ڕەوشی ئافرەتان و میکانیزمی پێشخستنیان لە کۆمەڵگەی کوردی دا


ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان , , پرسە کۆمەڵایەتییەکان



ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان

 ئەمانەی خوارەوە ئەو هەشت خاڵەنە کە لە دوو دانیشتنی ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان – کوردستان لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە ئافرەتانی سەرکردە و پێگەیشتوو لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان گفتوگۆ کرا، هەندێک لەوانە لەسەر بنەمای توێژینەوەی مەیدانی و کارکردن لە بواری رێکخراوەکانی پشتیوانی کردنی ئافرەتانن، هەروەها لە نەتیجەی چالاکی مەدەنی بۆ پاراستنی ئافرەت گەیشتوینەتە ئەم نەتیجانە.
یەکەم: ئەو یاسایانەی کەوا لە بەرژەوەندی ئافرەتان کە بە درێژایی ٢٩ ساڵی ڕابردوو دەرکراون پێویستە جارێکی تر پێداچوونەوەیان پێدا بکرێ، بە مانایەکی تر یاسا مەدەنییەکانی کە مافی ئافرەتان دەگرێتەوە جارێکی تر پێداچوونەوەیەکی پێدا بکرێ لە ژێر رۆشنایی تەجرەبەی ٣٠ ساڵی ڕابردوو.
ئێمە بەوە گەیشتووین کەوا ئەو یاسایانە بە تەواوی وەڵامی خواستەکانی ئافرەتان ناداتەوە و کۆتایی بە توند و تیژی ناهێنێ، چونکە لە داڕشتنی یاساکاندا کێشە هەیە.
دووەم: گرفتی پۆلیس و دادوەر، لەگەڵ دەستکاری کردنی یاساکانی مەدەنی پەیوەست بە ئافرەتان پێویستە رێوشوێن تەعلیماتی نوێش دەربچێ کە یەکێکیان تایبەت بە پۆلیس بێ، مەبەستم ئەو پۆلیسی ١١٩ یە کە لە کاتی پەیوەندی کردن بە هێڵی گەرمدا بەهانای ئافرەتی لێقەوماو دەگەن، ئەوانە پۆلیسی ڕاهێندراوی ئەوتۆ بن کە تێگەیشتبن ئەو ژنەی تەلەفۆن دەکات لەژێر هەڕەشەدایە و پێویستە بەپێی یاسا بەرگری لێبکرێ و بەهانایەوە بچن و جاری یەکەم بیپارێزن و دوایی بە پێی ئەو رێوشوێنانەی کە بۆیان داندراوە بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن.
ئەوەی تا ئێستا وەکو تەجرەبە لە دوو دانیشتنی ئەنستیتۆدا دیراسە کراوە ئەوەیە کە ئەو پۆلیسانە بۆخۆیان بڕوایان بە مافی ئافرەتان نییە، باوەڕیان بە یاساکە نییە، زۆرجار درەنگ دەچن بە هانایانەوە، کاتێکیش دەچن بە قسەی تەقلیدی وەک ئەوەی لە بەینی خۆتان پێکوەرن و دەستی بە دەستیان پێدەکەن و تا ئێستا حاڵەتێکی ئەوتۆ نەبووە کەوا شانازی پێوە بکرێ کە پۆلیس خێرا بە هانای ئافرەتانەوە گەیشتبێ، بۆیە خەریکە ئەم هێڵێ گەرم و دەوری پۆلیس و یاساکان لای ئافرەتان وایلێدێ کەوا قیمەتێکی ئەوتۆی نابێت و هانای بۆ نەبات.
ئەو هێڵی گەرم و بەشێک لەو پۆلیسانەی بە هانای ئافرەتەوە دەچن، ئەمانە پێویستە وا پەروەردە بکرێن کە لە کاتی رووداوی توند و تیژی پیاوان دژی هەر ئافرەتێک جاری یەکەم پیاوەکە دەست بەسەر بکرێت، هیچ ئەرکی پۆلیس نییە کەوا ئامۆژکاری بکات یان ژنەکە وا لێبکات کەوا لە بەینی خۆیان پێک بێنەوە، یان هەر قسەیەکی دیکەی پابەند و رێک لەگەڵ ڕێوشوێنی تەقلیدی کە بە هیچ شێوەیەک بەرژەوەندی بەرابەری ئافرەتی تێدا نییە و کێشەکانیشی وەک خۆی بە خەراپی دەهێڵێتەوە. بۆیە ئەو بریارانەی کەوا دەدرێتە پۆلیس پێویستە گرتنی پیاوی تێدابێ، جا ئەو گرتنە با بۆ چەند سەعاتێکیش بێت، بە پێی یاسا دوایی ئازاد بکرێ یان لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێ.
سێیەم: دووەمین گرووپ لە ناو دەزگای حکوومەتدا دادوەرەکانن، دادوەرەکان کاتێک کێسی ئافرەتانی لێقەوماو و ئەوانەی کە کەوتوونەتە ژێر توند و تیژی بۆیان دەچێ، خودی دادوەرەکانیش بۆخۆیان پێنەگەیشتوون، باوەڕیان بە مافی ئافرەت نییە، باوەڕیان بە یاساکان نییە، بۆیە لە ئەنجامی کۆتاییدا بریارێک دەدەن کە بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی ئافرەتدا نەبێ، ئەو دوو هۆکارە هەردووکیان وادەکەن کە خشونەت بەرانبەر بە ئافرەتان بەردەوام بێ و متمانەی ئافرەتان بەرانیەر بەو یاسایانە کەمبێتەوە.
پێویستە بە پێی تەجرەبەی وڵاتانی دیکە و بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەکانی کوردستانیش دادوەرەکان ئەوانەی کەوا کەیسی ئافرەتیان لە نەتیجەی توند و تیژی دەچێتە لا دادوەری تایبەتی بن، کە ئەوانیش راهێندرابن و پەروەردە کرابن بۆ ئەوەی کەسانێک بن بڕوایان بە یاساکان و بەرابەری ژن و پیاو هەبێ. ئەوە بابەتێکی زۆر گرنگە و لە کاتی لێقەوماندا خەتەرە، هەروەها بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئافرەتان زەرورە بۆیە پێویستە بیری لێ بکرێتەوە.
چوارەم: پڕوپاگەندەی دژی ژنان لەناو کۆمەڵگا، لە راگەیاندن و شوێنە گشتییەکان قەدەغە بکرێ، بۆ ئەوەش پێشینەی مێژوویی لە وڵاتانی دیکە هەیە. بۆ نمونە بیرو یاوەڕێکی توندی کە مافی بەشێک لە کۆمەڵگا دەخاتە خەتەرەوە ئەو بیر و باوەڕە بۆی نییە پڕوپاگەندە بۆخۆی بکات، بۆی نییە کۆڕ و کۆبوونەوە بکات، بەپێی یاسا بەدوای دەکەون. ئەوە چ لە دژی ژنان بێت یان لە دژی رەشەکان بێت لە هەندێ وڵاتان کە خەڵکی رەشپێستی لێیە، یان لە دژی دینەکان بێت کە لەو وڵاتانەی دینی جیاجیا هەنە، یان لە دژی میللەتان بێت کە لە دەوڵەتانی نەتوەی جیاواز هەنە.
لە وڵاتی ئێمەدا کێشەی مەلاکانی مزگەوت کێشەیەکی گەورەن، چونکە خەڵکی زۆر گوێیان بۆ دەگرن و هەموو مەلاکانیش سۆسیال میدیا بەکاردەهێنن، هەروەها هەموو پڕوپاگەندە و تەفسیرەکانیشان لە دژی ئافرەتە، ئەوەش وادەکان کە هەمیشە کۆمەڵگا لە پاشکەوتندا بهێڵنەوە و ئەو ئامادەییە بکوژن یان لاوازی بکەن کە لە نێو کۆمەڵگەدا لە نەتیجەی رۆشنگەری یاسا مەدەنییەکاندا دروست دەکرێ لای پیاوان تا مافی بەرابەری لەگەڵ ژنان قەبوڵ بکەن. کەواە دەبێ بە یاسایەک و بە لێکتێگەیشتنی روون هەموو پڕوپاگەندەیەکی دژی ژنان لە مزگەوت و لە ناوەندەکانی کۆمەڵایەتی و لە سۆسیال میدیا و لە دەزگاکانی راگەیاند و لە شێوەکانی کە کاری کۆمەڵایەتی بە کۆمەڵ دەکەن قەدەغە بکرێ.
پێنجەم: مەسەلەی کۆتا و ڕێگەدان بە ئافرەتی لێهاتوو و سەرکردەی لە کۆمەڵگادا، کۆتا دیاردەیەکی ئیجابییە و لە دوای ٢٠٠٣وە ژنانی هێنایە پێشەوە، بەڵام ئەمە ئەگەر لە هەنگاوی یەکەمدا ئیجابیانی هەبووە لە پرۆسەکەدا خەریکە وردە وردە نەرێنییەکانیشی دەردەکەون، نەرینییەکانی ئەوەی بە پێی مەزاجی ئەو پیاوانەی کەوا باوەڕیان بە بەرابەری ژن و پیاو نییە لەبەر قانونەکە ژنان بۆ کۆتا دادەنێن، بەڵام ئەمانە ژنانی لێهاتوو نین، ژتانی پێگەیشتوو نین و سەرکردەی باشی تێو کۆمەڵگا بۆ بەرابەری کردنی ژن و پیاو نین، لەوەیاندا دەبێ لەبیرمان بێ کە حیزبێک کاتێک نوێنەرەکانی خۆی لە کۆتا دادەنێ ئەوا ئازادە کێ دادەنێ، بەڵام هەروەکوو چۆن بە یاسا بۆ دیاریکراوە کە دەبێ رێژەیەکی باش بۆ ژنان هەبێ، دەکرێ ئەو یاسایە دەستکاری بکرێ کە دەبێ مواسەفاتی ئەو ژنەی کە دێتە کۆتا بە لایەنی هەرە کەمەوە دیاری بکرێ تاوەکوو هەنگاوێکی نوێ لە بەرەوپێشچوونی کێشەی ئافرەتان بێ، ئەو ئافرەتانەی کەوا لە پەرلەمان و حکوومەتدا دێنە پێشەوە بۆ ئەوەی هەنگاوێکی نوێی نەوعی بێ کە یارمەتی باشتر بوونی بارودۆخی کۆمەڵایەتی بدات لە بەرژەوەندی ئافرەتان.
شەشەم: کێشەی ئافرەتە ئێزیدییەکانە ئەوانەی کەوا داعش رفاندبوونی و بە کۆیلەیی منداڵی لێ پەیداکردوون، ئەوەی کە لە دینی ئیسلامدا پێی دەگوترێ سەبییە، ئەوانە ژمارەیەکی زۆریان منداڵیان هەنە، لە هەموو حاڵەتیکی جیاوازی مرۆیی زۆر تاڵە، ئەمە لە لایەک منداڵەکە لە سکی خۆیان هاتۆتە دونیاوە، لە لایەکەی ترەوە باوکیان دیار نییە یان دیارە بەڵام تاوانبار و تیرۆریستە، ئەمانە یان منداڵەکانی خۆیان بەجێهێشتوە و ژمارەیەک لەوانە لە پێناو منداڵەکانیان پەیوەندی بە داعشەکانەوە دەکەن و جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە لایان. ئەم حاڵەتە لە زاخۆ و دهۆک زۆر بیندراوە، ئەوەی کە بۆ ئێمە باسکراوە زیاتر لە ٣٠ ژن بە دزی گەڕاونەتەوە ناو داعش، سەرباری ئەوەی کەوا ئێزیدین، هەم وازیان لە دینی خۆیان هێناوە هەمیش وازیان لە حەقی خۆیان هێناوە و لەبەر خاتری منداڵەکانیان بەدوای تاوانبارێکی داعش دەکەون. ئەمە جیاوازییەکی (تناقض) ێکی یەکجار گەورەیە کە دەبێ بە یاسا چارەسەر بکرێ. ئەویش ئەوەیە کە جارێ ئەو ژنانە بتوانن منداڵەکانیان بەناوی خۆیان بکەن، یارمەنی بدرێن کە بتوانن منداڵەکانیان بێننەوە بۆ لای خۆیان، ئەوجار هەر کەسێک ناسنامە بەناوی خۆی دەکات دەچێتە سەر ناسنامەی ئەو نەتەوە و ئەو ئایینەی کە هەیەتی، بۆ نموونە ناسنامەی منداڵی ژنی ئێزیدی دەچێتە سەر ئێزیدی، دایک لە چ پێکهاتەیەک بێت منداڵ دەبێتە ئەو پێکهاتە.
حەوتەم: ئەو کێشەی لە ئافرەتەکانی ئێزیدییەوە دەبێ قانونەکە شمولی تر و گشتگیر تر بێ، بۆیە دەبێ هەنگاوێکی بەوەج بەرەو پێشەوە بێین بەرەو بەرابەری مەدەنی لە ژیانی ژن و پیاو دابین بکات ئەویش ئەوەیە نەک هەر ئافرەتانی ئێزیدی تێکڕای ئافرەتان لە هەرێمی کوردستاندا لەگەڵ پیاو بەرابەر بن و بۆی هەبێ منداڵ بەناوی خۆی بکات.
جیا لە ئافرەتانی ئێزیدی ژمارەیەکی زۆری کوردی ئاوارە هەن لە نەتیجەی تێکۆشاندا لە دەرەوەی کوردستان ژیاون و مێردیان کردووە بە پیاوانی بیانی، ئێستا کە دەگەڕێنەوە کوردستان ناتوانن منداڵەکانیان بەناوی خۆیان بکەن، ئەو کێشەیە تاکوو ئێستاکەش هەر ماوەتەوە. لە لایەکی تر ژمارەیەکی زۆر کێشەی ناوخۆیی لەناو هەرێمی کوردستاندا هەیە کە زۆرجار پیاوی خەشن و نا بەرپرس منداڵەکانی بەسەر ژنەکەدا بەجێ دەهێڵێت و هیچ بەرپرسیاریەتییەک قەبوڵ ناکات، هەروەها منداڵەکان بەکار دەهێنێ بۆ دژایەتی کردنی ئافرەتەکە و منداڵەکانیش، لەم حاڵەتەدا ئەگەر یاسا بەرابەری پشتی ئافرەت بگرێ و ئافرەتەکە بۆی هەبێ منداڵەکان بە یاسا بەناوی خۆی بکات بە مامەڵەی یاسایی جێی باوکیش بگرێتەوە. لەو حاڵەتە زۆر کێشەی کۆمەڵایەتی چارەسەر دەکرێ و بەشێکی زۆریش لە پیاوان ئەگەر خەراپە بکەن ئەوا خەراپەکەیان بە ئامانج ناگات، لەوانەشە لە روویەکی دیکەوە وابکات کە بەشێکی زۆر لە پیاوان پەنا بۆ خەراپە نەبەن، چونکە دەزانن یاسا رێگە بە ئافرەتەکە دەدات جێی ئەو بگرێتەوە.
هەشتەم: بە پێی ئاماری UNFPA 2018 ڕێژەی بەشداری ئافرەت لە بازاری کاری کوردستاندا ١٥% کە ئاستێکی زۆر نزمە. ئەمەش دەتوانیت چەند هۆیەکی هەبیت وەکو هێندەک داب و نەریتی دەست و پێ گیر لە بەردەم پێشکەوتنی ئافرەتان و بەشداری ڕاستەقینەیان. بۆیە پێشنیار دەکەین کە لە ستراتیژی حکومەتدا ڕەچاوی ئەم کێشەیە بکرێت و کار بکرێت بۆ لابردنی هێندەک لەو داب و نەریتانە و بەشداری زیاتر و کاراتری ژنان تا بتوانن گەشە بە تواناکانی خۆیان بدەن و هەروەها سەربەخۆیی ئابووری بە دەست بینن.

 

چالاکییەکان

دەستووری خۆتان بناسن

Thursday 28 December 2017