بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان

بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان


ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان , , سیاسەت



لەڕۆژی 2019/3/17 ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان IRDK، دانیشتنێكی داخراوی لەسەر بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان (كوردستانی سوریا) ئەنجامدا، كە ئامانج تێیدا دیراسەكردنی "دۆخی ناوخۆی كوردستانی سوریا لە دوای شەڕی داعش وە هەروەها پەیوەندیی حزبەكان و سیاسەتی پەیەدە وەكو حزبی حاكم و ئایندەی ڕوانگەی ئەو حزبە لە جۆری مامەڵەكردن لە گەڵ توركیا و سوریا و حزبەكانی دیكەی كوردستان و ئەنەكەسە و حزبەكانی دەرەوەی پەیەدە" بوو. لەو دانیشتنەدا بەڕێزان (سەڵاح بەدرەدین، د.حەكیم بەشار، د.فەرید سەعدون، غازی زێباری) بەشداربوون.

 

لە دانیشتنەكەدا باس لە پەیوەندی زۆر نزیكی نێوان پەیەدە و پەكەكە كرا كە چۆن پەكەكە لە قەندیلەوە سەركردایەتی سیاسی و سەربازیی پەیەدە دەكات، ئەوەش وردە وردە خەریكە دەبێتە كێشەیەك لەناو كوردستانی رۆژئاوا، بە تایبەتی ناڕەزایی كورد بەرانبەر بە كاربەدەستانی پەیەدە كە لەلایەن پەكەكەوە نێردراون بەهۆی ئەوەی خەڵكی كوردستانی باكورن و هاتوونەتە ڕۆژئاوا، وە شارەزاییان لە كاروباری ناوخۆیی سوریادا نیە.

 

وە باس لەوە كرا ئەگەری هەیە نارەزایەتی ناوچە عەرەبییەكانیش بەرانبەر بە فەرمانڕەوایی پەیەدە درووستبێت، وە لە ئەنجامدا، كێشە لە نێوان كورد و عەرەب لە كوردستاندا بنێتەوە. هەروەها باس لە كەموكوڕییەكانی حزبەكانی دەرەوەی پەیەدە كرا كە لە ئەنەكەسەدا كۆبوونەتەوە، وە باس لە سیاسەتی هەرێمی كوردستان بەرانبەر ڕۆژئاوای كوردستان و ئەو بەرپرسیارەتییەی لەو ڕووەوە دەكەوێتە سەرشانی هەرێمی كوردستان كرا. وە هەروەها باس لە سیاسەتی پەروەردە و خوێندن كرا كە بەشێوەیەكی نابەجێ لە ڕۆژئاوای كوردستان لە ڕوانگەی ئایدۆلۆژیای چەپی پەكەكە پەروەردەی كوردستان داڕێژراوەتەوە، وە زیانێكی زۆر بە ئاستی زانست و جۆری دانپێدانانی دەرەوە یان نێودەوڵەتی بەو خوێندنە دەگەیەنێت.

 

تێكڕای ئەوانەی توێژینەوەیان لەوبارەوە پێشكەشكرد، پێیانوابوو سیاسەتێكی نزیك لەوەی كە لەگەڵ پەكەكە دەكرێت دەبێت لەگەڵ پەیەدەش بكرێت، دەبێت هەوڵبدرێت تێكگەیشتنی هاوبەش پەیداببێت، وە لەهەمان كاتدا ئامادەیی حزبەكانی ئەنەكەسە و ئەو حزبانەی لەدەرەوەی پەیەدەن، لە ناو سیاسەتی كردەییدا چ لە نێو ئاوارەكان یان كوردستانی سوریا زیاتر ببێت وە پتر بەپرسیارەتی هەڵگرن. وە باس لە ڕوانگەی توركیا و ئێران و سوریا و ڕووسیا و ئەمریكا بەرانبەر بە كێشەی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان كرا.

Related Gallery

پەیوەندیدار وتار