کێـــــشەی زمان لە کوردستــــــــان


سەرۆ قادر , , پرسە کۆمەڵایەتییەکان



سەرۆ قادر

زمان نەک هەر میللەتان و کۆمەڵگاکان دروست دەکات بەڵکو خالقی یەکەمی مرۆڤایەتیشە. خۆئەگەر نەژادی یەکەمی مرۆڤ، بۆ مانەوەی خۆی مانای بە دەنگەکان نەدابایە و چەندین ئەندامی جەستەی خۆی بۆ تەرخان نەکردبا، دواجاریش زمانی دروست نەکردبا نەیدەتوانی خۆی لەگەڵ سروشت بگونجێنێ و سەرەنجام قڕ دەبوو. کەواتە ئەوە زمانە توانای مانەوە و ناسین و زانین و خۆناسینی بە بنیادەم داوە.

هەروەها زمانە توانایی کۆکردنەوە و شیکردنەوەی زانیاری بە مرۆڤ دەدات و بیرکردنەوەی بۆ دەڕەخسێنێ. لە ستراکتۆری زمانەوە کەرستەی کولتوور فەراهەم دەبێ و تایبەتمەندییەکانی هەر کۆمەڵگایەک سەرهەڵدەدات. ستراکتۆری زمان لەلای بەشەرییەت یەک شێوەیە بۆیە سەرەڕای جیاوازی لە مانای دەنگەکان و چۆنیەتی دەربڕینی دەنگێکی تایبەت، رێزمان لە هەموو زمانەکاندا هەیە و هەموو رێزمانەکانیش لێكدی دەچن.

نەهێنی لێکحاڵیبوون و فەهمی هاوبەشی مرۆڤایەتی و خشتی هاوبەشی کولتووری کە دەکرێ پێی بگووترێ کولتووری مرۆڤایەتی، ئا لەو تایبەتمەندییانەی زمانەوە دێت. ئەوەش زانستێکی روو لە پێشکەوتندایە و پەخشان و نووسینی ئەدەبی و روانگای شەخسی نیە. هەر بۆیە هەموو وشەیەک مێژوویەکی لە دروستبووندا هەیە و زەروورەتێک هێناویەتەدی. ئەوە هەقیقەتی زیندوێتی زمان دەردەخات کە بوونەوەرێکی زیندووە و پەرە دەستێنێ و دۆڵەمەند دەبێ و لەوانەیە بشمرێ.

زیندووێتی زمان کارێکی وایکردووە لەسەر کەتەلۆگ دروست ناکرێ و کۆپیش نابێ. تەنانەت چەمک و وشەی نوێ ئەگەر لەناو پڕۆسەی گەشەسەندنی خودی زمانەکەدا نەبێت و زەروورەتی ژیان داوای نەکات، سەرناگرن. هەر وشە و چەمکێک مێژووی دروست بوون و دۆڵەمەند بوونی خۆی هەیە و بە هیچ کلۆجێک ناکرێ هەر بە حەز یان بڕیار مانای لێزیاد بکرێ و باری زانیاری قەبەتر بکرێ.

ئەگەر کارێکی لەو بابەتە پێویست بێ، ئەوە جاران سیستەمی پەتی ناو کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ناخوداگا دروستی دەکرد. لەم رۆژگاری زانستیدا ناوەندە زانستییە دەستەڵاتدارەکان بە میتۆدی شیاو و لەبەرچاوگرتنی خسوسییەتی زمانەکە، رێی زیادبوونی وشە یان وەرگرتن و دروستکردنی چەمک یاخود دۆڵەمەند کردنی باری زانیاری وشە دەدۆزنەوە و بڕیاری لەسەردەدەن.

دەبێ دەوڵەتێک هەبێت کە دەسەڵاتی زانستی ناوەندە ئاکادیمییەکان دابین بکات و بڕیاری زمانەوانییان راپەڕێنێ. لە هەردوو حاڵەتی گەشەسەندنی پەتی و زانستیدا، وەختێک وەرگرتن و زیادکردن سەردەگرێ کە بنەماکانی زمانەوانی لەبەرچاو گیرابن و ئاسایی بوونی پەرەسەندنەکە رەچاو کرابێ.

ئەو زمانانەی خاوەنی دەستەڵاتداریان نیە، خۆ هەر دەگۆڕێن بەڵام لەوانەیە گۆڕانەکە بەرەو توانەوە لە زمانێکی دیکەدا بێت یان هەر وردە وردە زمانەکە برستی لێ ببڕێ و کوێربیتەوە. لە مێژوودا زۆر زمان مردوون و ئاساریان کوێربۆتەوە. زمانی بێخاوەن چارەنووسی مردنە. ئەوە تەجرەبەی بەشەرییەتە.

لەم رۆژگارەدا دەرفەتی پەرەسەندنی پەتییانەی زمان نەماوە و کۆمەڵگاکان هێندە لێکدی نزیک کەوتوونەتەوە کە زۆر بە ئاسانی کار لێکدی دەکەن و لە پێشەوە لە رێی زمانەوە روو لە یەکدی دەنێن و بێائاگایانە دەکەونە ژێر کاریگەری یەکدی.

مەبەستم لە بێئاگایی زاڵبوونی زمانی دۆڵەمەند و لە ژیان بەکارهاتووە کە زمانەکانی دیکە دەخاتە ژێر رکێفی خۆی و وشە و چەمکیان بۆ دەنێرێ و لە نیهایەتدا ئەگەر ئەوانەی بەرانبەری توانای بەردەوامییان نەبێ ئەوە دەتوێنەوە.

دەکرێ نموونەی زمانەکانی ئینگلیزی و فەڕەنسی و ئیسپانی و پۆتوگالی لەسەر ژمارەیەکی زۆری مستەعمەرەکانی لەبەرچاو بگرین. ئەو زمانە ئەمەریکایی و ئەفەریقاییانەی زۆر سەرەتایی بوون توانەوە، بەڵام ئەو زمانانەی توانایی مانیان هەبوو سەرباری کاروەرگرتن لە زمانەکانی سەروو بەڵام مانەوە.

وەک زمانی هیندی و پشتوو و عەرەبی. ئەو زمانانە وەک زمانی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی مانەوە بەڵام نەبوونە زمانی زانستی ئەو کۆمەڵگایانەی جاران مستەعمەرە بوون. ئەو میللەتانەی زمانی خۆیان وەک ناسنامە و زمانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی پاراست و زمانی فەڕەنسی یان ئینگلیزیشیان وەک زمانی رەسمی بۆ خوێندن وەرگرت، تووشی هیچ گرفتێک نەبوون و زۆر بە ئاسانی لەگەڵ کەڵک وەرگرتن لە زمانێکی دۆڵەمەندی بیانی، زمانی نەتەوەیی خۆشیان پاراست و پیشیانخست.

لەو مامەڵەیەدا نەک زەرەریان نەکرد بەڵکو قازانجەکەیان لەوەدا بوو کە زمانێکی ئامادە و دۆڵەمەندی زانستییان هێنایە ناو کۆمەڵگاکەیان بەبێ ئەوەی زمانی خۆیان بدۆڕێنن. حیکمەتی ئەو زمان قەرز کردنە لەوەدایە کە زمانی خۆیان نەیدەتوانی ببێتە زمانی زانست و پردێکی مەعریفی پتەو بێت لەبۆ بارکردنی زانست.

ئەوەش سەرەنجام میللەتەکەی لە پێشکەوتن دوادەخست و ئاستی زانینی خوێندەواران دەهاتە خوارەوە. زمانێک با ناسنامە و کەرستەی خۆدەرخستنی کۆمەڵگایەکیش بێت ئەگەر رابردوویەکی لە کاری زانستی و مەعریفەت نەبێت، هەر بە حیماس و بریاری نەتەوەپەرستانە پازی پێنادرێ و لە شوێن خۆی دەچەقێ.

کێشەیەکی دیکەی کۆمەڵگا زمان وەرگرەکان، لە یەکنەگرتوویی زمانەکەیان و زۆری شێوەزاری لێکدی جیاواز یان زۆری زمان لە یەک وڵاتدا. بۆ نموونە لە هیندستا نزیک بە ١٤٥ زمان هەیە و هیچیشیان هەمەگیر نین. لە پاکستان حەوت زمان هەبوون. هەڵبەت لە وڵاتانی وەک جەزایر و مەغریب و تونس و مۆریتانیا زمانی عەرەبی زۆرینە بوو زمانی ئامازیغیش هەیە بەڵام دانی پێدانەدەهێندرا. سەرباری ئەوەش زمانی فەرەنسییان وەک زمانی رەسمی لەپاڵ زمانی عەرەبی وەرگرت. بەمەش دەرگایەکی دۆڵەمەندیان لەسەر کۆمەڵگاکەیان کردەوە و دەرفەتی پێشکەوتنیان بۆ کۆمەلگاکەیان رەخساند.

وەرگرتنی زمان بۆ هەر کۆمەڵگایەک ناگونجێ و دەبێ ئامادەیی کۆمەڵایەتی و زەروورەتی زانیاری و سایکۆلۆجیای وەرگر هەبێت ئەگینا جیا لە ریسکێک هیچی دیکە ناچنرێتەوە. ئەو میللەتانە دەبێ زمانێکی دیکە وەربگرن کە بە کردەوە دەرکەوتبێ زمانی خۆیان جارێ توانایی زانستی تێدا نەبێ. هەروەها پارچە پارچە بوونی زمانەکە لە نێوان چەندین شێوەزار و دان بەیەکدیدا نەهێنانیان رۆلی زمانی ستانداردی پەکخستبێ.

هەندێک میللەت سەرباری شانازی بەخۆکردنیان و هەبوونی ناسنامە و کیانی سەربەخۆیان، لە رووی زمان هەژارن. هەڵبەت ئەگەر نوخبەی ئەو میللەتە ئەوەندە هوشیار بێت کە پێشکەوتن لە ریزی پێشەوەی ئامانجە میللیەکانی بێت. ئەگینا پەنابردن بۆ هەستی ناسیۆنالیستی و بەخۆداهەڵدان و گەڕانەوە بۆ مێژوویەکی هەژار کارێکی ئاسانە. ئەنجامەکەشی نقوم بوون دەبێ لە دواکەوتووی و یەکدی خواردنەوە و دیکتاتۆری.

زمانی نەتەوەیی و خۆپێدەربڕینی کۆمەڵایەتی مەرج نیە توانایی زمانی زانستیشی تێدابێت. دەکرێ زمانێک هەموو دەورە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بگێڕێ و گەشەش بستێنێ، لە پاڵیدا زمانێکی بیانی دەوری ئامرازی وەرگرتنی زانستی بگێڕێ. بۆ نموونە دەکرێ زمانی نەتەوەیی رۆلی ئاسایی خۆی لە خوێندن و نووسین و پەروەردەی خۆیی بگێڕێ و زمانی ئەدەب و ئاخاوتنی میللەت بێت.

لەو حاڵەتەدا کە باری زانستی لە کۆڵ دەکرێتەوە، دەرفەتێکی باشی بۆ گەشەکردن دەستدەکەوێ و دەکرێ ئازادییەکی زۆر بدرێ بە شێوەزارەکانی و هەموویان تەعبیر لە بوونی خۆیان بکەن. لەسەر بنەمایەکی زانستییانەی گونجاو شێوەزارەکانی بە سەمتی لێکدی نزیکبوونەوە گەشە بکەن و کۆتایی بە رەفز کردنەوەی یەکدی و حەساسییەت بێنن. لەوێدا دەکرێ پەنا بۆ هەستی نەتەوەیی و هەمبەستەیی چارەنووس ببرێ و لەو قەراغانەی دەلوێ وشە و چەمکی هاوبەش بەکاربینن و هەنگاو بەرەو تێکەڵبوون بنێن.

ئەوە ٢١ ساڵ بەسەر رزگاری کوردستانی باشووردا تێپەڕی بەڵام زمانی کوردی هەر نەیتوانی ئۆقرە بگرێ و ببێتە جێگای متمانە و کۆکی میللەتی کورد. هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی بەردەوام یەکدی رەد دەکەنەوە و لە پەرەسەندنی زمانەوانی و وشەسازیدا مەیلی لێکدی دوورکەوتنەوە بەسەر هەردووکیاندا زاڵە. هەڵبەت هەردوو شێوەزاری زازایی و هەورامیش داوای سەربەخۆیی بەکارهاتن دەکەن.

شێوەزاری کرمانجی لەپێناوی خۆجیاکردنەوە ناوی کرمانجی لەجیاتی کوردی بەکاردێنن و فەرهەنگ و خۆناساندنەکانیان بەو ناوە دەکەن. لە سۆرانیشدا رەوتەکە بەرەو سەمتی خۆسەپاندن و بەهەند وەرنەگرتنی وشە و رۆڵی زاراوەکانی دیکەیە. سەرەڕای ئەوەی نزیک بە ٩٠ ساڵە بە سۆرانی دەنوسرێت و لە قوتابخانەکان پێیدەخوێندرێ بەڵام دیسان نەیتوانیوە جێگای خۆی لەناو هەموو کوردستان بکاتەوە و ببێتە زمانی ستانداردی کوردستان. لە رووی دۆڵەمەندیشەوە ئەو شێوەزارە نەبووەتە زمانێکی پتەو و جێی متمانەی زانستی.

ئێستا بە کردەوە کوردستان بەسەر دوو زمان دابەش بووە و هەردوو شیوەزارەکەی وەک زمانی سەربەخۆ رەفتار لەگەڵ یەکدی دەکەن. بەوەش ئایندەی زمان لە کوردستان تاریک داهاتووە و زمانەکە متمانەی کۆمەڵایەتی بەدەست نەهیناوە.

ئەگەر لە تەمی ناسیۆنالیزمدا خۆم حەشار نەدەم دەبێ ئیعتراف بکەم ئێمە زمانێکمان نیە زانستی پێ نەقڵ بکرێ و لەو رووەوە کۆڵەوارین. نەک هەر نەمانتوانیوە زمانەکە یەکبخەین بەڵکو ئاستی زانستیش هەروا بەرەو نزمی دادەبەزێ. سایکۆلۆجیای گشتی کوردستان بۆ لەت بوونی زمان لەبارە نەک بۆ یەکگرتنی، بۆیە هیچ هێزێک ناتوانێ یەک زمان و یەک شێوەزار بۆ کورد لەم قۆناغەدا بڕیار بدات. ئەوە ئەگەر واز لە بەرژەوەندی حزبایەتی بێنین کە بۆ پاراستنی نفوز یاری بە پرسەکە دەکەن و لەبەرامبەر چارەسەریدا دەستەوستانن.

هەڵبەت ئەو لاوازییەی لەرووی زمانەوە لە سۆرانیدا هەیە ئەوە لە کرمانجیشدا هەروایە و بگرە کۆڵەوارتریشە، چونکە ئەو شێوەزارە تا ئێستا هەر بە شێوەی پەتی دەژێت و قەت وەک زمانی رەسمی بەکارنەهاتووە.

شێوەزاری سۆرانی لەسەر ئاستی کوردستاندا زیاتر لە نیو سەدە وەک زمانی چالاکترین بەشی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کورد بەکارهاتووە. ئەوەش بۆ ئەو دوو بەشەی کوردستان دەگەڕێتەوە کە بزووتنەوەی رزگاریخوازیان لێ بەهێز بووە؛ کوردستانی بەشی عێڕاق و کوردستانی بەشی ئێرا. کەچی سەرباری ئەوەش نەبووەتە شێوەزاری هەمەپەسند و هەر لە ئاستی ئەدەبیاتی سیاسی و نووسینی ئەدەبی ماوەتەوە و نەبووەتە زمانێکی دۆڵەمەند وەک کۆکەرەوەی ناوەرۆکی شێوەزارەکانی دیکە.

بەتایبەتی شێوەزاری کرمانجی لە دۆڵەمەند کردنی خۆیدا پشتگوێ خست و زیاتر پشتی بە وەرگرتن لە عەرەبی و فارسی و هەندێکیش تورکی و ئینگلیزی بەستووە. ئەنجامی ئەو پەرەسەندنە هەڵەیە دوورکەوتنەوەی زاراوەکانی دیکە و بیرکردنەوەیان لە خۆناساندنیان بوو. ئەو واقیعە دوای راپەڕین و ئازادبوونی کوردستانی باشوور خۆی دەرخست، ئەوکاتە دەرکەوت کە ئاخافتکارانی هەردوو زاراوە چەند لێکدی دوورن و چۆن هەریەکە زاراوەی خۆی بە کوردی دەزانێ و هەوڵی سەلماندن و پێناسە کردنی خۆی دەدات. لە ناوچەی سۆراندا سۆرانی ناسنامە بوو و لە بادینانیش کرمانجی بووە ئامانج.

هەر دوای ١٩٩١ بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانی باکوور بواری فراوانبوونی بۆ رەخسا و هەرێمی کوردستانی کردە شوێنی مانەوەی خۆی و بایەخێکی زۆری بە زماندا و کرمانجی بوژاندەوە. تکنۆلۆجیای راگەیاندن و بڵاوکردنەوە دەرفەتی دایە بەشی باکووری کوردستان تا شێوەزارەکە ببوژێتەوە و ببێتە زمانی سیاسەت و ئەدەبیات.

لە ماوەیەکی کورتدا لێشاوێک نووسینی ئەدەبی و سیاسی بە کرمانجی بڵاوبووەوە و ئەلفبای لاتینیان وەک رەمزی کرمانجیبوون هەڵبژارد. بەمەش هەر بە جارێک خۆیان لە کەلەپووری چەندین دەیەی سۆرانی دابڕی و دیواری چینیان لەنێوان دوو شێوەزار دروست کرد. واقیعەکە وایلێهاتووە سۆرانی ئەلفبای عەرەبی بە رەمزی زاراوەکەیان دەزانن و کرمانجیش ئەلفبای لاتینی بە بەشێکی جیانەکراوەی خۆیان دەزانن. تەنانەت کرمانجەکانی کوردستانی سوریا و هەرێمی کوردستانیش هەرچەند خوێندنیان بە ئەلفبای عەرەبی بووە بەڵام لە رووی سایکۆلۆجییەوە لاداری لاتینین.

لەم قۆناغەدا ئیدی سۆرانی بە تەنیا زمانی ناسیۆنالیزم و ئەدەبی کوردی نیە، کرمانجیش هەوە. تەنیا ئەلفبای عەرەبی (سریانی) بۆ نووسین باو نیە بەڵکو لاتینیش بووە ئەمری واقیع. ئەو مناقەشە تووند و تەکفیرییەی لە نێوان نووسەرانی زمانەوانی سۆرانی و کرمانجیدا هەیە دەربڕی حەقیقەتێکی تاڵە: میللەتەکەمان لەسەر زمان کۆک نیە! دوو شێوەزارەکەی بە تووڕەیی مامەڵە لەگەڵ یەکدی دەکەن، هیچ مەرکەزێکی باوەڕپێکراویش نیە ببێتە بنەمای لێکدی نزیک بوونەوەیان.

پێویستە شەرم لەم راستیە نەکەین و چیدیکە بە سۆزی نەتەوەپەرستی نەیشارینەوە. دوو شێوەزاری بوون و دوو ئەلفبایی زمانەکەمان عەیب نیە و هیچ لە کوردبوونمان کەم ناکاتەوە. هەر وەک چۆن نزیک بە ١٤٥ زمان بۆ هیندستان کەمی و شورەیی نەبوو.

حکوومەتی کوردستان بە رەسمی پابەندە بە باڵادەستی زاری سۆرانی، بەڵام لە کردەوەدا یارمەتی بوژاندنەوەی کرمانجیش دەدات. ویدەچێ ئەم سیاسەتە خۆپارێزییە تا ئێستا پێوست بووبێ بەڵام خۆبێدەستەڵات دانانی حکوومەت لە چارەنووسی زماندا ترسناکە. بۆیە پێویستە حکوومەت لە ناوەندە زانستییەکاندا ئەو پرسە چارەنووسسازە چارەسەر بکات و پێشنیارێکی کردەنی بۆ ئایندە بکات.

من دڵنیام حکوومەت ناتوانێ هیچ شێوەزارێک بسەپێنێ، بەتایبەتی کە بیست ساڵ بەسەر کێشەکەدا تێپەڕیوە، بۆیە دەبێ بیرێکی چارەسەرییانە بکریتەوە.

من پێموایە پێویستە پەنا بۆ تەجرەبەی میللەتانی هاوشێوەی خۆمان بەرین و بیر لە پێشخستنی کۆمەڵگاکەمان بکەینەوە و دەروازەیەکی زانستی ئاسانی بۆ بدۆزینەوە. گەشەکردنی کۆمەڵگا رێگا بۆ چارەسەر و دابین کردنی یەکێتی نەتەوەیی و لێکدی نزیک بوونەوەی زمان دادەنێ.

ئێستا کوردستان کۆمەڵگایەکی پاشکەوتووە و زمانەکەشی نەک هەر لە کێشەدایە بەڵکو بەبێ ئەوەش توانایی زمانی زانستی و پێگەیشتنی کۆمەڵگاکەی تێدا نیە. لە کردەوەدا بەبێ بەرنامە لە کوردستاندا خەڵک پەنایان بۆ پەرەپێدانی زمانی ئینگلیزی بردووە و ئێستا هەر لە باخچەی ساوایان تا دەگاتە زانکۆ خوێندنی ئینگلیزی هەیە.

خەڵک لە ئەنجامی پێگەیشتنی منداڵەکانیان بە ئینگلیزی رازین، ئاستی زانستی ئەو قوتابیانەی بە ئینگلیزی دەخوێنن زۆر بەرزترە لەوانەی بە کوردی دەخوێنن، خۆگونجاندنێکی واقیعیانەش لەگەڵ ئەم دیاردەیە دەکەن. ئەوە بەبێ پشتگوێخستنی زمانی کوردی ئەنجام دەدرێ.

زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی و ئیسپانی لە ژمارەیەکی زۆر وڵاتی دیکە زمانی رەسمی زانستین. لە وڵاتی ئێمە گونجان لەگەڵ ئینگلیزی رێگای خۆی کردۆتەوە، بۆیە پێشنیار دەکەم ئەم زمانە دوای دیراسە کردن بە یاسا و بە رەسمی بکرێتە زمانی زانستی کوردستان. خوێندن لە سەرەتاییەوە پاڵ بە پاڵی زمانی کوردی ببێتە ئینگلیزی. زمانی کوردیش وەک زمانی نەتەوەیی و ژیانی کۆمەڵگاکەمان لە بواری خۆیدا بخوێندرێ و بایەخی پلەی یەکەمی پێبدرێ و هەردوو شێوەزارەکەش ئازاد بکرێن و بە یاسا رێکبخرێن. زاری هەورامیش ئاسانکاری بۆ بکرێ چەندی دەیانەوێ با بەکاری بێنن. ئێمە لەو ئازاد کردنەدا قازانج دەکەین و پێکهاتەکانمان دەبوژێنەوە و خۆیان دەدۆزنەوە و ناچار دەبن بیر لە لێکدی نزیکبوونەوە بکەن.

هەر کاتێک زمانی ئینگلیزی ببێتە زمانی خوێندن و حکوومەت نیزامی پەروەردە رێکبخاتەوە، دەرفەت بۆ هاوڵاتیان دەرەخسێت تا کێشەی زمان نەبێتە مایەی دواکەوتنی نەوەکانیان و کوردستانیش بوژانەوەیەکی زانستی بێسنوور بەدەست دێنی و گەشە کردن ئاسان دەبێت. لەلایەکی دیکە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی کاتێک باری زانستی و پێگەیاندنیان لەسەر هەلبگیرێ و هەردووک لایان لە سیستەمێکی یەکگرتووی زانستیدا کۆببنەوە، دەتوانن بە مێشکێکی ساردتر پەرە بە زاری خۆیان بدەن و حەساسییەت بەرامبەر بە یەکدی بەلاوە بنێن.

سیستەمی پەروەردە دەتوانێ بنەمای گەشە کردنی هەردوو شێوەزار بە چەشنێک رێکبخات کە لە جیات دوورکەوتنەوە، ناوەرۆکی پرۆسەکە لێکیان نزیکبخاتەوە. تەبیعەتی مرۆڤ لە ئارامیدا رێی خۆی دەدۆزێتەوە نەک لە منافەسەی تووند.

بە سیستەمێکی پەروەدەی نوێ کێشەی ئەلفبا ئاسان دەبێ. چونکە خوێندنی زمانی ئینگلیزی حەساسیەت بەرامبەر ئەلفبای لاتین کەم دەکاتەوە و هەردووک ئەلفبا بەکاردێنن. تا کەی؟ ئەوەیان ئەرکی نەوەکانی داهاتووە. لەسەر ئێمە رێچکەیەکی زانستی و لە بەرژەوەندی کۆمەڵگا پێویستە تا نەوەی داهاتوو لە وڵاتێکی بوژاوە و بە عەقڵییەتێکی زانستی هەنگاو بە هەنگاو لێکدی نزیک بێتەوە.

چالاکییەکان