چۆن سەرنجی دەستەبژێری سیاسی بۆ ڕیفۆرم ڕادەكێشرێت؟

چۆن سەرنجی دەستەبژێری سیاسی بۆ ڕیفۆرم ڕادەكێشرێت؟


ستافورد کلاری , , سیاسەت



 

ڕۆژی سێشەممە 2020/2/25 ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان_ كوردستان IRDK، سەمینارێكی لەبارەی (چۆن سەرنجی دەستەبژێری سیاسی بۆ ڕیفۆرم ڕادەكێشرێت؟) بۆ ڕاوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان (ستافورد كلاری) لە ئەنستیتۆ گرێدا.
ڕاوێژكار (ستافورد كلاری) لە سەر چەند تەوەرەیەكی گشتی پەیوەست بە پێناسەی نوخبەی سیاسی و ڕۆڵیان لە ڕیفۆرمی سیاسی لە كوردستانی باشوور كۆمەڵێك بیروبۆچوون و تێڕوانینی لەسەر پێویستی ڕیفۆرم و گواستنەوەی دۆخی هەرێمی كوردستان پێشكەشكرد.
لێرەدا بە چەند خاڵێك پوختەی قسەكانی كلاری خراوەتە ڕوو:
1- كلتوری كوردستان زیاتر پشتی بە قسە بەستووە نەك نووسین. ئەمە ڕەخنە نیە، بەڵكو دیدێكە لەسەر كلتوری كوردستان. بۆیە زۆر باشە كە بزانین لەكوێوە هاتووین و لەكوێین و بەرەو كێ دەچین، بۆ ئەوەش پێویستمان بە توێژینەوەی رژد و گرنگ هەیە.
2- زۆر پێویستە لە ڕیفۆرمدا رێچكە و دەروازە (Approach) بدۆزرێتەوە كە كاریگەری بخاتە سەر دەستەبژێری سیاسی تا بە ڕیفۆرم هەستێت. لێرەدا زۆر گرنگە دەزگاكانی توێژینەوە كاریگەری بۆ سەر دەستەبژێری سیاسی درووستكەن.
3- لە ڕیفۆرمدا تەنیا حكومەت نیە دەبێت كاربكات، لە كوردستاندا خەڵك تەنیا چاویان لەسەر تاكە تاكەی دەسەڵاتدارانە و دامەزراوە گرنگی پێنادرێ. بۆ داهاتوویەكی گەشتر بێ دامەزراوەكان و بێ دامەزراوەیی ئامانج بەدینایەت.
4- یەكێك لە دامەزراوە كاریگەرەكان زانكۆكانن، لە كوردستاندا سەرباری هەموو كەموكوڕییەكان 32 زانكۆ هەن، پرسیارەكە ئەوەیە ئەو زانكۆیانە چی دەكەن بۆ كۆمەڵگە؟ لە ڕاستیدا زانكۆكان نابێت بۆ سەرقاڵكردنی گەنج دامەزرێن. لە كوردستاندا عەقڵ و بیرۆكەی باشی گەنجان هەیە، بەڵام بایەخیان كەم پێدراوە و لە مەیدانی كاردا هەوڵ كەم دەبینرێت.
5- كوردستان دەبێت زۆر پشت بە وزەی خۆر ببەستێت. چونكە سامانێكی گەورەی خۆری هەیە كە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا جگە لە قوبروس ئەو وزەیەیان لەبەردەست نیە.
6- كێشەیەكی هەرە گەورەی كوردستان ئەوەیە سەركردایەتی هەیە، بەڵام كارگێڕی و ئیدارەدانی نیە، ئەوەش زۆر لێكتر جیاوازن.
7- بنەماكانی ڕیفۆرم ئەوەیە سیاسەتی گشتی لەبارەی تەندرووستی و پەروەردە و ژێرخانەوە دابڕێژرێت. لێرەدا باسی پڕۆژە نیە، باس باسی سیاسەتی گشتییە كە نیمانە.
8- گەورەترین كێشەی كوردستان پێشتگوێخستنی گەنجانە كە هێزی كار و داهێنانن. گەر كار لەگەڵ گەنج نەكرێت و دەرفەتی نەدرێتێ، كوردستان بە قۆناغێكی خراپ و دژواردا تێدەپەڕێت. لە سەدا شەستی خەڵكی كوردستان لە خوار 24 ساڵن، ئەوان هەن و دەبێت كاریان لەگەڵ بكرێت. دەبێت سیاسەتكاران بزانن ئەوەی بۆ گەنج باشە، بۆ كوردستان باشە.
لە بەشی دووەمی سەمیناردا كۆمەڵێك پرسیار و گفتوگۆ لە نێوان ئامادەبووان و میوانی سەرەكی درووستبوو.
جێی ئاماژەپێدانە ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان لەسەر هەمان بابەت و هەمان تەوەر، كۆمەڵێك سەمینار و توێژینەوەی دیكە ڕێكدەخات.