بارودۆخی عێراق بە كام لادا دەچێت؟

بارودۆخی عێراق بە كام لادا دەچێت؟


شێرزاد نەجاڕ , , سیاسەت



رۆژی سێشەممە 2019/12/17 ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان – IRDK، سەمینارێكی دوو كاتژمێری بۆ سێ لە ئەكادیمی و توێژەرانی یاسا و زانستە سیاسییەكان بە ناونیشانی (بارودۆخی عێراق بە كام لادا دەچێت؟) بۆ گەنگەشەكردنی بارودۆخی ئێستای عێراق و ئەگەرەكانی بەلاداكەوتنی قەیرانەكە بەڕێوەبرد.

ئەم سەمینارە دوای نزیك بە سێ ساڵ لە تەنگوچەڵەمەی ناو عێراق و خۆپیشاندانەكانی نەجەف و كەربەلا و شارەكانی دیكەی عێراق بەڕێوەچوو، كە وێدەچێت بارودۆخی ئەو وڵاتە بەوهۆیەوە لە تەنگوچەڵەمەیەكی قوڵدا بێت و لەم بارودۆخەی ئێستادا ئاسان نەبێت وەكو جارانی پێَشوو بە سەلامەتی لێیدەرچێت.

لە بەشی یەكەمی سەمیناردا پسپۆڕی زانستە سیاسییەكان (پ.د. شێرزاد نەجاڕ) باسی لایەنەكانی تیۆری شۆڕش و خۆپیشاندان و پێویستیی گۆڕانكارییەكان و خواستە گشتییەكانی لە وڵاتێكدا كرد كە لە تەنگوچەڵەمەی قوڵدا دەژیت، وە تێیدا باسی ئەو بنەما تیۆرییانەی كرد كە جاری وایە وڵات بە جۆرێك لە قەیرانی قوڵدایە و خەڵك بە ئاسانی پاشەكشە ناكەن، چونكە باشكردنی ژیان و چاككردنی دامودەزگاكان و داهاتوویەكی خۆشتریان دەوێت. وە سەركردەكانیش كە لەو تەنگوچەڵەمەیەدا ڕۆچوونە و لەگەڵی ڕاهاتوون، توانای بیركردنەوەیان بەجۆرێكی دیكە نیە و ناتوانن لەو داهاتووە بگەن كە جەماوەر دەیەوێت. بۆیە یان پشت بە فرتوفێڵی سیاسی دەبەستن، یان پشت بە فەرامۆشكردن و نكۆڵیكردنی تەنگوچەڵەمەكە و پەنابردن بۆ توندوتیژی و شێوازە سەربازی و ئەمنییەكان دەبەن، وە سەرەنجام دەڕووخێن. ( د.شێرزاد نەجار)، لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بارودۆخی ئێستای عێراقی لەگەڵ ئەو تیۆری و پارادایمانە بەراوردكرد.

لە بەشێكی دیكەی سەمیناردا پسپۆری یاسای نێودەوڵەتی (د.نەژدەت ئاكرەیی)، لە ڕوانگەی زانستی سیاسییەوە لەبارەی مرۆڤ و گروپی ناڕازی و خۆپیشاندان و زەبروزەنگی جەماوەر و دەسەڵاتی قەیراناوی، باسی لە كۆمەڵێك تیۆری و پێناسەی دیاریكراو كرد. لە شیكردنەوەی دۆخی عێراقدا ئاكرەیی هەوڵیدا پیشانی بدات ئەو تەنگوچەڵەمانەی لە عێراقدا هەن زۆر جددین و پاشەكشە لێیان كارێكی ئاسان نیە، بەڵام پێشبینی ئەوەی كرد لە هەموو حاڵەتێكدا ئەگەر دەسەڵاتداران نیازیان بێت، بۆی هەیە بە گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی لە دەسەڵاتی عێراقدا ئەم قۆناغەش بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت، وە ئەگەری ڕوودانی كودەتای سەربازی لە عێراقدا بەدوور زانی.

لە بەشێكی دیكەی سەمیناردا سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیری سیاسی (د.دڵشاد میران) شیكردنەوەیەكی لەبارەی عێراقەوە پێشكەشكرد. میران باسی لەوەكرد تەنگوچەڵەمەكان لە ناو حكومەتی عێراقدا قوڵن، دامودەزگای حكومەت توانای تێگەیشتن و چارەسەری كێشەكانیان نیە، هەربۆیەشە ئەگەری توندتربوونی تەنگوچەڵەمەكە هەیە. ئەگەر ئەمجارەش عێراق ئارامی بەخۆیەوە بیینێت، ئەو خۆپیشاندانانە دێنەوە مەیدان، چونكە ئەو داواكارییانەی خەڵك دەیانەوێت بریتین لە داواكاری ژیان و پاراستنی كەرامەتیان.

لە كۆتایی سەمیناردا كۆمەڵێ بەشداربوو و میوانی دیكە كە لە توێژەران و ئەكادیمی و میدیاكاران پێكهاتبوون، گفتوگۆ و گەنگەشەی باس و بابەتەكانیان كرد. وە هەرسێ قسەكەری سەرەكیش لە وەڵامی میواناندا لە پێشبینیان بۆ ئاراستەی ئەو خۆپیشاندانانەی عێراق كە ئێستا دەگوزەرێت، ئەوەیان دووپاتكردەوە ئەگەری كودەتا لە عێراقدا دوورە، بەڵام ئەو قەیرانە بەردەوامدەبێت و دەوڵەتی عێراق چونكە قەیراناوییە، ناتوانێت بە ئاسانی لەسەر پێی خۆی بوەستێت.