دیڤید فلێپس: داوامان کردووە ئەمریکا وەکو شەریک سەیری ھەرێمی کوردستان بکات


ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان , , سیاسەت



ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان

(دیڤید فلێپس) بەرێوەبەری پرۆگرامی ئاشتی و مافی مرۆڤ لە زانکۆی کۆڵمبیا رایدەگەیەنێت ئێستا ئەو کاتەیە کە کورد دەبێت کاروانی سەربەخۆیی خۆی بەرێبخات و کوردەکان لە گونجاوترین کاتدان بۆ بەدەستخستنی سەربەخۆیی خۆیان.
دیڤید فلێپس بەرێوەبەری پرۆگرامی ئاشتی و مافی مرۆڤ لە زانکۆی کۆڵمبیا لە سەمینارێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان، بۆی رێکخرابوو، ئاماژە بەوە دەدات داوایان لەسەرۆک ئۆباما کردووە بنکەی سەربازی لە کوردستان بکاتەوە تا لەگەڵ ساتی بوونی کورد بەدەوڵەتی سەربەخۆ ئامادەبێت، دەشڵێت "داوامان لە سەرۆک ئۆباما کردووە چیتر چەک لەرێگای بەغداوە نەدرێت بەکوردستان، بەڵکو پێویستە راستەوخۆ چەک بەکورد بگات".
راشیدەگەیەنێت پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرنامەیەکی ھەمەلایەنە ئامادەبکات بۆ چارەسەری قەیرانەکان و داواش لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات ببێتە ئەندام لەو رێکخراوەدا. دەشڵێت "داوامان کردووە ئەمریکا وەکو هاوبەش سەیری ھەرێمی کوردستان بکات و واقع لەبەرچاو بگرێت و رێگە لەدەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان نەگرێت، چونکە ئەوانەی پێیان وایە عێراق یەکگرتووە لە خەیاڵدا دەژین".
روونیشیدەکاتەوە کە ئێستا شەریک و ھاوبەشی ئەمریکایە لە بوارەکانی ( سەربازی، ئەمنی، بواری وزە، بوارەکانی مافەکانی مرۆڤ و دانی مافی کەمینەکان و مافەکانی ئافرەتان)".
ناوبراو کە لە نزیکەوە ئاگاداری دروستبوونی دەوڵەتی تەیموری رۆژھەڵات و باشووری سودانە جەختدەکاتەوە "ھیچ کامێک لە کورد زیاتر بۆ دەوڵەت ئامادە نەبوون". دەشلێت "ئەگەر کورد بە بەرنامە گفتوگۆ لەگەڵ عێراق و دراوسێکانی بکات، سەربەخۆیی بەدەست دێنێت".
دیڤد فلێپس کە ٢٧ ساڵە ھاتوچۆی کوردستان دەکات و سەرسامە بەو پێشکەوتننانەی کوردستان، داوا لەسەرکردەکانی کورد دەکات ناکۆکییەکانیان بەلاوەبنێن و ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەن، وتیشی "ئەگەر ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەن دەبن بەشەریکی ئەمریکا".
لەسەر حکومەتی ئێستای عێراق رایەکی راشکاوانەی ھەبوو کە ئەو حکومەتە ئیرادەی خۆی لەدەستداوە و لەلایەن ئیرانەوە کۆنترۆڵکراوە.

چالاکییەکان