سە‌میناری دووە‌می (بارودۆخی عێراق بە‌ كام لادا دە‌چێت؟) بە‌ڕێوە‌چوو

سە‌میناری دووە‌می (بارودۆخی عێراق بە‌ كام لادا دە‌چێت؟) بە‌ڕێوە‌چوو


ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان , , سیاسەت



سە‌میناری دووە‌می (بارودۆخی عێراق بە‌ كام لادا دە‌چێت؟) بە‌ڕێوە‌چوو

ڕۆژی سێشە‌ممە‌ ٢٠١٩/١٢/٢٤ ئە‌نستیتۆی توێژینە‌وە‌ و گە‌شە‌پێدان- كوردستان IRDK ، لە‌ ژێر ناونیشانی (بارودۆخی عێراق بە‌ كام لادا دە‌چێت؟) بە‌شی دووە‌می سە‌مینارە‌كە‌ی بە‌ڕێوە‌برد.
لە‌ دانیشتنە‌كە‌دا ھە‌ر یە‌ك لە‌ سكرتێری گشتیی حزبی شیوعی كوردستان (د.كاوە‌ مە‌حمود) و ئە‌ندامی پێشووتری پە‌رلە‌مانی عێراق (مە‌سعود حە‌یدە‌ر) و مامۆستای زانكۆ (د.عومە‌ر نورە‌دینی) بۆچوون و شیكاریی خۆیان لە‌سە‌ر بارودۆخی ئێستای عێراق و بزووتنە‌وە‌ ناڕازییە‌كانی نێو عێراق و ئایندە‌ی ئە‌و ناڕە‌زایە‌تییە‌ دە‌ربڕی.
لە‌ سە‌رە‌تای سە‌میناردا (د.كاوە‌ مە‌حمود) باسی لە‌ پێویستیی بە‌كارھێنانی میتۆدێك كرد بۆ بینینی ھە‌موو دیمە‌نە‌كانی كێشە‌ی عێراق. پێشیوایە‌ دە‌بێ بۆ بینینی كێشە‌كانی عێراق سە‌رجە‌م مێژووی سیاسیی عێراق ببینرێت و سە‌رجە‌م كێشە‌ سیاسی و ئابوری و كۆمە‌ڵایە‌تییە‌كان لە‌بە‌رچاوبن.
پێیوابوو : ئە‌و دۆخە‌ دیاریكراوە‌ی عێراق، پە‌یوە‌ندی بە‌ گۆڕانكارییە‌كی گە‌ورە‌ی كۆمە‌ڵایە‌تی و سیاسیشە‌وە‌ ھە‌یە‌. بریتییە‌ لە‌ پە‌رە‌سە‌ندنێكی ناھاوسە‌نگ و بە‌شێكیشە‌ لە‌ گۆڕانكارییە‌كانی جیھان. لە‌و دۆخە‌دا گوتاری كینە‌ (الخگاب الكراهیە) ھە‌م لە‌ جیھاندا و ھە‌م لە‌ عێراقدا پە‌رە‌یسە‌ندووە‌. ئە‌وە‌ش لە‌ عێراقدا بە‌ ڕوونی لە ململانێی نە‌تە‌وە‌یی و تائیفیی عێراقدا ڕە‌نگیداوە‌تە‌وە‌. ھاوكات لە‌ خۆپیشاندانە‌كان گوتارێكی پۆپۆلیستیش ھە‌یە‌. بێگومان لە‌و دۆخە‌دا لە‌ ئابورییە‌كی كرێخۆردا (الاقتصاد الریعی)، كە‌ ناتوانێت گە‌شە‌پێدانی پە‌ردە‌وام بڕە‌خسێنێ، كۆمە‌ڵێ توێژی پە‌راوێزخراو درووستدە‌بن، كە‌ ڕە‌نگدانە‌وە‌ی نیولیبرالیزمی سە‌رمایە‌دارییە‌، ئە‌مە‌ ھە‌رچە‌ند دیاردە‌یە‌كی جیھانییە‌ بە‌ڵام لە‌ عێراقدا خە‌ستە‌.
ئە‌م دیاردە‌یە‌ نابێت لە‌ پاشخانی دە‌وڵە‌تی عێراق داببڕێنرێت كە‌ بابە‌تە‌كە‌ كێشە‌یە‌ لە‌ نە‌بوونی دە‌وڵە‌تی نیشتمانی كە‌ بە‌شێوە‌ی سرووشتی و ڕە‌نگدە‌رە‌وە‌ی ھێزە‌ كۆمە‌ڵایە‌تییە‌كان درووستبووبێت، بۆیە‌ بە‌ردە‌وام قە‌یران درووستدە‌بێت، ئە‌وە‌ش كێشە‌ی شە‌رعییە‌تی سیاسی درووستدە‌كات، ناڕازیبوون و پە‌رچە‌كردار بە‌رانبە‌ر دە‌سە‌ڵاتی سیاسی درووستدە‌كات. لێرە‌دا كێشە‌ی دە‌ستە‌بژێری سیاسی لە‌ بە‌رجە‌ستە‌كردنی شە‌رعییە‌تی سیاسیدا درێژبۆتە‌وە‌ بۆ نە‌بوونی شە‌رعییە‌تی سیاسی بۆ سیستە‌می سیاسیش. بۆیە‌ دە‌بینین عادل عە‌بدولمە‌ھدی ھێندە‌ی لە‌سە‌ر داوای سیستانی دە‌ستی لە‌كاركێشایە‌وە‌، ھێندە‌ لە‌سە‌ر داوای خە‌ڵك نە‌بوو، لێرە‌دا بە‌ گە‌ڕانە‌وە‌ بۆ میتۆلۆژیای ئاینی، عادل عە‌بدولمە‌ھدی خۆی دە‌كاتە‌ ئیسماعیل و سیستانی كردە‌ ئیبراھیم.
لە‌م چوارچێوە‌یە‌دا د.كاوە‌ مە‌حموود كۆمە‌ڵێ شیكردنە‌وە‌ی بۆ سیستە‌می تە‌وافوقی و دە‌ستوور و سیستە‌می ئیداریی عێراق و پە‌یوە‌ندیی نێوان ناوە‌ند و ھە‌رێمی كوردستان كرد.
لە‌بە‌شی دووە‌می سە‌میناردا مامۆستای زانكۆ (د.عومە‌ر نورە‌دینی) باسی لە‌وە‌كرد كە‌ دە‌ستە‌بژێری سیاسیی ھە‌ر كۆمە‌ڵگە‌یە‌ك خاوە‌ن توانا و دە‌سە‌ڵاتێكی فراوانە‌ كە‌ دیارترینان درووستكردنی بڕیاری سیاسیی ناوخۆ و دە‌رە‌كییە‌. ئە‌و دە‌ستە‌بژێرە‌ سیاسییە‌ی لە‌ دە‌سە‌ڵاتی سیاسیی عێراقدایە‌ و شیعە‌ تێیدا زاڵدە‌ستە‌، خاوە‌ن كۆمە‌ڵێ تایبە‌تمە‌ندییە‌. دە‌ستە‌بژێرێكی ئە‌وتۆیە‌ كە‌ ھێز لە‌ ئاین و ئاینزایی وە‌ردە‌گرێت، ڕوونیشە‌ كە‌ ئە‌و ئاراستە‌ ھزرییە‌ ھە‌ڵوێست درووستدە‌كات. خاڵێكی دیكە‌دا ئە‌وە‌یە‌ شیعە‌ بە‌ درێژایی مێژوو لە‌ پێگە‌ی بە‌رھە‌ڵستكاری و دژایە‌تیكردنی دە‌سە‌ڵاتدا بووە‌، بۆیە‌ ئە‌زموونێكی باشی دە‌سە‌ڵاتگێڕانیان نیە‌. (لیو شتراوس) دبێژێت لە‌ مێژوودا ئاین یان تراژیدیا گە‌ل و نە‌تە‌وە‌كان یە‌كدە‌خات. لە‌ لای شیعە‌ تراژیدیا ھە‌میشە‌ وە‌كو بیرە‌وە‌ری ئامادە‌یی ھە‌بووە‌ و ئە‌وە‌ش لە‌و ساڵانە‌ی دواییدا لە‌ عێراقدا تۆڵە‌كردنە‌وە‌ی لە‌ سوننە‌كان لێكە‌وتۆتە‌وە‌. دە‌شبینین كە‌ لە‌دوای ٢٠٠٣ە‌وە‌ شیعە‌ ئە‌و جۆرە‌ بیركردنە‌وە‌ و پڕۆسە‌ مێژووییە‌ تێناپە‌ڕێنن.
خاڵێكی دیكە‌ ئە‌وە‌یە‌ نە‌ك ھە‌ر دە‌وڵە‌ت دە‌خە‌نە‌ خزمە‌تی ئاینە‌وە‌، بە‌ڵكو زیاتر لە‌وە‌ش دە‌یخە‌نە‌ خزمە‌تی مە‌زھە‌بە‌وە‌. بۆیە‌ لە‌و دە‌رفە‌تە‌ مێژووییە‌ی لە‌ دوای ٣٠٠٣ە‌وە‌ ھاتە‌كایە‌وە‌ ئە‌و دە‌ستە‌بژێرە‌ سیاسییە‌ نە‌یتوانی دە‌وڵە‌تی مۆدێرن دامە‌زرێنێت. لە‌گە‌ڵ ئە‌وە‌دا ئە‌و دە‌ستە‌بژێرە‌ لە‌ دە‌رە‌وە‌ڕا نێردرایە‌ نێو عێراقە‌وە‌، بۆیە‌ گوتار و كاریگە‌ری و دە‌سە‌ڵاتی دە‌رە‌كی لە‌ عێراقدا دە‌چە‌سپێنن. بۆیە‌ ئاراستە‌ی سیاسیی عێراق لە‌ ناو شیعە‌كانیشدا لە‌ت بووە‌ لە‌ نێوان شیعە‌ی عێراق و ئێراندا.
ئێستا شە‌قامی عێراقی بە‌رانبە‌ر ئە‌و دە‌ستە‌بژێرە‌ ناڕازییە‌ و بە‌رە‌نگاری دە‌نوێنێت. بۆیە‌ ھە‌ردوولا پشتیوانیی ناوخۆیی و دە‌رە‌كیشیان ھە‌یە‌ و جوڵانە‌وە‌كە‌ش نیشتمانی نیە‌ و رق و كینە‌ی تێدایە‌. ئە‌وە‌ی پێشبینی دە‌كرێت ئە‌وە‌یە‌ ئە‌و خۆپیشاندانانە نابنە‌ ھە‌وێنی نوێبوونە‌وە‌ی عێراق، بە‌ڵام مە‌رجە‌عییە‌تی نە‌جە‌ف سە‌ربە‌خۆیانە‌ بە‌رانبە‌ر مە‌رجە‌عییە‌تی قوم خۆی ڕادە‌گرێت و ھە‌ژموونی ئێران لە‌ عێراقدا كە‌مدە‌بێتە‌وە‌.
لە‌بە‌شی سێیە‌می سە‌میناردا (مە‌سعود حە‌یدە‌ر) باسی لە‌وە‌ كرد قوڵایی گە‌ندە‌ڵی لە‌ عێراقدا لە‌ دوای شە‌ڕی عێراق-ئێران دە‌ستیپێكرد و گە‌ندە‌ڵییە‌كی زۆر كە‌وتە‌ نێو دامە‌زراوە‌كانییە‌وە‌. دوای ٢٠٠٣ كۆمە‌ڵێ حزبی دیكە‌ كە‌ سە‌رە‌كیترینیان شیعە‌ و كورد بوون بە‌شداریان لە‌ پێكھێنانە‌وە‌ی عێراق كردە‌وە‌. حزبە‌ شیعە‌كانی عێراق ھە‌ڵە‌ی گە‌ورە‌یان كرد لە‌ دامە‌زراندنی سە‌دان ھە‌زار كە‌س لە‌ دامودە‌زگاكانی عێراقدا.

دە‌سە‌ڵاتی عێراق لە‌سە‌رە‌تادا ترسی زۆریان لە‌و خۆپیشاندانانە‌ ھە‌بوو، ترسیان ھە‌بوو ئە‌و خۆپیشاندانانە‌ی بە‌ ناوی "خۆپیشاندانانی برسییە‌كان" بوو دە‌سە‌ڵاتی سیاسی بڕووخێنێت، بە‌ڵام دواتر كۆمە‌ڵێ ئە‌جێندا و ھێزی دە‌رە‌كی كە‌وتە‌ نێوییە‌وە‌. سوریا بۆ ڕووسیا و ئێران یە‌كلابۆتە‌وە‌، بۆیە‌ ئە‌مریكا دە‌ست لە‌ عێراق بۆ ئێران بە‌رنادات. بە‌تایبە‌ت كە‌ دە‌ركە‌وتووە‌ عێراق ٣٠٠ ملیار بە‌رمیل نە‌وتی ھە‌یە‌ جگە‌ لە‌ وزە‌ی گاسی زۆر. ھە‌روە‌ھا پێگە‌یە‌كی جیۆپۆلە‌تیكی باشی ھە‌یە‌ بۆ دە‌وڵە‌تان.
مە‌رجە‌عییە‌ت لە‌گە‌ڵ ئە‌وە‌دایە‌ حوكمی عێراق ھە‌میشە لە‌لایە‌ن‌ شیعە‌وە‌ بێت، بە‌ڵام لە‌ پێھە‌ستانی دە‌ستە‌بژێری شیعە‌ ناڕازییە‌. ئێستا ماڵی شیعە‌ دابە‌شبووە‌ لە‌ نێوان عێراق و ئێراندا. شیعە‌ باڵادە‌ستە‌كانی عێراق لە‌ خۆپیشاندان دە‌ترسن و لە‌وە‌ش دە‌ترسن سە‌رۆكوە‌زیرانێكی نوێ زیان لە‌ دە‌سە‌ڵات و ھە‌ژموونی ئێران لە‌ عێراقدا بدات، بۆیە‌ سە‌قامگیریی سیاسی لە‌ عێراقدا قورسە‌. كوردیش تا ئێستا ھە‌ڵوێستێكی باشی ھە‌بووە‌ و پشتیوانیی لە‌ داخوازییە‌كانی خەڵك كردووە‌ و نە‌بۆتە‌ لایە‌نداری ھێزە‌ سیاسییە‌كانی عێراق. بە‌ بۆچوونی من باشترین شت بۆ ئە‌م دۆخە‌ی عێراق ھە‌ڵبژاردبی پێشوە‌ختە‌، چونكە‌ ئە‌و كابینە‌یە‌ لە‌ ٢٠١٨ە‌وە‌ شە‌رعییە‌تێكی بە‌ھێزی بە‌ھۆی كە‌میی بە‌شداریی سیاسیی خە‌ڵكە‌وە‌ بە‌دە‌ستنە‌ھێناوە‌. لە‌لایە‌كی دیكە‌وە‌ ئارامیی بە‌غدا بۆ ئێستای ھە‌رێمی كوردستان كارێكی پێویستە‌ و واش دە‌بینرێت ھە‌رێمی كوردستان دە‌یە‌وێ ھێزە‌كانی عێراق لێكتر نزیكبكاتە‌وە‌.
باشترین كار بۆ عێراق ئە‌وە‌یە‌ دە‌وڵە‌تی عێراق بە‌ كردە‌یی بكرێتە‌ فیدڕاڵی، وە‌ كورد بە‌ خوێندنە‌وە‌ی تێڕوانینی سوننی-شیعی خۆی ئامادە‌بكات بۆ گۆڕانكارییە‌كان لە‌ دە‌ستووردا، چونكە‌ لە‌ ئایندە‌شدا بێت گۆڕانكاری لە‌ دە‌ستووردا دە‌كرێت. لە‌بارە‌ی خۆپیشاندانی پێشوە‌ختیشە‌وە‌، بۆ ھاتنە‌كایە‌ی سە‌قامگیری لە‌ عێراقدا وا باشە‌ ئە‌و پڕۆسە‌یە‌ ئە‌نجامبدرێت.
بە‌شێكی دیكە‌ی سە‌مینار بۆ بیروڕا و سە‌رنج و ڕە‌خنە‌ی ئامادە‌بوان كە‌ پێكھاتبوون لە‌ سیاسە‌تمە‌دار و ئە‌كادیمی و نووسە‌ران تە‌رخانكرا و دواتریش ھە‌رسێ قسە‌كە‌ری سە‌رە‌كی وە‌ڵامیان دانە‌وە‌.