ئاسۆکانی حوکمڕانیى باش و سنوورەکانی واقیع


ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان , , سیاسەت



ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان

ئەنیستیتۆی توێژنەوە و گەشەپێدان - کوردوستان، لە رۆژانی ٢ و ٣ /٦/٢٠١٢ سیمپۆزیۆم ــ ێکی لە ژێرناوی (حوکمڕانیى باش و گه‌شه‌ی ئابووری) سازکرد.

پانێلی پێنجەم و بابەتی یەکەمی سیمپۆزیۆم لە لایەن د. هشام داوود: بەڕێوەبەر لە دامەزراوەی زانستی مرۆیی لە ژێرناوی( ئاسۆکانی حوکمڕانیى باش و سنوورەکانی واقیع).

کورته‌ی بیروبۆچوون و پێشنیاره‌کان:

حوکمڕانیى باش جاران لە لایەن ئەفلاتوون و دواتر لە سەدەی سێزدەدا و لەلایەن پاشاکانی فەرەنسه‌ و بە مەبەستی پێدانی دەسەڵات بە ناوچەکان بەکار دەهێنرا. دوای شۆڕشی فەرەنسه‌ 1789 چەمکی حوکمڕانیى باش نەما. به‌ڵام دواتر  لە سالی 1989دا و دوای پێناسەکردنی بانکی نێودەوڵەتی، چەمکی حوکمڕانیى باش سەرلەنوێ لە فەرەنسەدا‌ بەکارهێنرایەوە.

ئەم چەمکە بە سێ‌ قۆناغدا تێپەریوە:

قۆناغی یەکەم، فەرەنسی و ئینگلیزه‌کان نموونەی حوکمڕانیى باشیان لە سەدەکانی ڕابردوو بە کار دەهێنا. لەو‌ سه‌رده‌مه‌دا‌ فەرەنسیەکان به‌ وڵاتپەروەر و قەومی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دران و ئینگلیزەکان لە قۆناغی بەر لە بەدەوڵەت بووندا بوون.

قۆناغی دووەم، لە سه‌ده‌ی ڕابردوودا چەمکی حوکمڕانیى باش تەنها لە بواری ئابووری بەکاردەهێنرا و مانای کارگێڕی دەدا. لە 1980دا و دوای هاتنی "تاچێر" لە بەریتانیا، که‌ هاوکات بوو له‌گه‌ڵ هاتنی "ڕۆنالد ڕیگان" لە ئەمریکا، کە بە سەردەمی شۆڕشی لیبرالی پارێزەر (اللیبرالیه‌ المحافظة‌) دەناسرا، وەک نموونەیه‌کی حوکمڕانیى باش چاوی لێکرا.

جیهانی سێهەم لەو سەردەمەدا لە کێشەی ئابوورییەکی سەختدا دەژیا و بەسەر دوو لایەندا دابەشکرا بوون. ئەویش لایەنی سوڤییەت و لایەنی ڕۆژئاوا، که‌ به سەردەمی جەنگی سارد ناوده‌بردرا.

قۆناغی سێهەم، له دواى ڕووخانی سەنگەری ئیشتیراکیەت (سوڤییەت) ده‌ستپێده‌کات. لەم سەردەمەدا جیهانی سێهەم خەریکی ڕێکخستنەوەی خۆی بوو و "تاچێر" و "ڕێگان" له ده‌سه‌ڵات نەمابوون. بەڵکو سەردەمی "تونی بلێر" و" بیل کلینتۆن" بوو کە بیریان لە لێبوردن لە قەرزەکانی وڵاتانی جیهانی سێهەم دەکردەوە. بەمەرجێک‌ بەڕێوەبردنی وڵاتەکانیان و شێوەی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کۆمەڵگاکانی خۆیان بگۆڕن. هەروەها لەم سەردەمەدا ڕێکخراو و بزوتنەوە دیموکراتیەکان لە جیهانی سێهەمدا داوای شێوەی (حوکمڕانیى باشتری) ڕۆژئاوایان لەگەڵ جیهانی سێهەم دەکرد.

چەمکی حوکمڕانیى باش چەمکێکی وڵاتانی ڕۆژئاوایە که‌ له‌ کاتی پراکتیزەکردنی ئەم چەمکەدا وڵاتەکانیان له‌ ئاستێکی زۆر مۆدێرندا بوون. به‌ڵام ئێمە تا چ ڕادەیەک دەتوانین ئەم چەمکە لە وڵاتەکانماندا جێبەجێبکەین؟ چونکە لەوانەیە (بە حوکمی سروشتی وڵاتەکانمان) ئەم چەمکە لە بە کارهێنانیدا ئاکامی سلبی لێبکەوێتەوە.

جیاوازی کۆمەڵایه‌تی و ڕۆڵی خێل و هۆز و عەشیرەتەکان لە کوردستاندا گەلێک بەرچاوە. لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە ناتوانین بڵێین کە هەرێمی کوردستان یان عیراق بەگشتی دوو کۆمەڵگەی عه‌شایرین. بەڵام دەتوانین بڵێین کە دوو کۆمەڵگەن کە هۆز و عەشایری تێیدا هەن. چونکە ئەم دوو کۆمەڵگەیە دامەزراوەیان هەیە و لەژێر ئەمری عەشیرەتەکاندا کارناکه‌ن. بۆ نموونە سەرۆکی هۆزی "دلێم" کە هۆزەکەی نزیکەی 800000 ئەندامی هەیە نەیتوانی لە بەسرە و لە هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکاندا زیاتر لە 538 دەنگ بەدەست بهێنێت. ئەمەش ئەوەمان دەخاتە بەرچاو کە ڕۆڵی هۆز و عەشیرەتەکان گۆڕاوە.

پێشنیار وتێبینی:

لە ڕۆژئاوادا ڕەوشی ئابووری سیاسی لە ئارادایە بەڵام ڕەوشەکە لای ئێمە ڕەوشێکی سیاسیی ئابووریە و دەتوانرێت هەموو ئامرازە ئابوورییەکان بەیەک بڕیاری سیاسی ڕابگیرێن.

حوکمڕانیى باش هەنگاوێکە بەرەو پێشەوە و بەستراوە بەشەفافییەت و دیموکراتیەت و یاسا و دامەزراوەکان لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا. ئەگەر شێوەی کۆمەڵگەکان بەرچاو نەگیرێت ڕەنگە بەکارهێنانی حوکمڕانیى باش دەرئەنجامی پێچەوانە و چاوەڕێ نەکراوى لێ بکەوێتەوە.

چالاکییەکان