گەشەی کەرتی تایبەت لە ئابووریی کوردستاندا و هەڵەکانمان

گەشەی کەرتی تایبەت لە ئابووریی کوردستاندا و هەڵەکانمان


حوسێن کوردنەژاد , , ئابوری و دارایی



لە بازاڕ و ئابووریی کوردستاندا کە باس دەگاتە سەر هێزی کار  ناهاوسەنگی بەرچاو هەیە لە نێوان  خواست و خستنەڕوودا. ئەم ڕاستییە بناغەی گرفتی ئابووریی کوردستانە.

لە ئابووریی بازاڕدا ئەولایەنە کە دەبێ ئەم ناوهەسەنگییە چارەسەر بکات کەرتی تایبەتە، وەک هێزێکی مێژوویی و دینامیک کە دەبێ بەو ئەرکە هەڵبستێت.

ئەو کەرتی تایبەتە، پێناسەی خۆی هەیە. دینامیکە، داهێنەرە، کاری تازە دەکات، لە بازارێکی پڕ لە رەکەبەرایەتیدا کار دەکات و پەیڕەوی یاساکانی وڵات دەکات و هتد.

تێگەیشتنێکی هەڵە لە ناو دەستەبژێری سیاسی و ئیداریدا هەیە، کە ئەوەش بریتییە لەوەی : گواستنەوەی ئەرک و مڵک و توانای دارایی حکومەت بۆ کۆمپانیایەکی بازار  بە واتای بە هێزکردنی کەرتی تایبەت و بە تایبەتکردنی ئابووریی دێت. ئەم بۆچوونە بە تەواوی هەڵە و زیانبەخشە.

خزمەتگوزاری، کە حکوومەت دەبێ دابینی بکات دەبێ بە چاودێری و پارە و تێچوونی حکوومەت ئەنجامبدرێت، ئەگەر بێت و بیدەینە کۆمپانیایەکی تایبەت  ئایا ئەوە بەو مانایە دێت ئابووریمان کردۆتە ئابووریی بازاڕی ئازاد؟

ئەگەر کۆمپانیایەک بتوانێ بە گوێرەی مەرجەکانی بازاڕ خزمەتگوزارییەک دابینبکات و داهاتی خۆی لە فرۆشتنی ئەو خزمەتگوزارییە لە بازاردا ببینێتەوە، ئەو کۆمپانیایە وەک کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت هەژمار دەکرێت یان نا؟

کۆمپانیایەک نابێتە کۆمپانیای کەرتی تایبەت ئەگەر خزمەتگوزارییەک  لە سەر بنەمای گرێبەست لەگەڵ حکوومەتدا دابین بکات. ئەو گرێبەستەش ڕۆڵی سەرەکی هەبێ لەو چالاکییەدا و سەرچاوەی سەرەکی بەردەستی کارکردنی ئەو کۆمپانیایە بێت.

ئابووریی بازاری ئازاد بۆیە ئەو ناوەی هەیە کە دەبێ ئازاد بێت بە واتای  بوونی ڕکەبەرایەتی، بۆ پێشکەشکردنی باشترین کاڵا تاکو خەڵک ئامادەبن پارەی بدەنێ. ئازادبوونی بازاڕ لەوەدا نیە کە کامە کۆمپانیا دەتوانێ گرێبەست لەگەڵ حکومەت ئیمزا بکات.

لە حاڵەتی بە پێچەوانە تێگەیشتن لە ئابووریی بازاری ئازاد، ماڵ و موڵکی حکومەت  هەرزانفرۆش دەکرێت. چالاکییە ئابوورییەکە  ناتەواو و کاتی دەبێت، پێش لە کێبەرکێ و داهێنان دەگیرێت و رێگایکی ئاسان دەکرێتەوە بۆ کەڵکوەرگرتنی نابەجێ  و مشەخۆری و تاڵانی ماڵی گشتی و پێشنەکەوتنی ئابوورییش دەبێتە ئەنجامی هەڵەکان.

دەبێ وا بێ کە ئەگەر کۆمپانیایەکی تایبەت کە خوازیارە کار بکات، بتوانێ کاڵایەک پێشکەشبکات یان خزمەتگوزارییەک پێشکەش بکات کە دڵنیا بێ کە کڕیاری دەبێت و قازانجی لێدەکات، دەنا بەستنی گرێبەست لەگەڵ حکومەتدا نابیتە هۆی داهێنان و کارکردن لە بازاڕی پڕ لە رەکەبەرایەتیدا، کە مەرجی سەرەکی هەبوونی ئابووریی بازاڕی ئازادە.

لە ئێستای کوردستاندا کۆمپانیا یان دەتوانێ کاڵا و خزمەتگوزاری کە خواستی لەسەرە پێشکەش بکات یان نابێ بوونی هەبێ.

 حکوومەتیش ئەو ئەرکانەی کە خستوویەتە سەر شانی خۆی نابێ بە نووسینی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای تایبەتدا لە کۆڵ خۆی بکاتەوە  و سامانی گشتی بەفیڕۆبدات، ئەگەر سامانی گشتی وا بەهەدەر بدرێت نابێتە بە تایبەتکردنی ئابووری.

بۆیە حکومەت بە ڕێگای کۆمپانیای سەر بە خودی خۆیەوە دەبێ کارەکانی ڕێکبخات  و ئەگەریش لە خاڵێکدا پێویستی هەبوو دەکرێ لەگەڵ کۆمپانیایەکی تایبەتدا هاوبەش بێت.

 یەکێک لە ڕێگاکانی بەتایبەتکردنی ئابووری ئەوەیە کە حکومەت کۆمپانیای خۆی دابمەزرێنێ و گەشەیان پێبدات و لەڕێگای ئەو کۆمپانیایانەوە هاوبەشی بکات لەگەڵ کۆمپانیای تایبەتدا. لە درێژخایەنیشدا  حکومەت دەتوانێ  ئەو کۆمپانیایە و پشکەکانی بخاتە بەردەم بازاڕەوە بۆ بە تایبەتکردن. لە پرۆسەی پراکتیزەکردنێکی لەم جۆرەدا سامانی گشتی لەناوناچێت و زیاددەکات و بازاڕ  و کەرتی تایبەتیش بە هێزتر دەبن و پێداویستی گشتیش دابیندەکرێت.