
ئه‌نیستیتۆی توێژینه‌وه و گه‌شه‌پێدان، ڕۆژی ٧ی نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠١٧ سه‌مینارێکی بۆ "د.شێرزاد نه‌جاڕ" گرێدا، که تێیدا تیشکی خسته سه‌ر دواپێشهات و ئاڵۆزییه سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان.
نه‌جاڕ له‌سه‌ره‌تای سه‌میناردا، له ڕێگه‌ی میتۆدی زانستی و ئه‌کادیمی ئه‌وه‌ی شیکرده‌وه که پێویسته سیاسه‌ت له مه‌یداندا له‌سه‌ر بنه‌مای واقیعیبوون دابڕێژرێت و دووربێت له وههم و خه‌یاڵی خۆکرد، که یه‌کێک له‌کێشه‌کانی قۆناغه‌که هه‌ژمارنه‌کردنی وردی یاسای ده‌ستووری و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بوو.
له سه‌میناره‌که‌دا نه‌جار وه‌کو پسپۆرێکی بواری زانسته سیاسییه‌کان تیشکی خسته سه‌ر ئه‌و هه‌ڵه و گرفتانه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سته‌بژێری سیاسیی کوردستانه‌وه ئه‌نجامدراون و بوونه‌ته هۆی به‌ربه‌ستی نوێ بۆ دۆخی کوردستان. له‌و میانه‌شدا ناسه‌قامگیری سیاسی و ئابوری و سایکۆلۆژی کوردستانی به‌هۆی دوا شکسته‌کانی ١٦ی ئۆکتۆبه‌ر شیکرده‌وه.
سهمیناریست پێیوایه هه‌رچه‌نده سه‌رکه‌وتنی ڕیفراندۆم هه‌میشه وه‌کو کارتێکی گرنگ ده‌کرێ له دانووستانه‌کانی ئاینده‌دا له لایه‌ن کورده‌وه به‌کاربهێنرێت، به‌ڵام پێویسته ئه‌م قۆناغه به هزر و پلانی نوێ تێپه‌ڕێنرێت و دووربێت له پشت به‌ستن به‌و دۆستانه‌ی که ته‌نیا له خه‌یاڵدانی کورددا وه‌کو دۆست وێنادهکران.