ڕوانگه‌ی ڕۆژئاوا له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان

ڕوانگه‌ی ڕۆژئاوا له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان


Garris stansfield , , سیاسەت



ئه‌نستیتۆی توێژینه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدان ــ كوردستان، ڕۆژی 21/6/2014 سیمینارێكی ده‌رباره‌ی (ڕوانگه‌ی ڕۆژئاوا له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان) بۆ بەڕێز (پرۆفیسۆر گارێز ستانسفیڵد) سازكرد.

 

پرۆفیسۆر گارێز ستانسفیڵد، له‌ زانكۆی ئێگزیته‌ری به‌ریتانی مامۆستایه‌ و یه‌كێكه‌ له‌و توێژه‌رانه‌ی به‌ریتانیا كه‌ له‌ بیست ساڵی ڕابردوودا به‌رده‌وام چاودێری بارودۆخی كوردستانی كردووه‌، هه‌روه‌ها یه‌كێكه‌ له‌و توێژه‌رانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر مێژووی هاوچه‌رخی كوردستان ده‌نوسێت، تا ئێستا سێ كتێبی نوسیوه‌ كه‌ یه‌كێكیان به‌ ناوی عێراقی ئاینده‌یه‌، هه‌روه‌ها له‌ كتێبی ته‌نگژه‌ی كه‌ركووكدا به‌شداربووه‌.

پرۆفیسۆر گارێز، له‌ سه‌ردانی ئه‌مدواییه‌یدا بۆ كوردستان له‌ ئه‌نستیتۆی توێژینه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدان ـ كوردستان، سمینارێكی له‌سه‌ر بارودۆخی ئه‌مڕۆی كوردستان و ڕوانگه‌ی ڕۆژئاوا به‌رانبه‌ر به‌ داهاتووی كوردستان پێشكه‌ش كرد، له‌ سمیناره‌كه‌دا گفتوگۆیه‌كی دوور و درێژی له‌گه‌ڵ به‌شداربوان كه‌ پیكهاتبوو له‌ ژماره‌یه‌ك چاودێری سیاسی و ئه‌كادیمسیۆنی كوردستانی كرد.

گارێز له‌ سه‌رتادا باسی له‌ هه‌وڵه‌كانی نوسینی خۆی له‌ كتێبی (عێراقی داهاتوو)دا كرد، هه‌روه‌ها باسی له‌ سیاسه‌تی به‌ریتانیا له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی ڕابردوو كه‌ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی دامه‌زراند و عێراق چۆن دروست بوو كرد، هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ كرد كه‌ دروست بوونی عێراق بڕیارێكی هه‌ڵه‌ بووه‌ هه‌ربۆیه‌ش له‌ ماوه‌ی هه‌شتا ساڵی ڕابردوودا عێراق نه‌بوو‌ به‌ وڵاتێكی یه‌كپارچه‌ و ئینتیما له‌ به‌ینی پێكهاته‌كانی دروست نه‌بووه‌، به‌رده‌وام هه‌رسێك پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی ناو عێراق هه‌ریه‌كه‌یان به‌ شێوه‌ی تایبه‌تی خۆی و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی بیری كردۆته‌وه‌.

گارێز له‌م باسه‌یدا جه‌ختی له‌سه‌ر دوو نه‌ته‌وه‌ی جیاواز له‌ عڵاراقدا كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش عه‌ره‌ب و كورده‌، ئه‌و پییوابوو كه‌ له‌ ئێستادا ده‌بێ كوردستان زۆر به‌ وشیاریه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئه‌مڕۆی عێراقدا بكات و له‌ پرۆسه‌ی گفتوگۆ له‌ نێوان كه‌سایه‌تییه‌كانی گه‌له‌كانی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی عێراقی بێ و كورد له‌ عه‌ره‌بی شیعه‌ و سوننه‌ و پێكهاته‌كانی دیكه‌ دانه‌بڕێت، به‌تایبه‌تیش پێیوابوو كه‌ ده‌بێ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێشخه‌ری بكات بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك جاران ئه‌و یه‌كتر بینینی پێكهاته‌كان له‌ كوردستان ڕوو بده‌ن و لێكتێگه‌یشتن دروست بێت، ئه‌مه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ كه‌مێك ئارامی به‌ عێراق ده‌دات و له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ كورد ده‌بێ هه‌وڵ بدات ڕێگای خۆی له‌ نێوه‌نده‌كانی نێوده‌وڵه‌تیدا بكاته‌وه‌ و هه‌وڵبدات په‌یوه‌ندیه‌كانی خۆی له‌ بواری بازرگانی و سیاسی پته‌وتر بكات و متمانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ڕۆژ به‌دوای ڕۆژ زیاتر بۆ‌خۆی دروست بكات، تا ده‌گاته‌ قۆناخێك كه‌ دواجار زه‌مینه‌ دروست ده‌بێ بۆ مافی چاره‌ی خۆنووسین و كورد بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆی بدات.

ڕوانگه‌ی گارێز له‌وه‌دا كۆده‌بۆوه‌ كه‌ جارێ زه‌مینه‌ زۆر له‌بار نییه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی، ئه‌و پێیوابوو كه‌ داعش یان ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها هێزه‌كانی داعش هێزی خێرا و كاردانه‌وه‌ی خێران بۆیه‌ ده‌بێ سوپای پێشمه‌رگه‌ له‌ كوردستان وریابێ تا نه‌كه‌ونه‌ به‌ر په‌لامارێكی خێرای داعش.

گارێز پێیوابوو نه‌بوونی هێزی ئاسمانی له‌ لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ یه‌كێكه‌ له‌ خاڵی لاوازی ئه‌و هێزه له‌ كاتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ داعش یان حكوومه‌تی عێراقدا‌‌‌، هه‌روه‌ها له‌ باره‌ی سوپای پێشمه‌رگه‌ ئه‌و پێیوایه‌ كه‌ ئه‌م سوپایه له‌ ده‌ ساڵی ڕابردوودا‌ ڕاهاتووه‌ له‌ سه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، بۆیه‌ ده‌بێ خۆی ئاماده‌ بكات ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كوردستان كرا شه‌ڕی به‌ره‌یی و به‌رفراوان به‌ درێژایی هه‌زار كیلۆمه‌تر له‌گه‌ڵ داعش یان له‌گه‌ڵ عێراق بكات.

لێكتێگه‌یشتن و نزیكبوونه‌وه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان یه‌كێكی دیكه‌بوو له‌ باسه‌كانی گارێز، ئه‌و پییوابوو كه‌ ئه‌وه‌ یه‌كپارچه‌یی و بڕیاری سیاسی له‌ كوردستان یه‌ك ده‌خات، ده‌بێت كورد به‌سه‌ر ئه‌و كیشه‌ لاوه‌كیه‌ ناوخۆییانه‌یدا زاڵ بێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری وڵاتانی ده‌ورووبه‌ر.

ئه‌مه‌ كورته‌یه‌ك بوو له‌ بیروو بۆچونی پرۆفیسۆر گارێز، ده‌توانن ته‌واوی سمیناره‌كه‌ به‌ ده‌نگ و وێنه‌ له‌ ڤیدیۆكه‌دا ببینن.

*