هەوڵێك بۆ هەڵسەنگاندنی تەجرەبەی دیپلۆماسیی هەرێمی كوردستان

هەوڵێك بۆ هەڵسەنگاندنی تەجرەبەی دیپلۆماسیی هەرێمی كوردستان


فەلاح مستەفا , , سیاسەت



 

ڕۆژی سێ شەممە ۱۱/۲/۲٠۲٠ ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان_كوردستان IRDK، سەمینارێكی بە ناوی (هەوڵێك بۆ هەڵسەنگاندنی تەجرەبەی دیپلۆماسیی هەرێمی كوردستان) بۆ بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسی پێشووی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان سازكرد.
لە سەمینارەكەدا فەلاح مستەفا باسێكی گشتی لەبارەی هێڵی گشتیی دیپلۆماسی و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بەدەرەوەی كوردستانەوە پێشكەشكرد و لەو چوارچێوەیەدا هەل و بەربەستەكانی بەردەم ئەزموونی دیپلۆماسیی هەرێمی كوردستانی شیكردەوە. لەم ڕووەوە فەلاح مستەفا ئاماژەی بەوەكرد بارودۆخی باشی تەناهی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە و كردنەوەی دەرگە بەڕووی ئاوارە و لێقەوماوان لە هەرێمی كوردستاندا خاڵە هەرە گەشەكانی دیپلۆماسیی كوردستان بوونە. بەڵام كۆمەڵێك كێشەی سیاسی و ئابوریش لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا ماون كە وەكو بەربەستی بەردەم دیپلۆماسیی هەرێمی كوردستان دەبینرێن.
هەر میانی قسەكانیدا فەلاح مستەفا جەختی لەسەر ئەو ڕووداو و پێشهات و هەڵوێستانە كردەوە كە لە سەروبەندی ئامادەكارییەكانی سازدانی ڕیفراندۆمدا هاتوونەتە بەردەمی دەزگای دیپلۆماسیی هەرێمی كوردستان و بۆچوون و گوتاری دەوڵەتانی لەوبارەوە ڕوونكردەوە.
لە بەشێكی دیكەی سەمینارەكەدا باسی لەو خاڵ و پێشمەرجانە كرد كە لەڕووی كارگێڕی و تواناوە دەزگای دیپلۆماسی و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە پێشدەخەن. هەروەها جەختی لەو بنەما و بەهایانە كردەوە كە لە ئایندەدا دەبێت لەڕووی پەیوەندییە سیاسی و كلتوری و ئابورییەكانەوە لە دیپلۆماسیی كوردستاندا جەختی لێ بكرێتەوە، بە تایبەت بۆ هەرێمی كوردستان كە ئەكتەرێكی دەوڵەت نیە و وەكو ئەكتەرێكی نادەوڵەتی دەتوانێت جوڵە بكات.
لە بەشی دووەمی سەمیناردا، ئامادەبووان كە پێكهاتبوون لە نووسەر و توێژەر و ڕاگەیاندكاران، پرسیار و سەرنجی خۆیان ئاراستەی سەمیناریست كرد و ئەوەش وەڵامدانەوە و گفتوگۆی لێكەوتەوە.