نەخشەی جیاوازی تورکیا چەندە یەکانگیرێن؟

نەخشەی جیاوازی تورکیا چەندە یەکانگیرێن؟


حوسێن کوردنەژاد , , سیاسەت وفەرهەنگ



دەورانی بێ هاوتایی تورکیا لەم ناوچەیەدا بۆ ئامریکا و ناتۆ بە سەر هاتووە ، زۆرێک لە چاودێران وا دەلێن،بەلام داخوا ئەم گۆتەیە چەندە راستە و لە کامە رووەوە راستە؟

کۆتایی شەری سارد و رووخانی سیستمی چەقبەستووی لیبرالی دوای شەری جیهانی دووهەم لە ناوچەی ئێمەدا دەرگای بۆ هەموو جۆرە گۆرانکارییەکی ئەساسی کردوتەوە،بە تایبەت بە نیسبەت ئەوانەی هێزیان هەیە.

بۆچوونی رئیالیستی نیئۆلیبرالەکان  لە دژایەتی لە گەل بۆچوونی لیبرالیی سەردەستی جاران ئێستا بە تەنیا خۆی لە چوار چیوەی هەلس و کەوت لەگەل دەولەتانی ,نەتەوەیی، ناوچەدا قەتیس ناکەن، بەلکوو لەئاستی خوارەوەی دەولەتان و لە ئاستی سەرەوەی دەولەتاندا دانۆستاندن دەکەن،هەر ئەمەش بۆتە دەروازەی نۆی سیاسەت کردن و بەدی هاتنی مەجالی تازە بۆ زڵ هێزان.

ئەوەی کە کۆنەپەرەستانی دەستەلاتداری ناوچەی ئێمە لێی بێ ئاگان هەر ئەم خالەیە کە پێیان وایە کە هەر وەک جاران دەتوانن بەردەوام بن لە سەر ئینکاری ماف و بوونی پێکهاتەکانی خوارەوەی دەولەتی نەتەوەیی خۆیاندا.

نەخشە و خەریتەی ولاتان یەک نین بەلکوو لە چەندین نەخشە و خەریتەوە پێک دێن کە کەوتوونەتە سەر یەک و تەواوییەتێکیان پێک هێناوە، وەک نەخشەی فەرهەنگی،نەخشەی ناو پێشکی دانیشتوان، نەخشەی فیزیکی و سروشتی و نەخشەی سیاسی و نەخشەی ئابووریی.

بەیەک گەیاندنی ئەم نەخشانە و پتەو کردنی گشتی ئەمانە ئەو پرۆسەیە پێک دێنن کە میللەتێک پتەو دەبێت یان لە یەک دەترازێتەوە، ئەم کارەش ئەرکی سیاسەتە. بۆ نموونە سیاسەتی رزگاریی نەتەوەیی نەخشەی ناو مێشکی دانیشتوان لەگەل نەخشەی سروشتی و سیاسی دەگەێنێتە یەک و ئەو جۆگرافیای دەکاتە خاوەن سەروەریی.

هەر وا کە ئەم نەخشانە دەتوانن بە یەک بگەن هەر بەم جۆرەش ئەم نەخشانە دەتوانن لەیەک دوور کەونەوە، ئەوەی کە لە ولاتانی ناسەرکەوتووی وەک سوریا و عێراقدا روویان داوە، قەیرانی پێکهاتەیی ولاتێکی وەک ئێران لە ئالۆزیی پێوەندییەکانی ئەم نەخشانە دا دەتوانین ببینین.

بۆ لێکۆلینەوە و تێگەیشتن لە بار و دۆخی تورکیا لە ئێستا و لە ماوەی مامناوەند ودرێژخایەن دا دەتوانین کەلک لەم شێوە بیرکردنەوەیە وەرگرین.

لە دەورانی کۆندا پاراستنی سەروەریی یەکەی جوگرافیای سیاسی تورکیا مەرجێکی سەرەکی بووە لە پاراستنی بەرژەونەدییەکانی رۆژئاوا و ناتۆدا ، ئێستا کە ناتۆ لە پرۆسەی شەری داعەشدا رووبەری جوگرافیایی بە دەستی خۆی دەخات و سەروەریی ئەم یەکە سیاسییانەی ناوچەش رێگر نین، گرینگی جارانی یەکەی سیاسی جوگرافیایی تورکیا لاواز تر بووە و بەرو لاوزتر بوونیش دەروات.ئئەم خالە نەخشەی یەکانگیریی سیاسی تورکیای دەخاتە مەترسییەوە.

لە بەرانبەردا گرینگی تورکیای وەک خالێکی بەرجەستەی سیستم و شەبەکەی دابین کردن و دابەشکردن و گەیاندنی ووزە رۆژ لە دوای رۆژ زیاد تر دەکات ،  ئەم پێگەیە دەبێ ناوەندی سیستمێک بێت لە چووار چێوەی شەبەکەیەکدا، ئەم شەبەکەیە نەخشەیەکی ئابووریی تازە و جێگیر دەخوازێت، ئەم ئاسۆی ئابوورییە پێویستی بە سنووری ئێستای جوگرافیای سیاسی تورکیا ناکات و ئەم جوگرافیا دیاریکراوە و سەروەرییەکەی رێگرە . بۆیە تورکیا لە درێژخایەندا دابەش دەبێت تاکوو شەبەکە وەکار کەوێت. لە ماوەی دوو سالی رابردوودا تورکیا هەنگاوی گەورەی هەلێناوە لە پرۆسەی لاواز کردنی یەکەتی جوگرافیایی و سیاسی خۆیدا، و لە یەک دوور خستنەوەی نەخشەی سیاسی و ئابووریی داهاتووی تورکیادا. گرینگ ئەوەیە کە بزووتنەوەی کوردیی بیر لە  لەیەک نزیک کردنەوەی نەخشەکانی خۆی بکات، نەخشەی سیاسی، فەرهەنگی و ئابووریی خۆی بە رێگای سیاسەتەوە لە یەک نزیک بکات . بۆیە تورکیا و کاربەدەستانی ئەمەی دەزانن و هەر بۆیەشە کە مەجبوورن دیسان بە تایبەت لە دوای ریفراندوم روو لە کورد بکەن بەلام ئەمجارە کورد دەبێ لە سەر بنەمای یەکخستنەوەی ستراتێژیکی نەخشەکانی خۆی لەگەل کاربەدەستانی تورک هەلس و کەوت بکات . بۆیە ریفۆرمی جیددی لە دیسکۆرسی ئێستای سیاسەتی کوردیی لە باکووردا بۆ ئەم مەبەستە پێویستە، نابێ سیاسەتی ئێمە ناوەرۆکەکەی بریتی بێ لەمە کە ئەو هەموو نەخشەیەی ژیانی کوردیی لە یەک بلاو کاتەوە و هێندەی تر دنیای کوردیی ئالۆز و مارجینال بکاتەوە.