حوکمڕانیى باش و گه‌شه‌ی ئابووری

حوکمڕانیى باش و گه‌شه‌ی ئابووری


سەرۆ قادر , , ئابوری و دارایی



ئەنیستیتۆی توێژنەوە و گەشەپێدان - کوردوستان، لە رۆژانی ٢ و ٣ /٦/٢٠١٢ سیمپۆزیۆم ــ ێکی لە ژێرناوی (حوکمڕانیى باش و گه‌شه‌ی ئابووری) سازکرد.

سه‌رۆ قادر به‌ڕێوه‌به‌ری (ئەنیستیتۆی توێژنەوە و گەشەپێدان - کوردوستان) له‌گه‌ڵ هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌خێرهێنانی به‌شداربوان گوتاری كردنه‌وه‌ی ـ سیمپۆزیۆم ـ ی پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بوان كرد.

میوانانی به‌رێز و خۆشه‌ویست به‌یانیتان باش

به‌ناوی خۆم و هاوكارانم له‌ ئه‌نستیتۆی توێژینه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدان، به‌خێرهاتنتان ده‌كه‌م. هیوادارم لەم دوو ڕۆژەی لە پێشمانە،‌ باس و گفتوگۆیه‌كی دەوڵەمەندمان هه‌بێت. هه‌ردووك ته‌وه‌ری ده‌وڵه‌تی باش و گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری، بۆ ئەمڕۆی كوردستان بایه‌خی پله‌ یەکەمیان هه‌یه‌. بۆ دەربازبوون لە کەموکوڕییە زۆروزەبەندەکانی ژیانی ئابووری ئێستای کوردستان و کەمکردنەوەی کێشە کارگێڕییەکان و ڕوونکردنەوەی دوورنەمای سیستەمێکی مناسبی ئابووری بۆ وڵاتەکەمان، هەوڵی زانستییانەی بەردەواممان گەرەکە و سیمپۆزیۆمەکەی ئێمەیش، یەکێکە لەو هەوڵ و کۆششانە.

لەم روانگایه‌وه‌ ئێمە به‌ بایه‌خه‌وه‌ دەڕوانینە توێژینه‌وه‌ و ڕوانگاکانتان و هه‌وڵده‌ده‌ین بگەنە كاربه‌ده‌ستان و نوخبه‌ی رۆشنگەری كوردستان. ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتوی وڵاتانی دیكه‌ بۆ ئێمه‌ گرنگه،‌ چونكه‌ ده‌زانین دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخ به‌رهه‌مێكی جیهانییه‌ و ئێمه‌ش به‌ له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانمان ده‌بێ لێی فێربین. بۆیه‌ هیوادارم پێشكه‌شكاری باسه‌كان جیا له‌ لایه‌نی تیۆری گشتی، ده‌ره‌نجامێكیش له‌ ته‌جره‌به‌ی ناوچه‌كه‌مان و كوردستان هه‌ڵێنجن.

هه‌روه‌ها ئه‌م بۆنەیە به‌هه‌ل وه‌رده‌گرم تا ئه‌نستیتۆكه‌مان بناسێنم. وه‌ك دیاره‌ له‌ كوردستاندا بوونی ناوه‌ندی تۆژینه‌وه‌ و بیركردنه‌وه‌ نه‌بووه‌ته‌ باو، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌زمونێكی ئه‌وتۆشمان نییه‌. ئه‌مه‌ش جێگای داخه‌. ئێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌ جدی له‌م بواره‌دا كار بكه‌ین و ببینه‌ مایه‌ی هاندانی ناوه‌نده‌كانی سیاسه‌ت و كارگێڕی و سه‌رمایه‌گوزاری تا له‌و بواره‌ گرنگه‌دا سه‌رمایه‌گوزاری بكه‌ن و بیر له دامه‌زراندنی ناوه‌ندی هاوشێوه‌ی ئێمه‌ بكه‌نه‌وه‌. ئه‌نستیتۆکه‌مان بۆ تۆێژینه‌وه له‌سه‌ر‌ پرسه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان وه‌ک تینک تانکێک کار ده‌کات، به‌رهه‌مه‌كانیشی به‌ شێوه‌ی کتێب و گۆڤاری تایبه‌تی و له ‌ویبسایتی خۆیدا، به‌ زمانەکانی كوردی، ئینگلیزی، عه‌ره‌بی، توركی و فارسی بڵاو ده‌كاته‌وه‌ و ده‌یگه‌یه‌نێته‌ناوه‌نده‌كانی بڕیار و جه‌ماوه‌ر.‌