خۆپیشاندانەکانی کانونی یەکەمی٢٠١٧ ی ئێران بەردەوام دەبێ یان دەکوژێنەوە؟


سەرۆ قادر , , سیاسەت



سەرۆ قادر

 

  لە سێیەمی ڕۆژی پێش کۆتایی ٢٠١٧ خۆپیشاندانەکانی ئێران لە شاری مەشهەدەوە دەستیپێکرد و بە خێڕایی سەرانسەری ئەو وڵاتەی گرتەوە. چ هۆکارێک بوە پاڵنەری جەماوەر ڕەش و ڕووت تا بڕژێنە ناو شەقامەکان و بەردەرگای دەزگا حکومەتی و سوپایی و ئاسایشییەکان، دروشمیان بۆ ڕوخاندنی نیزامی ئیسلامی ءێران بێت کە لە ساڵی ١٩٧٩ وە فەرمانڕەوایی دەکات؟

 

 بۆ تێگەیشتن لە ڕۆلی جەماوەری خۆپیشاندەر لە گۆڕانکارییە چارەنوسسازەکانی ئێران، پێویستە ئاوڕێک لە مێژووی ئەم دیاردەیە لە بزاڤە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو وڵاتە بدەینەوە. هەموو گۆڕانکارییە فکری و دینی و مەزهەبی و سیاسییەکانی ئێران، بە بەشداری خەڵک یەکلایی بوونەتەوە. بۆ نموونە گشت جوڵانەوە فکری و عرفانییەکانی ئێرانی کۆن بە بەشداری پەیڕەوەکانیان بڵاوبونەتەوە و خۆیان پاراستوە. جوڵانەوە دینییەکانی پاشماوەی ئێرانی پێش ئیسلام هەر بەو چەشنە پەیدا بوون و خۆیان پاراستوە. لە قۆناغی نوێدا، دوای بڵاوبوونەوەی کۆڵۆنیالیزم و پەیدابوونی بزووتنەوەی مەشڕوتە، بە هەمان چەشن جەماوەر ڕۆلی سەرەکی لە سەپاندنی دەستور و گۆڕینی بنەماڵەی پادشایی قاجاردا بینی. لە ساڵی ١٩٠٨ لە شۆڕشی مەشروتیەدا، محەمەد عەلیشا دژی دەستوری مەشروتیە وەستا. پەرلەمانی ئێران و لایەنگرانی مەشروتیە مانیان گرت. شا فەرمانی بۆردومان کردنی مانگرتوانی دەرکرد. لە کۆتاییدا قەیرانە سیاسییەـ عەسکەریەکە بە لابردنی تەواو بوو. هەروەها لە ساڵی ١٩٥٣دا دکتۆر محەمەدی مسەدق جەماوەری بۆ پشتیوانی خۆی هینایە جادەکان و بە ڕیفڕاندۆم پەرلەمانی حەوتەمی هەڵوەشاندەوە.شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێرانیش هەر بە حزوری جەماوەر و خۆپیشاندان ڕوویدا.

 

  ئەو ڕووداوە جەماوەریە بەرفراوانەی لە ئێران ڕوویدا و ئێستا کەمێک نیشتۆتەوە،لە زەمینەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی زۆر قەیراندارەوە هاتوە. بەپیی لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان کە ژمارەیەک ناوەندی لێکۆڵینەوەی جیهانی کردویانە، هەروەها بەپیی لێکۆڵینەوە و ڕای خاوەن نەزەرە ئاکادیمی و سیاسییە ناوخۆییەکانی ئێران، دوو لقی ئەو زەمینە قەیراندارە بە شێوەیەکی سەرەکی یەکلاکەرەوەن؛یەکێکیان تەنگوچەڵەمەی ئابووریە. سیستەمی ئابووری لە بنەرەتەوە لەقەیرانێکی کوشندە دایە. پاشەکشەی پەرەسەندنی پیسەسازی، هەڵمسانی دراو،باری قورسی بودجەی جەنگ و پشتیوانی کردنی حزب و ڕێکخراوە یارەکانی ئێران لە دەرەوەی ئەو وڵاتە، گەندەڵی دامودەزگای سوپای پاسداران کە دەستیان بەسەر زۆربەی ئابوری وڵاتەکەوە گرتوە، هەروەها گەندەڵی لە دەزگا سەروەرییەکانی سیاسی و دینی، وایکردوە ڕێژەی بێکاران لە بیست ملیۆن تێپەڕێت. ئەو ڕێژەیە لە کوردستان و بەلوچستان دەگاتە %60. چەندین بەرابەری ئەو بیکارییە هەژار و دەستکورت هەیە. هەژاری لە ئێراندا ژمارەیەکی زیاتر لە بێکارەکانی خستۆتە خوارەوەی هێڵی نەداری و برسێتی. هۆکاری دووەم دۆزی ژنانە. ژنانی ئێران لەسەرەوەی %53 دانیشتوانی ئێران پێکدێنن.سیستەمی دینی و ڕێکارە ئەمنی و ئیداری و سیاسیەکانی دژی ژنان، ئەو وڵاتەی کردۆتە دۆزەخی ئافرەتان. بە لەبەر چاوگرتنی مێژوو و باری فەرهەنگی ئێران، پاڵپێوەنای ژنان بەرەو پشتیری ژیانی کۆمەڵایەتی، لەوە زیاتر تەحەمول ناکرێ. بۆیە ئەم هۆکارە لقێکی بەهێزی گوشارە بۆ سەر حکومەت و بەشدارە لە خۆپیشاندانەکان.

 ناڕەزایی پێکهاتە غەیرە فارسەکان، هۆکارێکی تری خۆپیشاندانەکان بوو. نەتەوە و دینەکانی ئێران هیچ کاتێک هەندی ئەم قۆناغە پێکدی ئاشنا نەبوون. بۆیە بەشداریکردن و هەماهەنگییان بووەتە کارێکی ئاسان.

 بومەلەرزەکەی ئەم دواییەی سەرپوڵی زەهاو، بووەتە هۆکارێکی دیکەی ڕای گشتی ئێران، کە پێیانوایە ئەم حکومەتە هیچ مەسئولییەتێک لەبەرامبەر کارەساتەکانی هەڵناگرێت. هەروەها کۆمپانیاکانی شارسازی کە لە دەست سوپای پاسداران دان، لە گەندەڵی و بێ چاودێریدا زۆر بێ ئیسافانە کوالیتەی بیناسازییان هێناوەتە خورەوە و بووەتە مایەی قوڵبوونەوەی کارەساتەکان. ئەم ئاگاییەی هاوڵاتیانی ئێرانی، هەمبەستەیی سەرانسەریی قوڵتر کردۆتەوە. ئەوەش لەو یارمەتیانە دەرکەوت کە لە دەرەوەی کوردستان دەگەیاندرا ناوچە لێقەوماوەکانی بومەلەرزە.

 

  بە لەبەرچاو گرتنی باری دیموگرافی ئێران، پێشبینی دەکرێت کە خۆپیساندانەکان پۆتانسیەلی هەڵسانەوە و بەردەوامییان هەیە. بۆ نموونە:  نەوەی تەمەن ١-١٩ ساڵ   ٪٢٩، نەوەی تەمەن ٢٠-٣٩   ٪٣٦، بێکاری ڕەسمی ٪١٢، بێکاری ڕاستەقینە ٪٣٠، بێکاری لە ئەهواز،بەلوچستان، کوردستان ٪٦٠. ئێران لە رێزبەندی رەفا لەسەر ئاستی دەوڵەتاندا ١١٧ مین دەوڵەتە. دانیشتوانی ٨٠ ملیۆنە کە ٢٠ ملیۆنیان بێکارن.

 

سێ ڕوانگا لەسەر داهاتووی ئێران و خۆپیشاندانەکان هەیە:

یەکەمیان ڕوانگای خاوەن نەزەرە دەسەڵاتدارەکانن. ئەوانە دەڵێن لە کەموکوڕی هەیە  و پێویستە بە چاکسازی ناو نیزام چارەسەر بکرێ. خۆپیشاندان گێرەشێوێنی و دەستی دوژمنانە. کەسانی وەک محمدی خاتەمی،حەسەنی ڕەوحانی، عطااللە مهاجەرانی، ئەکبەری عەبدی لەو بەرەیەن. ئێستا ڕیفۆرمخوازەکان تێکەڵی نیزام بوونەتەوە و جەماوەریان لەدەستچوە.

 دوەم ڕوانگا داوای چاکسازی بنەڕەتی دەکات. تا ئاستی دەسکاری کردنی نیزام و دەرگا کردنەوە لەسەر هێوربوونەوە و چارەسەر کردنی کێشەکان و دروست کردنی دەوڵەتێکی مەدەنی دەڕۆن. کەسانی وەک سادقی زیبا کلام، محمدی نوریزاد، مەهدی خەلەجی، عەباسی میلانی لەو کەسانەن.

 سێیەم ڕوانگا باسی حەتمی بوونی شەڕی ناوخۆ دەکەن. ئەوان پێیانوایە ئێران بە ڕێگای سوریا و لیبیادا تێدەپەڕێت. ئێران بە پێچەوانوی میسر و تونس دەبێت. لەو دوو دەڵەتی ناوبراودا سوپا وەک دەزگایەکی نیشتمانی داخلی پڕۆسەکە بوو و پشتیوانی گۆڕانکاری کرد. بەڵام لە ئێران بە پێچەوانەیە، دوو دەزگای عەسکەری هەیە؛ ئەرتەش و سوپای پاسداران. ئەگەر ئەرتەش جوڵەی پێچەوانەی نیزام بکات ئەوە سوپای پاسداران پێشی پێ دەگرێت و نزیکە جەنگی ناوخۆ ڕووبدات. سوپای پاسدارانیش هەمیشە پشتی نیزام دەگرێت. بۆیە ئەگەری چەک بەکارهێنانی جەماوەر هەیە کە ئەنجامەکەی شەڕی ناوخۆ دەبێت.

 توێژەری فەڕەنسی ”ستیڤان دو دو ئانۆن“ لە گەرمەی خۆپیشاندانەکاندا لە ئێران بووە، پێی وایە: ئەوەی ڕوودەدات شۆڕشە نەک ناڕەزایەتی مەتڵەبی. قەیرانەکە بنیادییە، سازشی تێدا ناکرێت، نیزامی ئیسلامی غافڵگیر بووە، حکومەت ناتوانێ خۆی بگۆڕێت، مەتڵەب سەری نیزامە، ڕوخان حەتمیە، گەنجان کە زۆربەی دانیشتوان پێکدێنن نیزام و فەرمانی ئیسلامییان قبوڵ نیە، نەک هەر حکومەت، کۆماری ئیسلامی توشی داڕمانی کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆجی وسیاسی بووە.

 مۆرکی غەیرە ئیسلامی بە دروشمەکانەوە دیارە: لە سەرانسەری شارەکان سرودی“ بپا خیز ای داریوش واتە هەڵسەوە ئەی داریوش“ و سرودی پیسووی ئێران لە جیاتی سرودی ئیسکامی دەگوترێتەوە.

 لە نیشانەکانی داڕمانی کۆمەڵایەتی، ئەم دیاردانە بەربڵاون: هەڵاوسانی مالی،بێکاری، گەندەڵی مونەززەمی دەزگاکانی حکومەت، کێسەی ژنان، ناڕەزایەتی گەنجان، بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، خەڵکی کارتۆن نشین، پۆلی لانەوازان و لێقەوماوان لە ناو جادەو پارکەکاندەژین، دژایەتی کردنی شەڕ لە عیڕاق و سوریا و یەمەن و لوبنان، سەرف کردنی سەرمایە بۆ هاوپەیمانەکانی ئێران لە دەرەوە، دژایەتی کردنی سیاسەتی جەنگی بەردەوام لەلایەن کۆماری ئیسلامی.

 

 بەڕێوەبەری ئەنستیتۆی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، مایکڵ ماکۆفسکی پێیوایە: بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران، پێویستە ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی رەیگان لە دژی یەکێتی سۆڤیەت. واتە پشتیوانی کردن لە گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. چونکە ئێران لەو ناوچەیەدا بڵاوبۆتەوە و دەکرێ هەر لەوێدا بەرزەفت بکرێت. هاوکاری و حزوری زیاتری ئەمریکا پێویستە بۆ  پشتیوانی دۆستە ناوچەییەکانی جا دەوڵەت بن یان پێکهاتە. ستراکتۆری ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرژەوەندی ئێران دابین دەکات. بە تایبەتی عێڕاق و سوریا و یەمەن و لوبنان  دەوڵەتی دەستکردن بۆیە بە ئاسانی تەسلیمی ئێران بوون. ئەوانە دەراویشتەی داڕمانی ئیمپڕاتۆریی عوسمانین بۆیە دەبێ دەسکاری بکرێن. داعش و ئێران سەلماندیان سنورەکانی ئەم وڵاتانە دەستکردن بۆیە بە ئاسانی بەزاندیانن. ئێران بە هاوکاری ڕژێمە سەرکوتکەر و طائفیەکان بڵاوبۆتەوە، ئەمەش نوقتەی لاوازی ئێرانە. پێویستە ئەمریکا لەو نوقتە لاوازانەوە لە ئێران بدات، ئەویش پشتیوانی کردنی بزووتنەوە سەربەخۆیی خوازەکانی ئەو ناوچەیەیە بۆ لێکهەڵوەشاندنی ئەو دەوڵەتانەی ئێران پشتیان پێ دەبەستێت. ئەو بزووتنەوانەش بریتین لە کورد،ئازەری،بلوچ لە دەرەوە و ناوەوەی ئێران ئەو دەوڵەتە هەڵدەوەشێنن.

 

 ئێستا خۆپیشاندانەکان خامۆش بوونەتەوە بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە سەرهەڵبدەنەوە. بەمەش پڕۆژەی ئیسلامی ئێرانی لە کۆتایی خۆی نزیک دەکەوێتەوە:

ـ ئەو شۆڕشەی(١٩٧٩) بە هەموو پێوەرەکان شۆڕشێکی گەورە و کاریگەر بوو لەسەر جیهان، کەوتتە دەستی ئیسلامیەکان، بەمەش ئایدیۆلۆجیای ئیسلامی سیاسی هێنایە پێشەوەی بزووتنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، صدوری انقلانی کردە ستڕاتیژی خۆی. ئێستا توشی داڕمان دەبێت. ئەگەر 

ـ دەستێوەردانی دەرەکی و سیاسەتی جەنگی بەردەوام کۆتایی دێت.

ـ  ئابووری ئێران لەدەست سیاسەتی جەنگ و دەست بەسەرداگرتنی نوخبەی دینی و سەردارەکان دێتە دەرەوە.

ـ   قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندی نێوان پێکهاتەکانی ئێران دەستپێدەکات و بەمەش سیستەمی مەرکەزی دەکەویتە ژێر پرسیار و بەدیلی دیکە دێنە پێشەوە.

 

کەموکاسییەکانی بوونە هۆکاری نیشتنەوەی خۆپیشاندانەکان:

ـنەبوونی سەرکردایەتییەکی کاریگەر.

-بێدەنگی نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیریی ناوخۆ.

- بازاڕ و چینی ناوەڕاست نەهاتە ڕیزی خۆپیشاندەران.

- زانکۆکان پشتیوانی ناڕەزایەتییەکانیان نەکرد.

 

  دوای نیشتنەوەی شەپۆلی خۆپیشاندان، ناڕەزایەتی هەر بەردەوامە و سەرەڕای بڕینی ئەنتەرنێت بەڵام هەواڵی خۆپیشاندانی پەرت و بڵاو هەیە. لەسەر سۆسیال میدیا بە ئاشکرا ناڕازییەکان بیروڕای خۆیان بڵاودەکەنەوە. سەرکوت کردن بە فراوانی دەستیپێکردوە بەڵام نەیتوانیوە نارەزایەتی بنەبڕ بکات. هەموو چاودێرە ناوخۆیی و دەرەکییەکان سورن لەسەر ئەو ڕایەی کە دەڵێ: بێدەنگ بوونی خۆپیشاندەران کاتییە و لە وەختی مناسبدا دەستپێدەکاتەوە.

 

 

چالاکییەکان

دەستووری خۆتان بناسن

Thursday 28 December 2017