ڕای گشتیی عێراق لە ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێراندا

ڕای گشتیی عێراق لە ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێراندا


منقذ داغر , , سیاسەت



 

ڕۆژی چوارشەممە 24-7-2019 ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان -كوردستان IRDK، سەمینارێكی لەبارەی هەڵوێست و هەڵسوكەوتی نوێی ئەمریكا بەرانبەر كۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ بەرپرسی پەیمانگای گالۆپ بۆ ڕاپرسی لە عێراق (د.منقذ داغر) بەست.

 

داغر لەسەرەتای سەمیناردا ڕوونیكردەوە: لەدوای ساڵی 2003ەوە پەیمانگاكەیان سەدان ڕاپرسی و توێژینەوەی لەسەر بارودۆخی سیاسیی عێراق لە هەموو ناوچەكانی ئەو وڵاتەدا ئەنجامداوە. لە سەمینارەكەشدا جەخت لەسەر ڕای گشتیی خەڵكی عێراق بەرانبەر هەریەك لە ئەمریكا و ئێران كرایەوە.

تا دێت ململانێی سیاسی و سەربازی لە ئاستی قەیرانی نێودەوڵەتیدا لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا بەهێزتر دەبێت. عێراق وەكو جوگرافیایەكی گرنگ لەنێو ئەو ململانێیەدا دەشێت ببێتە گۆڕەپانێكی گرنگ و بەكارهێنراو لەو ململانێ سەربازی و سیاسییەدا.

داغر پێیوایە لە دوو ساڵی رابڕدوودا ڕای گشتیی عێراقی چەند گۆڕانكارییەكی تێدا ڕووداوە، كە ڕەنگدانەوەی هەبووە بەسەر كەتوار (واقع)ی سیاسییەوە. ئەم ڕایە گشتییە دابەشبووە بەسەر سێ پێكهاتەدا وەك شیعە و سوننە و كورد، هەرسێ پێكهاتەكەش جگە لە هاوڕاییان بەرانبەر گەندەڵی و ئاستی خزمەتگوزارییەكان، لەبەرانبەر باس و دۆزە سیاسییەكانی دیكەی عێراق هاوڕا نین و لێكجوودان.

لەدوای ئازادكردنی ناوچەكانی ژێر دەستی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، سێ گۆڕانكاری لە ڕای گشتیدا هەستی پێدەكرێت: یەكەم، تاكو ساڵی 2017 سوننەكان هەستیان بە ستەم دەكرد، بەڵام لەو ساڵەوە هەستی گشتیی سوننەكان بەرەو گەشبینی و هیوا ڕۆیشتووە، ئەوەش بۆ ئەو دیاردە دەروونییە دەگەڕێتەوە كە بەهۆی هەڵگرتنی گەمارۆ و فشارەكانی داعشەوە لەسەر ناوچە سوننەكان درووستبووە. دووەمیان ئەوەیە كە زۆربەی ئەوانەی لە عێراقدا لە حكومەت و سەرۆكوەزیران نیگەران و دڕدۆنگن، ئەوانەن كە لە پێكهاتەی شیعەن. واتا شیعەكان زیاتر ناڕازین بەرانبەر بە كردەی سیاسی و ئیدارەدانی وڵات. لەبەرانبەردا كورد لەو كاتەوە زیاتر پشتیوانی سەرۆكوەزیران و حكومەتی عێراقە. سێیەمیان ئەوەیە لەسەر ئاستی هاوپشتی و نزیكبوونەوە لە هێزەكانی دەرەوە گۆڕانكاری ڕوویداوە بەرانبەر بە ئەمریكا و ئێران. جگە لەوانەش لە پانتایی ڕاپرسییەكاندا خودی جیاوازییەكان لە نێوان ناوچە جیاوازەكانی نێو یەك گرووپی ئەتنی و ئاینی زۆرترن لە هەندێ ناوچەی گروپی ئەتنی و ئاینییە جیاوازەكان.

بەپێی ڕاپرسییەكان بە رێژەی %80ی عێراقییەكان پێیانوایە هەڵوێستی عێراق ڕووە و ململانێی ئەمریكا و ئێران هەڵەیە، لە بەرانبەردا %19 پێیانوایە سیاسەتی عێراق لەو ململانێیەدا درووستە. ئەوانەی كە لەو سیاسەتە ناڕازیشن زۆربەیان شیعەكانن، لە كاتێكدا پێشتر شیعەكان پێیانوابوو عێراق لەسەر ڕێگەی ڕاستە.

لە ساڵی 2006دا زۆربەی شیعەكان بە رێژەی %75 پێیانوابوو ئێران هاوبەشی ڕاستەقینەی عێراقە، بەڵام ئەم ڕێژەیە ئێستا زۆر دابەزیوە. زۆربەی شیعەكان ئێستا لەبەرانبەر ئێران نیگەرانن.  بەڵام هێشتا ئێرانیان پێ باشترە لە ئەمریكا، لە بەرانبەردا كورد و سوننەكان ڕۆڵی ئەمریكا زیاتر بە ئەرێنی دەزانن لە عێراقدا.

لە بەشێكی دیكەی سەمینارەكەدا هەڵوێستی ڕِای گشتیی عێراقی بەرانبەر بە حەشدی شەعبی ڕوونكرایەوە، كە تێیدا بەپێی ڕاپرسییەكان سێ بەشی شیعەكان دژی فەیلەقی قودس و حەشدی شەعبین لە عێراقدا. ئەوە جگە لە ناڕازیبوونی كورد و سوونە كە بە ڕێژەیەكی زۆر بەرزترە.

 باسی قەیرانی نێوان ئەمریكا و ئێران بەشێكی دیكەی سەمینارەكە بوو. بەرپرسی دەزگای ڕاپرسیی گالۆپ پێیوایە ئێران بۆ دانووستان لەسەر هەموو پرۆژە موشەكی و ناوكییەكانی مل دەدات، بەڵام كە دانووستان ناكات بەو هۆیەوەیە ئەمریكا چەندین خاڵی بۆ دیاریكردووە، گرنگترینیان سنوورداركردنی هەژموون و چالاكییەكانییەتی لە ناوچەكەدا، بێگومان ئێران بەوە ڕازی نیە. ئێران ناتوانێت دەست لە هەژموونی خۆی بە ئامرازی (نەرمە هێز) بەربدات. چونكە ئەم لایەنەی هێز بەلای ئێرانەوە زۆر گرنگ و كار لەسەركراوە، كە شیعەگەری پایەیەكی سەرەكییەتی.

 

هەروەها جگە لە باسی ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران لە مێژوو و  ئێستادا، لە بەشی دووەمی سەمیناردا نووسەر و ئەكادیمی و پسپۆرانی زانستە سیاسییەكان، قسە و تێبینی و زیادكردنی ڕای خۆیان خستە بەر دیدەی توێژەر و ئامادەبووان.