پڕۆسەی ئاشتبوونەوەی نیشتمانی .. ئەزموونی پۆڵۆنیا وەكو نموونە

پڕۆسەی ئاشتبوونەوەی نیشتمانی .. ئەزموونی پۆڵۆنیا وەكو نموونە


د.عەدنان عەباس , , سیاسەت



 

 

لە درێژەی چالاكییەكانی خۆیدا، ئەنیستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان - كوردستان، لە ڕۆژی 14/8/2018 سەمینارێكی فراوانی بۆ پرۆفیسۆر و مامۆستای زانكۆی ئادەم میسكیڤیچ "د.عەدنان عەباس" بەست.

 

لە سەمینارەكەدا كە تایبەتكرابوو بە ئەزموونی سیاسی پۆڵۆنیا و ئەو بارودۆخانەی وڵاتەكە پێیدا تێپەڕێوە، هەریەك لە كونسوڵی وڵاتی پۆڵۆنیا و بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان و ئەكادیمی و توێژەران ئامادەبوون.

 

عەدنان عەباس، لە مامۆستا ناسراوەكانی كوردە كە لە بزاڤی چەپڕەوی نیشتمانیی عێراقیدا چالاكی هەبووە و تووشی چەرمەسەری زیندان بۆتەوە. لە ساڵانی هەشتاكان وڵاتی عێراقی بەجێهێشتووە و لە وڵاتی پۆڵۆنیا دكتۆرای لە ئەدەبدا  لە زانكۆی وارشۆ بەدەستهێناوە. یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی پەیمانگای دیراساتی عەرەبی و رۆژهەڵاتی و رۆڵی هەبووە لە توێژینەوەسازی لەبواری پەیوەندییەكانی كورد و وڵاتی پۆڵۆنیا.

لەسەرەتای باسدا، پێشكەشكاری سەمینار باسی لەو بارودۆخە سەخت و دژوارانە كرد كە وڵاتی پۆڵۆنیا بە درێژایی جەنگی سارد لە نێوان تەوژمی ئەمریكا و یەكێتی سۆڤییەتدا ڕووبەڕووی بۆتەوە.

 

جەنگی جیهانی دووەم و هێرشە دوژمنكارییەكان بۆ سەر پۆڵۆنیا بووبە هۆی داڕومانی سەقامگیری و ئاسایش و دواتریش بەو هۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی زۆر لە وڵاتەكە كەوتەوە.

لە پەنجاكان و شەستەكاندا تراژیدیای گەورە بەهۆی هەژموونكاری شیوعییەكانەوە لە پۆلەندا كەوتەوە، ئەوەش بارگرژی و خۆپیشاندانی گەورەی لێكەوتەوە و متمانە و هاوكاری نێوان گەل و دەسەڵاتی زۆر كەمكردەوە.. ئەمەش بنەمایەك بوو بۆ ئەوەی لە شەستەكاندا هەمان دۆخ درێژە بكێشێت.

 

لە هەشتاكاندا لە شاری دانسك، خۆپیشاندانی كرێكاران گەیشتە ترۆپك، بە تایبەتی دوای ئەوەی حوكمی عورفی لەلایەن دەسەڵاتەوە بەسەر خەڵكدا سەپا، ئەوەش بارگرژی زۆری لێكەوتەوە. ئەمە لە كاتێكدا بوو بەهۆی شیوعییەتی پۆڵەنداوە، وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكاش گەمارۆی ئابورییان خستبۆ سەر پۆڵەندا، بەرئەنجامەكەشی داڕمانی ئابوری و گەندەڵی فراوان بوو. لەو سۆنگەیەوە پرۆفیسۆر رۆڵی شەری سارد و خۆپیشاندانە سەندیكایی و قوتابی و كرێكارییەكان و كاریگەری كلێسای كاسۆلیكی بەسەر ئەو وەرگۆڕانە سیاسییانەوە ڕوونكردەوە.

 

سەمیناریست لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا، ئەزموونی ڕاپەڕینی گەلی كوردستانی لە ساڵی 1991 بە ئەزموونی پۆڵەنداوە بەستەوە و هاوشێوەبوونی هەردوو وڵاتیشی بە ئەزموونی وڵاتی ڕواندا بەراوردكرد.

 

لەبەشێكی دیكەی بۆچوونەكانیدا، ئەو رێگە و میتۆدانەی شیكردنەوە كە چۆن ئاشتەوایی و ئاشتبوونەوەی نیشتمانی لە وڵای پۆڵەندا سەركەوتوو بوو و بووبە هۆی پێگەیشتنی كۆمەڵگەیەكی سەقامگیر بەرەو دیموكراتیزەكردنی كۆمەڵگەی پۆڵەندی.

 

جێی باسە بەشێكی گرنگی كاتی سەمینار بۆ بۆچوون و قسەی ئامادەبووان و تێبینیكاران تەرخانكرا و ئەوەش گفتوگۆی لێكەوتەوە.