بەرنامەی سیاسی و کارگێڕیی کابینە و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا

بەرنامەی سیاسی و کارگێڕیی کابینە و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا


حوسێن کوردنەژاد , , سیاسەت



 


ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، 2018/12/12 ئه‌نیستیتۆی توێژینه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدان، سه‌مینارێکی سیاسی به‌ ناونیشانی "به‌رنامه‌ی سیاسی و کارگێڕیی کابینه‌ و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ داهاتوودا" بۆ سێ میوانی خۆی ئه‌نجامدا.


له‌ سه‌میناره‌که‌دا هه‌ریه‌ک له‌ دڵشاد میران به‌ بابه‌تی (سەرکردایەتیکردنی کەشی سیاسی)، و دکتۆر هێمن میرانی به‌ته‌وه‌ره‌ی (دیدی خەڵک بۆ حکومەتی داهاتووی کوردستان) و حوسێن کوردنەژاد به‌ بابه‌تی (سیاسەتی گەشەی ئابووری) سه‌میناره‌که‌یان پێکهێنا.

له‌سه‌ره‌تای سه‌میناردا د.دڵشاد میران باسی له‌و کێشه‌ و به‌ربه‌ست و ده‌رفه‌تانه‌ کرد که‌ ئێستا و داهاتوو ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ بێنه‌ سه‌ر ڕێگه‌ی حکوومه‌تی نوێی کوردستان. ئه‌و پێیوایه‌ حکوومه‌تی زۆرینه‌ زه‌مینه‌ی سه‌رکه‌وتنی لاوازه‌، به‌ڵکو گرنگه‌ حکوومه‌تی ته‌وافوقی بوونی هه‌بێت، چونکه‌ ئاستی دامه‌زراوه‌یی و هزری دیموکراسی و یه‌کترقبوڵکردن نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌وڕادده‌یه‌ی حکوومه‌تی زۆرینه‌ هه‌لی سه‌رکه‌وتنی بۆ بڕه‌خسێت. جگه‌ له‌وه‌ زۆر گرنگه‌ ئه‌نجوومه‌نێکی باڵای ڕاوێژکاری درووستبکرێت که‌ کاریگه‌ری له‌سه‌ر باشترکردنی چالاکی حکومی و سیاسی هه‌بێت.

دۆخی سیاسی عێراق سه‌قامگیر نیه‌ و که‌سێتی عادل عه‌بدولمه‌هدی نه‌یتوانیوه‌ هه‌موو هێز و هه‌موو ناکۆکییه‌کان به‌لایه‌کدا بخات، ئه‌وه‌ش وایکردووه‌ پێویستی زیاتری به‌کورد بێت و پێگه‌ی کورد له‌ عێراقدا باشتر بکات. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ نابێت کورد له‌ودۆخه‌دا له‌ به‌غدا لایه‌نگیری هیچ لایه‌ک بکات و ده‌بێت له‌ بیری به‌هێزکردنه‌وه‌ی خۆیدابێت. دڵشاد میران پێیوایه‌ له‌ ماوه‌ی ئاینده‌دا ده‌رفه‌تی گرنگی سیاسی بۆ هه‌رێمی کوردستان به‌هۆی بێهێزی به‌غدا و گۆڕانکارییه‌ هه‌رێمییه‌کانه‌وه‌ درووستده‌بن، که‌ ئه‌گه‌ر یه‌کگرتوویی و یه‌کڕیزی له‌ کوردستاندا درووستنه‌کرێت و حکومه‌تێکی به‌هێز نێیه‌ته‌کایه‌وه‌، ئه‌گه‌رێکی به‌هێزه‌ ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ له‌ده‌ستبدرێن. بۆ ئه‌و کاره‌ش زۆر پێویسته‌ حزبه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی وه‌کو پارتی و یه‌کێتی و گۆڕان، به‌رنامه‌ و ئاراسته‌ی هاوبه‌شیان هه‌بێت.

له‌به‌شی دووه‌می سه‌میناردا د.هێمن میرانی باسی له‌وه‌کرد که‌ دیدی خه‌ڵک زۆر گرنگه‌ بۆ درووستکردنی بڕیار، هه‌موو سیسته‌مێکی سیاسی درووستکردنی بڕیاره‌کانی له‌به‌شێک له‌و تێڕوانین و ڕایانه‌ وه‌رده‌گرێت که‌ خه‌ڵک له‌سه‌ر پڕۆژه‌ و سیاسه‌ته‌کانی حکوومه‌ت هه‌یانه‌، بۆیه‌ سه‌رکه‌وتنی حکوومه‌ت به‌شێکی په‌یوه‌سته‌ به‌ توانا و کارامه‌یی ئه‌و کاربه‌ده‌ستانه‌ی له‌ ده‌زگای سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌ت و هه‌رێمدا هه‌ن که‌ چۆن چاودێری کاردانه‌وه‌ و دیدی خه‌ڵک بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن.

بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ له‌ جیهانیی نوێیی سیاسه‌تدا حکوومه‌ت حکوومه‌تێکی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ بێت و بتوانێت له‌ قسه‌ و ڕا و بۆچوونی خه‌ڵکه‌وه‌ پڕۆژه‌ و سیاسه‌تی گشتی داڕێژێت. ئه‌وه‌ش واده‌کات خه‌ڵک بێ ئومێد نه‌بن و ده‌سه‌ڵاتیش کاری گرنگتر بکات.

د. هێمن میرانی، به‌ زانیاری و ئه‌نجامی چه‌ند ڕاپرسییه‌ک، دیدی خه‌ڵکی ڕوونکرده‌وه‌ که‌ تێیدا خواستێکی ئێجگار بڵند هه‌یه‌ بۆ قه‌ڵاچۆکردنی گه‌نده‌ڵی و لێپرسینه‌وه‌ و سزادان. که‌ ئه‌وه‌ش ئه‌رکی ئه‌وه‌ له‌سه‌ر شانی کابینه‌ی نوێ درووستده‌کات که‌ ئه‌و به‌رپرسیاره‌تییه‌ هه‌ڵگرێت و دامه‌زراوه‌ و که‌سی دڵسۆزی بۆ بخاته‌کار.

له‌به‌شی سێیه‌می سه‌میناردا به‌رپرسی ژووری ئابووری ئه‌نستیتۆ، حوسێن کوردنه‌ژاد،باسی له‌ گه‌شه‌ی ئابووری کرد. له‌ سه‌ره‌تادا باسی له‌ کۆمه‌ڵێک زانیاری و داتای دیموگرافی-‌ ئابوری کرد که‌ په‌یوه‌ندی نێوان گه‌شه‌ی ئابوری و دینامیکییه‌تی دانیشتوانی ڕوونده‌کرده‌وه‌. کوردنه‌ژاد پێیوایه‌ ڕێژه‌ی بێکاری له‌کوردستاندا زۆر به‌رزه‌، بۆیه‌ گرنگ گه‌شه‌ی ئابوری کاری گرنگی بۆ بکرێت که‌ به‌ ڕیفۆرمی دامه‌زراوه‌یی و ته‌ندرووستی و په‌روه‌رده‌یی ده‌کرێن. که‌ سێ هێزی سه‌ره‌کی وه‌کو کۆمپیانیاکان و حکومه‌ت و کۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌کان ده‌توانن ڕۆڵی گه‌وره‌ی تێدابگێڕن.

ده‌بێ حکوومه‌تی نوێ له‌سه‌ر زانیارییه‌کان کاربکات و مۆنۆپۆل نه‌هێڵێت و سیسته‌می بانکی و باج به‌گه‌ڕبخا، حکومه‌ت ده‌بێ په‌یامی گشتی هه‌بێت که‌ گه‌شه‌ی ئابوری و سیسته‌می ته‌ندرووستی و په‌روره‌ده‌ مه‌به‌ستی سه‌ره‌کییه‌تی و مانگانه‌ش زانیاری له‌سه‌ر کاره‌کانی بخاته‌ به‌رده‌می خه‌ڵک.

حوسێن کوردنه‌ژاد پێیوایه‌ له‌ پڕۆسه‌ی گه‌شه‌ی ئابووریدا "گرنگتر له‌وه‌ی چی ده‌که‌ین، ئه‌وه‌یه‌ چۆن بیرده‌که‌ینه‌وه‌".

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی گفتوگۆی سه‌میناردا، به‌شێک له‌ توێژه‌ر و نووسه‌ر و سیاسییه‌کانی ناو سه‌مینار، ڕا و سه‌رنجی خۆیان ده‌ربڕی که‌ به‌ گشتی خواستی ڕاسته‌قینه‌ی چاکسازی له‌ کابینه‌ی نوێدا تێدا به‌دیده‌کرا، ئه‌وه‌ش گفتوگۆی ڕاشکاوانه‌ی لێکه‌وته‌وه‌.