
د. كازم حهبیب
ئەنیستیتۆی توێژنەوە و گەشەپێدان - کوردوستان، لە رۆژانی ٢ و ٣ /٦/٢٠١٢ سیمپۆزیۆم ــ ێکی لە ژێرناوی (حوکمڕانیى باش و گهشهی ئابووری) سازکرد.
پانێلی یەکەم و بابەتی سێیهمی سیمپۆزیۆم لە لایەن د. كازم حهبیب: لە ژێرناوی (ستراتیژی گەشەسەندنی نیشتمانی لە عیراق و هەرێمی کوردستان).
تایبەتمەندییەکانی ئابووری عیراقی بەم شێوەی خوارەوەیە:
ئابووری عیراق ئابوورییەکی ریعیە کە واتە پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.
ئابوورییەکی ئیستهلاکیە و بەرهەمهێنەر نییە.
بۆ تێرکردنی پێداویستی بازارەکان پشت بە هاوردەکردن دەبەستیت.
پێکهاتەی عیراق بە گشتی پێکهاتەیەکی دواکەوتووە.
پێگەی عیراق لە ڕووی ئابوورییهوه لە دابەشکردنی نێودەوڵەتی دا لاواز و دواکەوتووە.
گەندەڵیی دارایی لە عیراق بەرفراوانە.
جگە لەم خاڵانەی سەرەوە تایبەتمەندییەکانی دواکەوتنی عیراق لهم خاڵانهدا خۆی نیشان دهدات:
پەیرەوکراو (تبعیە)، هەژارى، گەندەڵی، کاریگەری تیرۆر، جیاوازی نێوان چینەکانی کۆمەڵگە و جیاوازی ئایینی و تایفی. تێکڕای ئهمانه کاریگەرییان لەسەر عیراق و ئابووری عیراق هەیە.
ئەم تایبەتمەندییانەی سەرەوە چەند هۆکارێکیان لێدەکەوێتەوە وەک:
پشتبەستن بە یەک کەرتی دیاری کراو، بەدی نەهاتنی بەرهەم، بناغهی عیراق بە دواکەوتووىی دەمێنێتەوە، تەلەفکردنی سامانی گشتی و لاوازی وزە و گەلێک هۆکاری تر.
ئاکام و دەرئەنجامەکانی واقیعی ئابووریی عیراق:
نەوت دەبێتە بەشی هەرە زۆری داهاتی نیشتیمانی (الدخل القومی) و گرنگیدان بە داهاتی پیشەسازی و کشتوکاڵی فەرامۆش دەکرێت.
ئابووریی عیراق بە دواکەوتوویی دەمێنێتەوە و بۆ بەرەو پێشبردنی زانست و تەکنەلۆژیا ناتوانرێ بەکار بهێنرێت.
عیراق بەمجۆرە ناتوانێت ئاسایشی خۆراک (الامن الغذائی) بۆ کۆمەڵگە دابین بکات.
عیراق ناتوانێت ڕێگری لە تەلەفکردن و دزینی سەروەت و سامانە گشتییەکان بکات و ئەمەش دەبێتە هۆی نەمانی هەماهەنگی گونجاو له نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵدا.
بۆ چارەسەری کێشەکان دەبێت سوود لەوە وەربگیرێت کە عیراق وڵاتێکی خاوەن 30 میلیۆن هاووڵاتییە، خاوەنی نەوت و گاز و کیبریتە، خاوەنی کەسانی زانستمەند و ڕۆشنبیرە کە خاوەن ئەزموونن. عیراق توانایەکی چاکی لە بواری هاوکاری و هەماهەنگی لە ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا هەیە.
بەربەست و ڕێگریەکان:
نەبوونی بۆچوون و پێشبینی دروست بۆ ئابووریی عیراقی.
نەبوونی سیاسەتی گونجاو بۆ ئابووری، باری کۆمەڵایەتی و سیاسی و نەوت و وزە.
نەبوونی ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی و دیموکراسی.
بۆچوونی دواکەوتووانە سهبارهت به پیشەسازی و نوێکردنەوەی کەرتی کشتوکاڵ.
بوونی تێرور بەهەموو جۆرەکانییهوه.
بوونی گەندەڵی.
نەبوونی شەفافیەت و جیاوازی نێوان پێکهاتەکانی عیراقی.
ئامرازەکانی چارهسهری:
دانانی ستراتیژیيەکی گشتگیر بۆ گەشەسەندنی نیشتمانی.
دانانی پلانی گەشەسەندنی ئابووری گشتی لە سەرانسەری عیراقدا.
دابینکردنی گشت جۆرەکانی ئامار (ستاتێستیک).
سیاسەتی دارایی و کارگێری، ڕێکخستن، بەڕێوەبردنی زانستی و تەکنەلۆژیای نوێ.
چاودێری کردنی میدیا.
چاودێری کردنی کۆمەڵگە و پارتە سیاسیەکان و سەندیکاکان.
پێشنیار و تێبینی: بەستنی بەرنامەی سەنتەرەکانی توێژینەوەی زانستی بە زانکۆکان و دەزگاکانی گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی.
سیاسەتی ستراتیژی پێویست بۆ رزگاربوون لە واقعی ئێستای عیراق:
بۆ ئەم مەبەستە پێویستە سیاسەتێکی گەشەسەندنی گشتگیر لەسەر ئاستی عیراق ئەنجام بدات کە ئەم بوارانە بگرێتەوە:
له ئاستی سیاسیدا: دروستکردنی وڵاتێکی مەدەنی دیموکراتی یەکگرتوو و هەروەها دامەزراندنی کۆمەڵگەی مەدەنی کاریگەر و نەهێشتنی جیاوازی نیوان چین وپێکهاتەکانی عیراق.
له ئاستی ئابووری و پێوەندی ئابووری نێودەوڵەتیدا: گۆڕینی ژێرخانی ئابووری و پشتبەستن بە کەرتی تری جیا لە کەرتی نەوت، کەمکردنەوەی هاوردەکردنی کەلوپەلی دەرەکی، دابەشکردنی سامانە گشتیەکان بە شێوەیەکی یەکسان.
له ئاستی کۆمەڵایەتیدا: پێدانی دڵنییایی کۆمهڵایهتی، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری چاک و کاراکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی.
له ئاستی زانسیتی و ڕۆشنبیریدا: بۆ نموونە جیاکردنەوەی ئایین لە زانست، گرێدانی بەرنامەی سەنتەرەکانی توێژینەوەی زانستی بە زانکۆکان و دەزگاکانی گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتیهوه.
له ئاستی سروشت و ژینگەدا: پاککردنەوەی سروشت و ژینگەی عیراق لە پاشماوەی سیاسەت و جەنگەکانی ڕژێمی پێشوو.
هەرێمی کوردستان لە بواری سەروەری یاسادا گۆڕانکاری و پێشکەوتنی بەرچاوی ئەنجامداوە، ئاوەدانکردنەوە، کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری، دەرکردنی یاسای وەبەرهێنان و باشتر کردنی ڕەوشی سیاسی و پەیوەندی وململانێی حیزبی بە بەراورد لەگەڵ بەغدادا. بەڵام کارە نێگەتیڤهکانی بەغدا (هەرچەندە له ئاستێکی نزمتر) لە کوردستانیشدا بەدی دەکرێن.
لە کۆتایشدا دەبێت ئامانجی سەرەکی ستراتیژی گەشەسەندنی باسکراو، لە ڕووی بەرز کردنەوەی ئاستی ژیانی ڕۆژانەدا (بەبێ جیاوازی ڕەگەز، ئاین و تایفەوه) تاکی عیراقى بێت.