کورد رێگای وشکانی لە تورکیادا گرتووە

کورد رێگای وشکانی لە تورکیادا گرتووە


حوسێن کوردنەژاد , , سیاسەت



 

مەبەست لە هێزی ژیۆپۆلیتیک بریتییە لە فراوانکردنەوەی  پانتایی نفوز و کارتێکەریی وڵاتان،  هەموو وڵاتانی جیهان بۆ ئەم مەبەستە تێدەکۆشن.

ئەم نفوزە لە دنیای مۆدێرندا یان بە رێگای هەژموونی سیستەم و بەهاکانەوە بووە یان لە ڕێگای هێزی نیزامی ڕووتەوە. تورکیا پۆتانسیەلی گەورەی هەیە کە ببێتە وڵاتێکی کاریگەر. بە تایبەت پێگەی جوگرافیی تورکیا ئەو بوارە بۆ تورکیا دەرەخسێنێت کە بتوانێ ببێتە ناوەندێکی بەهێز  بە تایبەت لە رووی پرسی وزەوە.

بەڵام  بۆ وەدیهێنانی خەونەکانی ژیۆپۆلیتیک دەبێ سیستەمی ناوخۆیی پتەو بێت، دەنا لە پەلهاویشتن بۆ دەرەوەی وڵات ئەگەری هەیە ملی خۆی بشکێنێ.

با چاو لە ناوخۆی تورکیا بکەین، حیزبێک بە پێگەیەکی ٤٠ لە سەدی دەنگەکانی دەنگدەرانەوە  ئەوەی دژیەتی سەرکووتی دەکات، ئیدۆلۆژییەکی ئیسلامی پەیڕەو دەکات لە وڵاتێکدا کە ڕەنگە سێکۆلارترین وڵات بووبێت لە رۆژهەلاتی ناوەراست و باکووری ئافریقادا. نزیکەی ٢٠ لە سەدی دانیشتوانی کوردن و سیاسەتی جینۆساید بەرانبەر کوردەکانی خۆی پەیڕەو دەکات. کوالیتی و ئاستی خۆێندەواریی هێزی کاری بە شێوەی مامناوەند هەتا پۆلی  نۆیە.

حیزبێک کە یەک لە پێگە بنەڕەتییەکانی بۆ هاتنە سەردەستەلات، بزووتنەوەی گولەن بووە و ئێستا ئەو لاقەی خۆی بە مشارێکی کاریگەرەوە بریوە و پارەی گشتی بۆ کەسانی دەستەلاتدار بۆتە بەشێکی ستراکچرال و بریاردەر  لە سەر سیاسەتی ئابووری و بازاری تورکیا. لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا سەرچاوەیەکی ئابووریی گەورەی وەک گەشتیاری گەیاندۆتە ئاستی هەرە نزمی خۆیەوە.

ئەم حکوومەت و سیستمە ئێستا خوازیارە کە پەلهاوێژی بۆ دەرەوەی وڵاتی خۆی بکات بە تایبەت کە ئێستا باسی رۆژهەلاتی ناوەراست و باکووری ئافریقا دەکەین، رێگای وشکانی ئەم وڵاتە  بە کوردەوە گیراوە .

ئێستا یان سیاسەتی نفوزی نەرم پەیرەوە دەکات بۆ ئەم پەلهاویشتنە یان ڕێگای نیزامی دەگرێتە بەر، دیارە کە تورکیا و سەرۆکەکەی رێگای نیزامییان هەڵبژاردووە. ئەوەی دژی ئەم پەلهاویشتنەی تورکیایە، ڕکابەری کۆنی تورکیایە کە ئێرانە،  هەر چەند لە سەر دژبەریی کورد هاوئاهەنگن بەڵام لە پرسەکانی تردا دژبەرن.

ئەگەر تورکیا لەبەر پێگەی جوگرافیی خۆی بۆ زۆرێک لە وڵاتان  و ئابوورییەکانی دنیا گرنگە بەڵام لە ڕووی هەبوونی هاوپەیامانەوە کە مەرجە بۆ سەرکەوتووبوونی وڵاتان بۆ بە هێزکردنی پێگەی خۆیان، لە خراپترین بارودۆخدایە.

تورکیا دیسکۆرس (گوتار) ێکی سیاسی و ئیدۆلۆژیکی هەڵبژاردووە کە تێکەڵاوێکە لە ئیسلامی سیاسی (داعش و ئیخوان و .....) و ئەوەشی کردووە بە هاوپەیمانی نەژادپەرەستی تورکی، ئەم دیسکۆرسە لە ناوچەکەدا و لە سیاسەتی نێونەتەوییشدا مەحکووم بە شکان و پاشەکشەیە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دژبەر و نەیار بۆ خۆی دەبینێتەوە و زیاد دەکات. بۆیە ئەستەمە ئەگەر هیوای تورکیا ئەمە بێت کە دەتوانێ چل ملیۆن کورد لەم سەردەمەدا  پاسیڤیزە (پەراوێز) بخەن.

دەبێ بگوترێ کە ئەگەر ئەم نیییەتە ئەگەر مەحال نەبێ  نزیک  لە مەحالە. جگە لە مە  فاکتۆرێکی گرنگی تر ئەوەیە کە وڵاتانی عەرەبی ناوچەش دژی ئەم پەلهاویشتنەن . کە وابوو شانسی سەرکەوتنی ئەم ستراتێژییەمان لێ دیار دەبێ، بەو واتایە کە سەرکەوتوو نابێ،  بەڵام لە پرۆسەی هەوڵەکانی خۆیدا وێرانی و دژبەرییەکی زۆر لە ناوچەدا دروستدەکات. ئەمە ئاکامی قبوولنەکردنی مۆدێرنێتەیە لە ناو وڵاتی خۆتدا. ئاکام،  یان سەرۆکی وڵات سەری وڵات دەخوات و تووشی گرفتی گەورە و شەڕی ناوچەیی دەکات  یان وڵات سەری سەرۆکی وڵات دەخوات. تورکیا و سەرۆکەکەی بەم جۆرە چارەنووسی یەکتر دیاریدەکەن.