هەڵسەنگاندنی پرۆژەی چاکسازیی ئابوریی کوردستان لە ژێر ڕێنماییەکانی بانکی جیهانی

هەڵسەنگاندنی پرۆژەی چاکسازیی ئابوریی کوردستان لە ژێر ڕێنماییەکانی بانکی جیهانی


د. لەتیف واحید , , ئابوری و دارایی



بەرنامەی چاکسازی ئابوری کوردستان لە ژێر ڕێنماییەکانی بانکی جیهانی بەرنامەیەکی دیکەیە لە ڕیزی ئەو بەرنامە چاکسازیانەی تا ئێستا خراونەتە ڕوو بۆ دەربازبوون لەو قەیرانی ئابوری و داراییەی هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت. جیاوازی ئەم پرۆژەیە لەگەڵ پرۆژەکانی پێشووی دیکە، سیفەتی گشتگیریەکەیەتی کە هەموو لایەنەکانی ئابوری و دارایی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

بانکی جیهانی (The World Bank) لە مەڕ ڕێنماییکردنی وڵاتانی هەژاردا مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە. زۆربەی جار ڕێنماییەکان و مەرجەکانی یارمەتیدانی وڵاتانی هەژار، دووبارە بوونەتەوە. بۆیە جێگەی سەرسوڕمان نیە کە ڕێنماییەکانیان بۆ هەریمی کوردستان لەو چوارچێوەیە دەرنەچێت. پرۆژەکەی چاکسازی ئابوری کوردستان لەم خاڵانەی خوارەوە کۆدەبێتەوە:

1)      پشتبەستن بە داهاتی نەوت و گاز،

2)      ڕۆڵی بەرزی کەرتی گشتی (حکومی) لە ئابوریدا،

3)      پشتبەستن بە هاوردەکردنی کەل وبەل،

4)      سیستەمێکی لاوازی دارایی و بانکی و پشتبەستن بە ئابوری پارەی کاش.

نەخشە ڕێگای چاکسازی ئابوری هەرێمی کوردستان

بە شێوەیکی گشتی بۆچوونەکان و ڕێنماییەکانی بانکی جیهانی بۆ حکومەتی کوردستان بۆ مەبەستی چاکسازی ئابوری هەرێمی کوردستان لەم خاڵانەی خوارەوە کۆدەبێتەوە:

1)      بچووککردنەوەی قەبارەی حکومەت و کەمکردنەوەی کارمەندانی: 2016-2019

2)      کەمکردنەوە و بنەبڕکردنی هەموو کۆمەکەکانی حکومەت بۆ کەرتەکانی ئابوری بەتایبەت کارەبا و کشتوکاڵ: کارەبا  2016-2019، کشتوکاڵ 2016.

3)      بەرزکردنەوەی داهاتی حکومەت بە کەمکردنەوەی ئابوری نافەرمی و بەرزکردنەوەی ڕێژەی باج: 2016

4)      چاکردنی کەرتی دارایی و بانکی: 2016

5)      چاکسازی کەرتی کشتوکاڵ: لەناوبردنی باجی هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵێکان، برەوپێدانی توێژینەوەی کشتوکاڵی، ئاسانکردنی پرۆسەی ئیجازەی کشتوکاڵی: 2016-2018

6)      فرە سەرچاوەکردنی ئابوری و کار دروستکردن؛ هاندان و پاڵپستکردنی کەرتی تایبەت (هاندانی دەستپێشخەری پیشەسازی  ، چاکسازی یاسای کار، بەرزکردنەوەی ئاستی کارامەیی کرێکاران، هاندانی کەرتی تایبەت بۆ پیشەسازی..هتد): 2016-2019.

فەلسەفەی پرۆژەکەی بانکی جیهانی

فەلسەفەی ئەم پرۆژەیە فەلسەفەی بازاڕی ئازادە کە پشت دەبەستێت بە ئایدۆلۆجی لیبراڵی نوێ. بە بۆچوونی ئەم فەلسەفەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتدەبەستێت بە داهاتی نەوت و گاز و ئەم جۆرە حکومەتە پێی دەگوترێت حکومەتی کرێوەرگر (Rentier State). حکومەتێکی لەو چەشنە دەبێتە مایەی گەندەڵی و سامان بە فیڕۆدان. دەستێوەردانی ئەم جۆرە حکومەتە لە ئابوری وڵاتدا شێواندنی سامانی نیشتمانی بۆ وەبەرهێنان دەهێنێتە کایەوە. لە فەلسەفەی ئەم بٶچوونەدا، بازاڕی ئازاد تاکە سەرچاوەی گەشەکردنی ئابوری و کۆمەڵایەتیە. نموونەی ئەو سیستەمە سەرمایەداریەی کە ئەم پرۆژەیە بانگهێشتی بۆ دەکات ئابوری ئەمریکا و وڵاتە پیشەسازیە پێشکەوتووکانە. ئەم ئایدۆلۆجیە ڕێپیشاندەری سیاسەتەکانی بانکی جیهانی بوو بۆ وڵاتانی گەشەکەر لە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردوودا کە ناسراوە بە سیاسەتی ڕێکخستەنەوەی پەیکەری (هەیکەلیەت) (Structural Adjustment).

کێشەکانی ئەم پرۆژەیە

جێبەجێکردنی سیاسەتێکی گشتگیری لەو چەشنە پێویستی بە حکومەتێکی بەهێز و دەسەڵاتدار هەیە. سەرەڕای ئەوە، زۆربەی ئەو سیاسەتانە بەرژەوەندی توێژێکی کۆمەڵایەتی بەرفراوان دەگرنەوە و ماوەی جێبەچیکردنی ئەو سیاسەتانە، گەر بشکرێت، زۆر کورتن. بەداخەوە، سیاسەتی مشەخۆری حکومەتی کوردستان لە مەڕ دابەشکردنی سامان و نەبوونی باج بوونەتە کەلتور و کەلتور گۆڕینیش زۆر گرانە و کارێکی هەستیارە. ئەگەری بەرهەڵستی کۆمەڵایەتی هەیە و لەم کاتە ناسکەدا باروۆخی کوردستان لەوە ناچێت لەبار بێت بۆ جێبەجێکردنیان.

جگە لەمانە ئەم پرۆژەیە گەلێک کێشەی زانستی ئابوری تێدا بەدیدەکرێت. لە وانە، بازاڕی ئازاد بەو مانایەی ئەم پرۆژەیە ئەیخاتە ڕوو لە هیچ جێگەیەکی جیهاندا بوونی نیە. باشترین نمونە دەستێوەردانی حکومەتەکانی ئەوروپا و ئەمریکایە لە بازاڕدا لە کاتی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی ساڵی 2008 دا. بۆیە بەبێ ڕۆڵی حکومەت و لە سایەی سییاسەتێکی لەو جۆرەدا کوردستان ناتوانێت هیچ پیشەسازیەک گەشەپێبدات. ئەزموونی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ئەوە پیشان دەدەن کە گەشەکردنی ئابوری لە ژینگەی بازاڕی ئازاددا بە بێ پێشڕەوایەتی حکومەت ئەگەری سەرکەوتنی زۆر ئاستەمە. بۆیە حکومەتی کوردستان لە بری حکومەتی کرێ وەرگر و ئەو حکومەتەی ئەم پرۆژەیە پێشنیاری دەکات دەبێت حکومەتی گەشەکەر هەڵبژێرێت گەر بیەوێت ئابوری کوردستان گەشپێبدات. بەرپرسیارێتێکانی حکومەتێکی گەشەکەر پێکدێن لە دەستپێشخەری و بەرهەمهێنان و برەوپێدانی تەکنەلۆجیا و دامەزراندنی ئەو پێشسازیانەی کە لە بەرژەوەندی نیشتماندا هەن بەڵام بازاڕی ئازاد دایاننامەزرێنێت. بە کورتی ئەم پرۆژەیە ڕەچاوی قۆناغی گەشکردنی ئابوری و کۆمەڵایەتی کوردستانی نەکردووە.