بە‌رە‌و پێشخستنی سیستە‌می پە‌روە‌ردە‌ی كوردستان

بە‌رە‌و پێشخستنی سیستە‌می پە‌روە‌ردە‌ی كوردستان


ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان , , پەروەردە



بە‌رە‌و پێشخستنی سیستە‌می پە‌روە‌ردە‌ی كوردستان

لە‌ چوارچێوە‌ی چالاكییە‌كانی خۆیدا، ئە‌نستیتۆی توێژینە‌وە‌ و گە‌شە‌پێدان - كوردستان IRDK، ڕۆژی یە‌كشە‌ممە‌ 26 ی ئاپریلی 2020، لەسەر هێڵی ئینتەرنێت، سە‌مینارێكی لە‌بارە‌ی (بە‌رە‌و پێشخستنی سیستە‌می پە‌روە‌ردە‌ی كوردستان) بە‌ڕێوە‌برد.

سەمینارەكە بە سەرپەرشتیی (سەرۆ قادر) بەرپرسی گشتیی ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان و بە بەشداری پسپۆڕانی بواری پەروەردە، هەریەك لە (فایەق حەسەن، د.هۆمەر خدر قەرەداغی، فەرهاد جیهان میهەن) لە سوید و (د.نارین ئاكرەیی، حوسێن كوردنەژاد) لە هەولێرەوە بەڕێوەچوو.

هەریەك لە بەشداربووان لە گفتوگۆكەیاندا سەرنجیان لەسەر بەربەست و گرفتەكانی بەردەم سیستەمی پەروەردەی هەرێمی كوردستان خستەڕوو و بەشێوەیەكی زانستیش، پشت بەست بە تازەترین زانستی سەردەم و توێژینەوە زانستییەكان پێشنیاز و خاڵی گۆڕانكاریی ئەو سیستەمەیان خستەڕوو. لەم ڕاپۆرتەدا بیروڕای بەشداربووان خراوەتەڕوو:

هۆمەر خدر قەرەداغی: سیستەمی پەروەردە دەبێت مرۆڤی بیركەرەوەی ڕەخنەگر درووستبكات. دەبێت لە پێكهاتەكانیدا سیستەمێكی پەروەردەیی دیموكراتی و "فێرخواز-سەنتەری" بوونی هەبێت. ئەوەش دەبێت لەڕێگەی بە دامودەزگاییكردنەوە بكرێت. لە كوردستاندا یاسایەك بۆ پەروەردە و فێركردن نیە، تا ئێستا لە كوردستاندا سیستەمی پەروەردەی كوردستان بە بێ یاسا دەڕوات بەڕێگەدا و پشتی بە ڕێنمایی بەستووە. نەبوونی یاسای پەروەردە و فێركردن، بەربڵاوی و تەنگژەی پەروەردەی لێدەكەوێتەوە. بۆیە دەبێت پەرلەمان یاسا بۆ پەروەردە و فێركردن لە ڕێگەی پلانی دە ساڵی بۆ ئامانجەكانی پەروەردەی كوردستان دابین بكات و لیژنەی تایبەت و پسپۆڕ بەو كارە هەستێت.

فایەق حەسەن : هەموو پێشخستنێكی پەروەردە پێویستی بە زانستی تازە هەیە و پێویستیشی بە پسپۆڕیی تایبەت بەو زانستانە هەیە. لە كوردستاندا بۆ دیاریكردنی سیستەمی گشتی و سیستەمی تاقیكردنەوە و نمرەكان، پێویستیمان بە پەیڕەوی فێركاریش هەیە. سیستەمی هەڵسەنگاندن بۆ قوتابی دەبێت بگۆڕێت. وە پێویستیمان بە سەنتەری توێژینەوەی پەروەردەیی هەیە كە لەڕووی مەیدانییەوە كار بكات و لەڕووی مەیدانییەوە لەو دیاردە و دۆخی پەروەردە و قوتابی بكۆڵێتەوە.

د.نارین ئاكرەیی: پەروەردەی هاوچەرخ جەخت لەسەر فێربوون دەكاتەوە، وە قوتابی خۆی ناوەندی پەروەردەیە، بۆیە مامۆستا هاوكاری ئەو پڕۆسەیە. لەو خوێندنەدا جەخت لەسەر كۆمەڵێك توانا و لێهاتوویی نوێ دەكرێتەوە، كە جیاوازە لە خوێندنی كۆن. یەكێك لەوانە بیركردنەوەی ڕەخنەیی و توای چارەسەری كێشەیە، بۆیە لەو سیستەمەدا قوتابی لە نێو هەموو زانیارییەی هەیە فێردەكرێت چۆن بگەڕێت و زانیارییەكان هەڵبژێرێت و توانای خۆی بەرەو پێشەوە ببات. وە منداڵ فێردەكرێت چۆن پەیوەندی بەوانی دیكەوە بكات و چۆن ئاڵوگۆڕی گفتوگۆ و كاری هاوبەش بكات.

هۆمەر قەرەداغی : پێویستە لە بواری پەروەردەدا بۆ پێشكەوتنی سیستەمەكە 25 خاڵ بگیرێتە بەر كە من بەهۆی كەمی كات لێرە هەندێكیان باسدەكەم: 

1-     یاسای پەروەردە و خوێندن دەبێت لە كوردستاندا هەبێت و لە ڕێگەی لیژنەی پەروەردەوە لە پەرلەمانی كوردستان جێبەجێ بكرێت.

2-     ئەنجوومەنێكی ستراتیژیی پەروەردە لە خەڵكی تەكنۆكرات و پسپۆڕ لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات هەبێت، پەروەردەی درێژخایەنی پەروەردە لە رووی ستراتیژییەوە داڕێژن.

3-     لابردنی تاقیكردنەوەی بەكالۆریۆسی پۆلی شەش كە وەكو جەنگكێكی كتوپڕی ئایندە دیاریكەر وایە، ئیدی لەو مانگەی خۆئامادەكردندا قوتابی ڕووبەڕووی فشار و قورسییەكی زۆر دەبێتەوە. بۆیە پێویستە نمرەی گشتی كۆی ساڵەكاتی پۆلی 10 و 11 و 12 كۆ بكرێتەوە و ئایندەی قوتابییەكەی پێ دیاریبكرێت.

4-     لە سیستەمی پەروەردەی كوردستاندا، قوتابی مافی ئازادیی هەڵبژاردنی نیە. پێویستە قوتابی ئەو وانانە بخوێنێت و هەڵبژێرێت كە دەیەوێت بچێتە ئەو كۆلێژەی لە ئایندەدا پەیوەندی بەو وانانەوە هەیە. نەك هەندێك وانە بخوێنێت كە سوودی نیە لە دیاریكردنی ئەو كۆلێژەی تێیدا وەردەگیرێت.

5-     لە سیستەمی پەروەردەی هەرێمدا كار لەسەر بەها سەرەكییەكان ناكرێت، وەكو سەربەستی تاكەكەس و پیرۆزیی ژیان و یەكسانی ژن و پیاو و بەها دیموكراتییەكان، ئەم بەهایانە رەنگدانەوە و گۆڕانی كۆمەڵایەتی پێویستن.

6-     لە كوردستان خوێندنی بوون بە بەڕێوەبەر لە كوردستاندا نیە، كۆلێژێك نیە قوتابی بۆ ئەو مەبەستە تێیدا بخوێنێت ببێتە بەڕێوەبەر. هیچ بەڕێوەبەرێك لە كوردستان خوێندنی بەرێوەبەری نەخوێندووە چونكە ئەو جۆرە كۆلێژە بوونی نیە، ئەوەش وایكردووە هیچ بەڕێوەبەرێك لە قوتابخانەكانی كوردستاندا پسپۆری بەڕێوەبردن نەبێت.

7-     پێویستە كاریگەریی تاقیكردنەوەكان لەسەر ژیانی قوتابی لە قوتابخانەكان كەمبكرێتەوە. نەبێتە مۆتەكە، چونكە زۆر هەڵەیە. هێشتا كاریگەریی تاقیكردنەوەكان لەسەر قوتابی هەیە وەكو پڕۆسەی كۆنترۆڵكردن، بەڵام تاقیكردنەوە دەبێت بۆ فێركردن بێت و قوتابی ببێتەوە ناوەند.

8-     بە ناناوەندكردنی سیستەمی فێركاری زۆر پێویستە. چونكە پەروەردە لە كوردستاندا زۆر ناوەندییە. بۆیی بەهرەكان و تواناكان بێنە پێشەوە و بەڕێوەبەران و مامۆستایان بۆ هەموو شتێك نەگەڕێنەوە بۆ سەرووی خۆیان.

9-     لە قوتابخانەكاندا دەبێت ئەنجوومەنی قوتابیان یان شورای قوتابیان دامەزرێت. نوێنەری پۆلەكان ئەنجوومەنێكی پەروەردە پێكبێنن، هەفتانە قسە و گفتوگۆ لەگەڵ بەرێوەبەر بكەن.

10-   سیستەمی دەرچوون و دەرنەچوون لە قۆناغەكانی خوێندن لە كوردستاندا زۆر قورسە، بۆیە پێویستە لە هەندێك قۆناغدا ئەم پرۆسەیە نەمێنێت و دەرچوون ئاسان بكرێت، بە تایبەتی لە قۆناغی بنەڕەتیدا.

فایەق حەسەن : سێ ڕەگەزی سەرەكیمان لە سیستەمی خوێندندا هەیە: پڕۆگرام و خوێندكار و مامۆستا. ئامادەكارییەكانی سیستەمی پەروەردە زۆر خراپن، لە وەزارەتی پەروەردە ئەو خولانەی بە مامۆستایان دەگوترێنەوە كۆنن، وە زانستی نوێی تێدا نیە. لە زانكۆكاندا زانستی نوێ ناخوێندرێن. هەروەها دەبێت سەنتەرێك هەبێت بۆ هێنانی زانستی تازە.

لەبارەی پڕۆگرامەوە، پڕۆگرامی خوێندن گرنگە بۆ چاكسازی، بەڵام ڕۆڵێكی هێندە گرنگی نیە. شێوازی كاریگەری وانە گوتنەوە كاریگەری زۆر بەرزەترە لە گۆڕینی پڕۆگرام، ئەوەش بە پێی توێژینەوەكان دەركەوتووە.

لەسەر ئاستی خوێندكاردا، سەنتەری توێژینەوەمان پێویستە بۆ دیراسەكردنی هەڵسوكەوت و كاردانەوەی خوێندكار، دەبێت ئەو دیاردە و باسانە ێتوێژینەوەیان لێ بكرێت. دەیان توێژنەوە هەیە بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێتە خوێندكار بۆ كار و كاردانەوەی درووست لە خوێندندا.

لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا سیستەمی بەكالۆری نیە، لە بری ئەوە بژاردەی خەمڵاندنی فۆرمەتیڤ هەیە و شێوازێكی زۆر زانستی و نوێیە و پێویستە ئیشی پێ بكرێت. هەروەها پەیڕەوی فێركاری ئاسانكاریی زۆر دەكات لە خوێندندا، ئیشی قوتابی و مامۆستا ڕێكدەخات. بۆ نمونە لە مێژوودا دەبێت تواناسازییەكانی قوتابی دیاریبكرێت، پەیڕەوی فێركاری، بارقورسی تەواوكردنی مەنهەج لادەبات و تواناسازی دەكاتە ئامانج.

پێوەری نمرە :نابێ جەخت لەسەر زۆری مەنهەج بكرێتەوە، نمرەی بەرز دەبێت پەیوەندی بە ناوەرۆك و شیكارییەوە هەبێت نەك تەواوی كتێبەكان.

دەبێت سیستەمەكە خۆی لە "لۆدی مەعریفی" ڕزگار بكات. لۆدی مەعریفی فشاری وانەگوتنەوە و گەیاندنی زانستەكەیە لەسەر قوتابی. گرنگە مامۆستا چۆن وانە دەڵێتەوە بۆ ئەوەی فشار نەخرێتە سەر خوێندكار.  هەروەها شێوازی وانەگوتنەوە كاریگەرییەكی زۆر بەرزی هەیە بۆ خوێندن و پەروەردەكردنی قوتابی.

فەرهاد جیهان میهەن : قسەی من لەسەر پەروەردە بە گشتی و پەروەردەی تایبەتە. بۆیی سیستەمی پەروەردە بگۆڕێ، دەبێت فەلسەفەی پەروەدەیی هەبێت، بۆیە دەبێت هەرێمی كوردستان فەسلەفەی پەروەردەیی هەبێت و بزانێت چ دەكات، چونكە فەلسەفەی پەروەردەیی ئاراستەی سیستەمی پەروەردە دەكات.

د.نارین ئاكرەیی : كوردستان بەربەستێكی گەورەی لەبەردەمە، كە بەرزیی ڕێژەی گەنجە كە (یەك ملیۆن و حەوتسەد هەزار) قوتابی لە كوردستاندا هەیە، ئەوەش فشارێكی بەهێزە لەسەر پەروەردەی هەرێم. بۆ نموونە دەبێت كار بكرێت بۆ خوێندنی پیشەیی و ئیستاتۆسی خوێندن و بازاڕ. دەبێت فەلسەفەی پەروەردە كاریگەری هەبێت لەسەر یەكخستن و هاوتاكردنی سیستەمی پەروەردە و میتۆد و شێوازی وانە گوتنەوە. هەروەها سیستەمی قوتابخانە ئەهلییەكان كاریگەری هەبووە بەسەر وانە كۆمەڵایەتی و وانە كوردییەكان، بۆیە ئەوەش بەپێی فەلسەفەی دەرەوە منداڵی كورد پەروەردە دەكەن، كە دواتر نامۆ دەبن بەرانبەر كۆمەڵگەی خۆیان، ئەو پڕۆسەیە دژی ئاوێزانبوون (ئینتگرەیشن)ە و منداڵ لە سیستەمی پەروەردە و كۆمەڵایەتیی خۆمان دووردەخاتەوە. هەروەها لە پەروەردەی ئیسلامیدا بابەتی ناپێویست و نامۆ بە منداڵ دەخوێندرێت كە منداڵ لە بیركردنەوە و میانڕەوی دووردەخاتەوە.

حوسێن كوردنەژاد : ئەوەی من لەو گفتوگۆیە گوێم لێ بوو، گەر بمانەوێت گفتوگۆكە بەش بەش بكەین، كاك هۆمەر زیاتر باسی لایەنی دامەزراوەیی و یاسایی كرد كە من پێموایە زۆر درووستە. كاك فایەق زیاتر لەسەر بەرێوەبردن و مەنەجێریا و جۆرێتی قسەی كرد. كاك فەرهاد باسی فەلسەفەی خوێندنی كرد كە ئەمەش زۆر گرنگە. دەبێ لە نێو ئەو گفتوگۆیەدا دەبێت بۆچوونێكمان هەبێت كە زۆر گرنگە، ئەویش بۆچوونی كۆنستچرەكچەرە (بونیادی)، كە زەمینە و بەستێنی وڵات بۆ پیادەكردنی سیستەمی نوێ لەبەرچاو دەگرێت. دەبێت بزانین ئەو وڵاتە چی پێ دەكرێت و چی پێناكرێت؟ ئەگەر تۆ ئابورییەكت نەبوو كە خواست لەسەر هێزی كاری پەروەردە كراو بەرز بێت، لەو وڵاتانەدا پەروەردە ناتوانێت گەشەبكات. بۆ نمونە گەر منداڵێكی 15 ساڵە ببینێت برا گەورەكەی كە خوێندنی تەواو كردووە و ژیانی باشە، ئەو منداڵەش دەخوێنێت. بەڵام بە پێچەوانەوە هاندانی منداڵ بۆ خوێندن كەمدەبێتەوە. ئەوە بۆ نمونە هۆكارێكی گرنگی لاوازیی پەروەردەیە كە پەیوەندی بە ئابوری و بازاڕەوە هەیە. بۆیە ئەگەر گەشەی پەروەردە تەنیا لەسەر شێوازی وانە گوتنەوە و پێشنیازی پەروەردەیی بێت زۆر زەحمەت نیە. مەگەر نا ئەی بۆچی لە پەنجاكانەوە لە وڵاتانی دواكەوتوو ئەو گەشەیە سەرناگرێت؟ ئەمە پرسیارە. لەبەرئەوەیە دەبێت سیستەمی پەروەردە بگونجێ لەگەڵ وڵاتەكەدا، ئابووری لاوازیش واتا زانكۆی لاواز و سیستەمی پەروەردەی لاواز.

هۆمەر قەرەداغی: گرنگە سەركوتكاری لە خوێندندا نەمێنێت. هەروەها خزمەت و پلە بەرزكردنەوەی مامۆستا بەپێی سەركەوتن و كواایتی بێت نەك هەموو مامۆستایەك ساڵانە خۆكارانە پلە و مووچەی بەرزبكرێتەوە. وە بودجەیەك بۆ پێشختنی مامۆستایان لە خولەكاندا هەبێت. دەبێت تێكەڵكردنی كچ و كوڕ و زانستی ئاینەكان لەجێی میتۆدی خوێندنی یەك ئاین دابنرێت. دەبێت لە قوتابخانەكاندا رێپیشاندەری خوێندن و كۆمەڵایەتی هەبێت، كە بە ئاراستەی بیركردنەوە و رەخنەگرتن و زیندوێتی قوتابی هەنگاو بنێت. وە پلەداركردنی دەرچوون وەكو بەخشینی پلەی یەكەم و دووەم، جیاوازی لە نێوان قوتابییان درووستدەكات و كاریگەری دەروونیی خراپی هەیە، بۆیە پێویستە نەمێنێت.

فایەق حەسەن: من پێموایە سیستەمی ئیداری وایكردووە ئەم دۆخەی پەروەردە درووستبێت. لە وڵاتان پێشكەوتنی سیستەم پەیوەندی بە پسپۆرایەتی و تەكنۆكراتییەوە هەیە. ستافی بێ زانست ناتوانێت سیستەم بەرەو پێشەوە ببات. زانستی تازە لە وڵاتی ئێمەدا نیە. بۆ نموونە گوتنەوەی ئاین تا ئێستا بە خراپی دەڕوات. سیستەمی گوتنەوەی وانە زۆر گرنگە كە چۆن مامۆستا پیادەی دەكات. نمرە و خەڵات و پلە بۆ قوتابی، كاریگەریی خراپی لەسەر منداڵ هەیە و ئاستی دەباتە خوارەوە. كاریگەرییەكەی خراپە و باش نیە. پەیڕەوی فێركاری زۆر گرنگە، بەردی بناغە و دەستووری پەروەردەیە.

فەرهاد جیهان میهەن: روانگەی من بۆ فەلسەفەی پەروەردە ئەوەیە كە دەبێت پەروەردە واقیعی بێت، تۆ ناتوانی سیستەمی پەروەردەی وڵاتێك كە 200 ساڵە تەقەی تێدا نەكراوە بهێنی لە كوردستاندا بیچەسپێنی. فەلسەفەی پەروەردە فێركردنی منداڵە بەوەی چۆن هەڵسوكەوت و رەفتار و هەڵوێست لەبارەی خۆی و ژیان و دەوروبەرەوە وەرگرێت. گەر ئەو فەلسەفەیە نەبێت پەروەردە دەبێتە بابەتێكی میزاجی و هەر كەس بۆخۆی دەیڵێتەوە. فەلسەفەی پەروەردە منداڵكی "بەڵی-گۆیی" دەكاتە منداڵێكی سەربەخۆ و رەخنەگر و بیركەرەوە.

لەبارەی پەروەردەی تایبەتەوە كێشەی بنەڕەتی ئەوەیە تێكەڵاوییەكی بێ مانا لە نێوان پەروەردەی گشتی و تایبەتەوە هەیە، مامۆستای پەروەردەی تایبەتی نیە، ئەوانەی هەن لە دەرەوە كۆرسێكیان خوێدووە و دەڵێن سەرپەرشتیاری پەروەردەی تایبەتن. بەڵام تێكەڵاوی هەیە لە نێوان پسپۆڕانی بواری دەروونی و پەروەردەی تایبەت. بەڵام شتێك نیە بە ناوی پەروەردەی تایبەت لە كوردستاندا. ئەوەی هەیە تێكەڵاوییەكە لە نێوان پەروەردەی گشتی و تایبەت.

هۆمەر خدر قەرەداغی: باوەڕم وایە زۆر كاری گرنگ هەیە بكرێت، كە سیستەمی كۆمەڵایەتی كوردستان رێگەدەدات، بكرێت. ئەوەی زۆر گرنگە سێ شتە: یەكەم یاسای پەروەردە و فێركردن. ئەوەش پێویستی بە نوێكردنەوەی بەردەوام هەیە. دووەم، دەبێت ئەنجوومەنێكی ستراتیژی هەبێت و تەكنۆكرات بن و كاریان بیركردنەوە و لێكۆڵینەوە و پلاندانان بێت بۆ سیستەمەكە. سێیەم، بەها بنەماییەكان لە پەروەردەدا كاریان لەسەر بكرێت و پرەنسیپە مرۆیی و رەگەزی و دیموكراسییەكان جەختیان لەسەر بكرێتەوە و ریفۆرمی تێدا بكرێت.

فەرهاد جیهان میهەن: دەبێت ئەنسیتۆ رێككەوتنێك و گفتوگۆیەك ساز بكات لەسەر چەمكی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، لێكۆلینەوە بكرێت و رێكبكەوین كێ خاوەن پێداویستی تایبەتە؟ دەبێت ئەو چەمكە لە چوارچێوەیەكی پەروەردەیی بەكاربێت نەك وەك ئەوەی لە كوردستان بەكاردێت. وە دەبێت مامۆستایانی كوردستان لەسەر پەروەردەی تایبەت بخوێنن بزانن لەم ڕووەوە چۆن هەڵسوكەوت دەكەن.

فایەق حەسەن : سێ خاڵی گرنگ لە كۆتاییدا باسدەكەم:  یەكەم،  پەیڕەوی وانە گوتەوە گرنگە كە وەكو دەستووری خوێندن وایە. دووەم، تاقیكردنەوەی كەلۆری زیانی هەیە و پێویستە نەمێنێت. سێیەم، دیداكتیك (شێوازی وانەگوتنەوە) زۆر گرنگە بۆ پێگەیاندنی منداڵ و درووستكردنی منداڵی رەخنەگر و بیركەرەوە. هەموو شتێك بۆ پیادەكردن لە كوردستان، دەبێت پراكتیكی و واقیعی بێت، وە دەبێت زانستی بێت و تیۆری و توێژینەوە هەبێت لەم بارەیەوە پشتگیری لێ بكات.