حوکمڕانیى باش و هاوڵاتیبوونی کارا


ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان , , سیاسەت



ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان

حوکمڕانیى باش و گه‌شه‌ی ئابووری

ئەنیستیتۆی توێژنەوە و گەشەپێدان - کوردوستان، لە رۆژانی ٢ و ٣ /٦/٢٠١٢ سیمپۆزیۆم ــ ێکی لە ژێرناوی (حوکمڕانیى باش و گه‌شه‌ی ئابووری) سازکرد.

پانێلی سێیەم و بابەتی یەکەمی سیمپۆزیۆم لە لایەن د. کاوە محمود: وەزیری ڕۆشنبیری و وەرزش و لاوان بوو لە ژێرناوی().

 

کورته‌ی بیروبۆچوون و پێشنیاره‌کان:

د. کاوە مه‌حموود لە چوارچێوەی چەمکی گەشەپێدانی بەردەوامدا باس لە پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان چەمکی حوکمڕانیى باش و هاوڵاتیبوونی کارا دەکات.

 گەشەپێدانی بەردەوامیش تەنها پەیوەست بە حکومەتەوە نییە، بەڵکو کێشەیەکی کۆمەڵگەییشە. بۆیە کارکردن لەم بوارەدا بە یەک هەنگاو جێبەجێ ناکرێت و پێویستی بە کارێکی درێژخایەن هەیە و ئەو لایەنانه‌ی کە ڕاستەوخۆ سوود لەم چەمکانە وەردەگرن، پێویستە به‌ شێوه‌یه‌کی ئه‌کتیڤ لە دارشتنی سیاسەتدا بەشدار بن.

 ئەم بابەتەش پەیوەندی بە جۆری مامڵە کردنمانەوە هەیە له‌ گه‌ڵ پەیوه‌ندی ته‌قلیدی باو،‌ که‌ په‌یوه‌ندی پێش سه‌رمایه‌دارین. کەواتە  بۆ گۆڕانکاری له‌م پەیونده‌ییاندا ده‌بێ کار بکرێ.

چەمکی هاوڵاتیبوون لە وڵاتی ئێمەدا هەندێک گیر و گرفتی تێدایە. بەشێک لە مەسەلەکە پەیوەندی بە مافەکانی تاکەوە لە ڕوانگەی لیبرالییه‌وه‌ بۆ مافەکان هەیە.

 بەڵام تاکی ئەم ناوچەیە دانەبڕاوە لەو پێکهاتەیەی خۆی نوێنەرایەتی دەکات کە بەشێکە لە پێکهاتەیەکی گەورەتر. لێرەدا ئەرکێک دەکەوێتە بەر دەممان کە  پێی دەگۆترێت: ئەرکی کومەڵگایی. ئەمەیش ئەرکی ئه‌و هێزه‌ کۆمەڵایەتیانه‌یه‌ کە خوازیاری گۆڕانکارین، که‌ چۆن لە چوارچێوەی ناکۆکیەکانی کومەڵگادا مامڵە لە گەڵ ئەم ئەرکەدا بکەن.

لەم 20 ساڵەی ڕابردوودا چەند حاڵەتێک کاریان لەم پەیوەندیانه‌دا کردووە:

  • سەرهەڵدانی چەمکی سەربەخۆیی و که‌مبوونی ئەرکی دەوڵەت کە پەیوەندی بە پەرەسەندنی تیۆری دەوڵەتەوە هەیە.
  • سەرهەڵدانی نیۆلیبرالیسم.
  • سەرهەڵدانی هێندێک ستراتێژی لە بواری گەشەپێداندا.
  • چەمکی گلۆبالیزم.
  • سەرهەڵدانی چەمکی گەشەپێدانی بەردەوام بەو مانایە کە:

١.  هەر تاکێک بتوانێت بەشداربێت لە گەشەپێدانی بەردەوامدا.

٢.  کارکردن بۆ مافی ژنان و هەژاران و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ نەوەی داهاتوو.

٣.  پاراستنی ئەو سیستەمانەی لە سروشتدا هەن و موڵکی کۆمەڵگەن.

گەشەپێدانی بەردەوام تەنها پەیوەندی بە گەشەپێدانی ئابوورییەوە نیە، بەڵکو گرنگە کە تاک پەروەردە بکرێت تاکو بتوانێت ژیانێکی بەردەوام و بێوەی و سەلامەت بژیت (گەشەپێدانی مرویی).

چەمکەکانی وەک (Human Resource Development) و عەدالەت و هاوکاری و پاراستن و بوژاندنەوەی سیاسەت لە بواری ژنان و نەهێشتنی هەژاری و دروستکردنی شانسی کار هیچیان جێبەجێ‌ ناکرین ئەگەر حوکمڕانیى باش نەبێت. بۆیە پەیوەندی نێوان دەوڵەت و هاووڵاتی پێداچوونەوەیەکی جیددی پێویستە.

چەمکی حوکمی باش ئەمەیە: دەبێ بۆ چارەسەرکردنی گرفتە کۆمەڵایەتییەکان دەستکەوتەکان‌ سەرلەنوێ‌ دابەش بکرێنەوە.

چەمکی حووکمڕانیى باش چەند بنەمایەکی هەیە:

1. بەشداری کردن.

2. سەروەری یاسا.

3. شەفافییەت.

4. بە دەنگ هاتنەوە.

5. کارکردن بۆ نزیکردنەوەی بۆچوونەکان.

6. یەکسانى.

7. لێهاتوویی و شیان.

8. لێپرسینەوە.

9. بینینی ستراتیژی.

10. ڕەهەندی متمانەکردنی هاووڵاتی بە دەوڵەت.

 

له‌ به‌شی متمانەی هاووڵاتی بە دەوڵەتدا، ده‌بێ دوو چەمکی متمانە بە حکومەت یان حیزبە سیاسیەکان و متمانە بە دامەزراوەکان ‌ لە یەکتر جیا بکرێنەوە.

 متمانە بە دامەزراوەکانی دەوڵەت زۆر گرنگە تاکو ئەم دامەزراوانە بتوانن لە کارەکانیاندا بەردەوام بن. بوونی ئەم متمانایەش لە بڕیار و تەشریعاتی حکومەتدا ڕەنگ دەدادەتەوە. به‌ شێویه‌ک کە لەگەڵ رەفاهیەت و پێداویستیەکانی خەڵکدا بگونجێن. 

متمانەی سیاسی بۆ دامه‌زراوه‌کانی حکوومه‌ت ئەو کات دروست دەبێت کە حکومەت 1. بە بێ‌ جیاوازی تەماشای کومەڵگا بکات 2. هەلومەرجی پڕ لە کەرامەت بۆ خەڵک ئامادە بکات 3. توانا و مەهاراتی مرۆیی بەرەو پێش ببات. 

دەزگای حوکمڕانیى و دەستپاکی لە ساڵی 2010 دامەزراوە، بەڵام زۆربەی خەڵک لێی ئاگادار نین. ئەمەش کەمتەر خەمی حکوومەتە کە زانیاری باش ناگەیەنێتە خەڵک.

 دەزگای حوکمڕانی و دەستپاکی لە چەمکی حوکمڕانیى باش 4 چەمکی بەکارهێناوە کە بریتین لە: ١. سەروەری یاسا ٢. خزمەتکردنى گشتی٣. شەفافیەت ٤. بەکارهێنانی سەروەت و سامانى گشتى. بەڵام 6 چەمکی تری فەرامۆش کردووە.

که‌مایه‌سی به‌رچاوی نه‌بوونی پەیوەندی‌ لە نێوان ئه‌و دامەزراوانه‌دا که‌ لە بواری هاوڵاتیبووندا چاڵاکن و کار ده‌که‌ن، جا چ لە کەرتی تایبەت یان حکوومی یان سه‌ر به‌ کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بن.

حکوومەتی هەرێم لە بواری چەمکی گەشەپێدانی بەردەوام و حوکمڕانیى باش و هاوڵاتیبووندا کومەڵێک بڕیاری داوە: شەفافیەت، ڕێکخستنی کاری ڕۆژنامەگەری و یاسای پێدانی زانیاری. ئه‌مانه‌ هەموویان دەچنە خانەی هاوڵاتیبوونی چاڵاکەوە کە دیسان دەگەڕێنه‌وه‌ بۆ حووکمڕانیى باش. گرفتێکی به‌رچاو ئه‌مه‌یه‌ کە ئەو یاسایانە وەک دورگەی دابڕاو لە یەکتر کاردەکەن.

چەند گرفتێک لە شێوه‌ی مامڵەکردن لەگەڵ سێ‌ چەمکی گەشەپێدانی بەردەوام، حوکمڕانیى باش و هاوڵاتیبوونی کارادا:

1. گرفتی دوو حکومەتی (پارتی و یەکیتی).

2. نەبوونی هەماهەنگى لە نێوان لایەنەکانی حکومەتدا.

3. هەبوونی هێزی تەقلیدی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا.

گرفتی یەکەمی ئێمە بۆ درووستبوونی دەوڵەت، چەمکی هاوڵاتیبوونی کوردستانییە. ئەم گرفتەش لە ئەقلیەتی دانانی میزانیەدا ڕەنگ دەداتەوە.

 ئەگەر دوو میزانیەمان هەبێت، قەت ناتوانین باس لە چەمکی هاوڵاتیبوونی کوردستانی بکەین. چونکە ناسنامەى لۆکاڵی دروست دەبێت کە زیانی بۆ ناسنامەى کوردستانیمان هەیە.

 بۆیە دەبێت ته‌وازونێک له‌ نێوان ناسنامەی لوکاڵی و کوردستانیدا هەبێت. بەڵام نابێت لە سەر بەرژەوەندی ناسنامەى کوردستانیمان بێت. هەروەها نابێت ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بۆ کاری حیزبی بە کار بێن.

پشنیار بۆ چارەسەری:

1. دەبێ‌ لەم قوناغە ئینتیقالیە دەرباز بین بەڵام  فەلسەفەی حوکمڕانیى و کرداری حوکمڕانیى دەبێت ‌ڕوون بێت تاکو بزانین چیمان دەوێت.

2. دەبێ‌ هەڵگرە کۆمەڵاتییەکان لە ناو کۆمەڵگادا دروست بکەین و لێرەدا ڕۆڵی حیزبی سیاسی و کۆمەڵگای مەدەنی و کەرتی تایبەت زۆر گرنگە. دەبێ تێکڕای کاره‌کانیشمان‌ لە چوارچێوەی ئازادییە دەستورییەکاندا بن.

3. لە بواری پلاندانان لە هەر بوارێکدا، دەبێ‌ توێژی مەبەست بەشدار بێت لە پرۆسه‌ی دانانی پلاندا و بە بەردەوامی گفتوگۆ لە نێوان بڕیاربەدەستەکان و ئاکادیمیسیەن و خەڵک دا هه‌بێ.

ئەگەر ئەم سێ‌ ڕەهەندە لە گەڵ یەکتر کۆ بکرێنەوە دەبنە بنەمایەکی چاک بۆ حوکمڕانیى باش.

پێشنیارو تێبینی: نووسەر باس لە پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان چەمکی حوکمڕانیى باش و هاوڵاتیبوونی کارا دەکات لە چوارچێوەی چەمکی گەشەپێدانی بەردەوام دا. گەشەپێدانی بەردەوامیش تەنها پەیوەست بە حکومەتەوە نییە بەڵکو مەسەلەیەکی کۆمەڵگەییشە. پێداچوونەوەیەک پێویستە لە سەر پەیوەندی نێوان دەوڵەت و هاوڵاتیدا.

چەمکی حوکمی باش ئەمەیە: دەبێ بۆ چارەسەرکردنی گرفتە کۆمەڵایەتییەکان دەستکەوتەکان‌ سەرلەنوێ‌ دابەش بکرێنەوە.

دەزگای حوکمڕانیى و دەستپاکی لە ساڵی 2010 دامەزراوە، بەڵام زۆربەی خەڵک لێی ئاگادار نین. ئەمەش کەمتەر خەمی حکوومەتە کە زانیاری باش ناگەیەنێتە خەڵک. دەزگای حوکمڕانی و دەستپاکی لە چەمکی حوکمڕانیى باش 4 چەمکی بەکارهێناوە کە بریتین لە: ١. سەروەری یاسا ٢. خزمەتکردنى گشتی٣. شەفافیەت ٤. بەکارهێنانی سەروەت و سامانى گشتى. بەڵام 6 چەمکی تری فەرامۆش کردووە.

حکوومەتی هەرێم لە بواری چەمکی گەشەپێدانی بەردەوام و حوکمڕانیى باش و هاوڵاتیبووندا کومەڵێک بڕیاری داوە: شەفافیەت، ڕێکخستنی کاری ڕۆژنامەگەری و یاسای پێدانی زانیاری. ئه‌مانه‌ هەموویان دەچنە خانەی هاوڵاتیبوونی چاڵاکەوە کە دیسان دەگەڕێنه‌وه‌ بۆ حووکمڕانیى باش.

چالاکییەکان