نادڵنیایی و ئایندەی هاوپەیمانێتی لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا

نادڵنیایی و ئایندەی هاوپەیمانێتی لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا


د.صاحب قارەمان , , سیاسەت



 

 

لە میانی چالاكییە ئەكادیمی و توێژینەوەسازییەكانی خۆیدا، ئەنیستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان- كوردستان لە 23ی ئایاری 2018دا سەمینارێكی لەبارەی (نادڵنیایی و ئایندەی هاوپەیمانێتی لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا) بۆ  (د.صاحب قارەمان) بەست.

 

بەرپرسی پرۆگرامی سیاسیی ئەنیستیتۆ (د.عەبدولحەكیم خەسرۆ )، لە بەرایی چالاكییەكەدا باسی لەوە كرد كە چوارچێوەی سەرەكی سەمینار جەخت دەكاتەوە سەر چەمكی دانووستان و رەهەندە جۆراوجۆرەكانی دانووستان لە نێوان هەولێر و بەغدا بە خوێندنەوەي لایەنە لاواز و بەهێزەكان و ئەو گرەنتییانەی جیاواز لە ئەزموونی پێشوودا وادەكەن كورد دڵنیابێت لە جێبەجێكردنی دانووستانە نوێیەكانی.

 

(د.صاحب قارەمان) وەكو كەسێكی ئەكادیمی و شارەزای كاروباری حكومەتی عێراقی و ئەندامی لیژنەی ماددەی 140 بەشێك لە دید و تێزەكانی لەسەر بابەتەكە خسەبەرچاو.

لەبەرایی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا، نادڵنیایی باڵی بەسەر لایەنی دیپلۆماسیی كورد-عێراقدا كێشاوە، نادڵنیایی ئەوەیە كەموكورتی لە زانیاریدا هەبێت، كەرەستەكان و ئامراز و ئەزموونەكانی پێشوو بەشێك لە ئایندەمان بۆ ڕووندەكەنەوە، بۆیە ئەزموونێكی خراپ تێگەیشنێكی خراپیشمان لەسەر ئایندە بۆ درووستدەكەن.

قارەمان پێیوایە گەر دانووستانكار بە پێی بنەمای ئەزموون و چانس بچێتە ناو دانووستانەوە، زۆر لە ئامانج دوورە و خۆدانە دەست چارەنووسێكی نادیارە، بۆیە دانووستان لەو كاتەدا دەبێتە "ئەگەر" نەك دڵنیایی، خودی دانووستان پڕۆسەیە، ئەو پرۆسەیەش لێكەوتە و هاوشانی ڕووداوی دیكەی هەیە، بۆیە زۆر گرنگە لە وردەكارییەوە كۆی وێنەی دانووستان و لێكەوتە و لایەنەكانی ببینین.

ئەو پێیوایە لە دانووستاندا ئەوەی رۆڵی سەرەكی دەبینێت مێژووە، بە هەموو لایەن و ئەزموونەكانی پێشووەوە، بۆیە دانووستانكار لە رێككەوتن و دانیشتنەكانی پێشووەوە بەشێك لە وزە و ئەگەر و گریمانە وەردەگرێت، لەبەرئەوەشە تیمی دانووستان دەبێت هەموو گریمانەیەك دانێت لە بابەتی پرسیار و وەڵامدانەوە و كاردانەوەكان و چۆنێتی نەخشەسازیی گفتوگۆی دانووستان، بۆیە گرمانەی "كەڵەكەبوونی ئەزموون" رۆڵێكی سەرەكی دەبینێت لە ئاراستەكردنی دانووستاندا.

گریمانەكان دەبێت تاقیبكرێنەوە، تاقیكردنەوەكان پێویستییان بە میكانزیمی جیا هەیە، دەبێت ئەو گریمانانە لەگەڵ واقیعدا (ریالیتی) بگونجێنرێن، ئەوەش هەرچەندە نادڵنیایی تێدایە، بەڵام پێویستە راددەی هەرەپێویستی دڵنیایی بهێنرێتەكایەوە.

جگە لە ڕەگەزی نادڵنیایی لە دانووستانی كورد و بەغدا، دەستتێوەردانی دەرەكی و درووستكردنی هاوپەیمانێتییەكانی دوای هەڵبژاردنی عێراقی 2018 كاریگەریان لەسەر شێوەی دانووستان هەیە، بۆیە كورد پێویستە لەم هەموو تەنگوچەڵەمەی لە دانووستانە نوێیەكاندا دێتە كایەوە، ییر لە بەدەستهێنانی باشترین دەستكەوت بكاتەوە.

 

دوابەدوای قسەی سەرەكی سەمینار، دەرووی گفتوگۆ بەڕووی ئامادەبوواندا كرایەوە.

 

(د.ڕەشاد میران)، جگە لەدەستخۆشی، پێیوایە سەمیناریست بە خستنەڕووی تێزەكانی نادڵنیایی زیاتری بەخشی لە شیكردنەوەیدا بۆ دانووستانەكان، ئەو دەڵێت نەك هەر دانووستان بەڵكو سەردەمی پۆست--مۆدێرنێتە پڕە لە نادڵنیایی، بەهاكان هەڵوەشاونەوە و بنەمای جێگیر لە سیاسەتدا كەوتۆتە لێژی.

میران وای بۆدەچێت :  كاتێك كورد دەچێتە دانووستان لەگەڵ بەغدا، كەڵەكەبوونێكی ئەزموون هەیە، بۆیە كورد چەندە رێگە خۆشبكات بۆ زانینی بۆچوون و رەهەندە نوێیەكانی دانووستان لەگەڵ بەغداد، زیادەیە، چونكە دونیابینی و ئاوەزی سیاسی بەغدا دیار و بەرچاوە و لەگەڵ پێشوو نەگۆڕاوە، بۆیە سیاسەتكارانی كورد دەبێت ڕووی هەوڵیان بەرەو ناوخۆ وەرسوڕێنن و ئامادەكاریی یەكگرتوویی بكەن، هەر ئەوەشە پێگەی دانووستانی كورد بەهێزدەكات.

دواتر (حەسەن ئەحمەد مستەفا) پسپۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان پێیوابوو سەمیناریست زیاتر میتۆدۆلۆژیای دانووستانی باسكرد، نەك خودی زەمینەی دانووستانی هەولێر- بەغدا.  ئەو پێیوایە لە بواری كرداریدا بۆیەكەمجارە بەرەی ئەمریكا و ئێران زۆر زیاتر لێكدی دووردەكەونەوە، هەرئەوەشە وایكردووە دانووستان جیاوازتر بێت،  بۆ ئەوەی كورد بەهێزەوە بچێتە ناو دانووستان وا باشترە حكومەتی عێراق نزیك و هاوشانی ئێران بێت، ئەوكاتە هەرێمی كوردستان سوود لە هاوپەیمانیی زیاتر ئەمریكا دەبینێت.

دواتر (د.دڵشاد میران) لەسەر میكانیزمی دانووستان دوا و پێیوابوو بۆ سەركەوتنی هەر دانووستانێكی كورد لەگەڵ بەغدا، دەبێت لایەنی سێیەم بەشداربكرێت، هەروەها كورد دەبێت لاوازیی بەڵگەنامەیی دانووستان و لاوازيي  بە بەڵگەكردنی چارەسەربكات. جگە لەوەی یەكڕیزیی سیاسی هێزە كوردییەكان بۆ هەڵوێستی هاویەش پێویستە.

 

لە کۆتاییدا چەندین پرسیار و ڕەخنەی دیكە لەلایەن ئامادەبووانەوە خرانەڕوو، لەوەڵامی سەمیناریستدا چەند بۆچوونێكی هاوبەش و جیاواز هاتنەكایەوە.