتدارێژەرانی بواری پەروەردە لە ناو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، پێویستە زانستیانە پلانی نوێ دابڕێژن بۆ ئەوەی سیستەمی پەروەردە لە کوردستان بەرەو پێش بڕوات.

 بۆ ئەم مەبەستە، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەنیستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان – کوردستان ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیە  لە بوارە جیاکانی سیستێمی پەروەردەی هەرێم. بەڵام  بە داخەوە، ئەو فکر و زانیاریانەی کە لە توێژینەوەکان بە دەست دەهێنرێت زۆر بە دەگمەن دەخرێنە بواری جێبەجێکردن کە هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی پەیوەندی نێوان توێژەران و بڕیاردەرەکان. بۆیە یەکێک لە هەوڵ و ئامانجەکانی تری ئێمە ئەوە دەبێت کە ئەو دوو جیهانەی کە زۆربەی کات لە یەک دابڕاون، بە یەکەوە ببەستین.